باسی خەبەرزانینی خوسرەو لە مردنی باوکی
از کتاب:
شیرین خوسرەو
اثر:
کمالی (1886-1974)
2 دقیقه
58 مشاهده
ڕۆژێ لە ڕۆژان خوسرەو سەرخۆش بوو
لە دووری شیرین زۆر بەپەرۆش بوو
قاسیدێ لەپڕ ڕووی کردە دیوان
گوتی بە خوسرەو شازادەی کەیان
شاهی مەدائین دەرچوو لە دونیا
خاڵییە تەختی پادشا ئێستا
خوسرەو ئەمەی بیست هیچ چارەی نەما
زانی مانەوەی خەتایە خەتا
بێ سەبر و ئارام شاهی جەوان بەخت
چوو بۆ مەدائین دانیشت لەسەر تەخت
بە عەدل و داد و بە چاکە و ئیحسان
زیندووی کردەوە ناوی نەوشیروان
وەختێ تەعزییە و پرسە تەواو بوو
بە کەنیزانی حەرەمی فەرموو
بیستم کچێکی پر مەکر و پر فەن
هاتووەتە ئێرە لە شاری ئەرمەن
عەرزیان کرد گوتیان بەڵێ لێرە بوو
شاپوور هات بردی بەتالووکە زوو
خوسرەو ئەمەی بیست گەلێ بوو غەمگین
زویر و نزار بوو لە دووری شیرین
ئەمجا بێینەوە سەر باسی شیرین
کە ڕۆیشتەوە شۆخی نازەنین
کەنیزەکان و قەومان و خوێشان
کە لە دووری ئەو بووبوون پەرێشان
کەوتنە خاکی پێی کردیان شوکرانە
زۆر ئیحسانیان کرد بۆ ئاتەشخانە
کە موهین بانوو خەبەری زانی
وەخت بوو لە خۆشیا دەر بچێ گیانی
هەڵسا لە دیوان بە دڵێکی خۆش
چوو بە پیرییەوە گرتییەوە باوەش
بەڵام ئەبەدەن هیچ نەیدا لە ڕووی
نەیگوت ئەی شیرین ئایا بۆ کوێ چووی
چونکە دەیزانی شیرینی نازدار
بە داوی خوسرەو بووە گرفتار
شیرین لەپاشان لەگەڵ کەنیزان
دیسان دەستی کرد بە ڕاو و سەیران