باسی ڕۆیشتنی خوسرەو بۆ شاری ئەرمەن

از کتاب:
شیرین خوسرەو
اثر:
کمالی (1886-1974)
 3 دقیقه  101 مشاهده
کاتێ کە شیرین لە خوسرەو دوور بوو
خوسرەو زۆر مات و زویر و ڕەنجوور بوو
ڕۆیشت بە تەعجیل گریان و ناڵان
هەتا گەیشتە حدوودی کوێستان
کە دی سەوزەگیای تەڕ و تازە بوو
گوڵ و ڕێحانەی بێ ئەندازە بوو
نازەنینانی شۆخی دڵپەسەند
بە ڕووی خوسرەو، بوون زۆر ئارەزوومەند
لەوێ ڕایبوارد بە کەیف و خۆشی
لەگەڵ کەنیزان بە بادەنۆشی
هەرچەندە مایەی عەیشی تەواو بوو
بەڵام بۆ شیرین دڵ پڕ زوخاو بوو
لەپاش چەند ڕۆژێ ڕۆیشت بۆ «موقان»
لەوێشەوە زوو چوو بۆ خوزستان
لەگەڵ سوپاهـ و جاهـ و جەلالی
موهین بانوو چوو بۆ ئیستیقبالی
بردی بۆ دیوان بە قەدر و حورمەت
کردیانە بەری ئەنواعی خەلعەت
دایاننا لەسەر تەختی زەڕنیگار
نایانە سەری تاجی شەهریار
خوسرەو مایەوە بە دڵی غەمگین
عاجز بوو لەتاو فیراقی شیرین
شیرینیش لەولا دڵ پڕ لە کەدەر
مایەوە مانگێ تەواو سەرانسەر
خەبەری زانی بە بیانووی شکار
خوسرەو ڕای کردووە لە دەست شەهریار
لە خەو و خۆراک بێ سەبر و قەرار
غەم لەبانی غەم لەسەری بوو بار
لە پاش موددەتێ شیرین ئەمری کرد
گوتی قەسرێکم بۆ بکەن دەستوبرد
لە جێیەکی خۆش لەسەر کۆساری
شاخێکی بەرز و خۆش هەواداری
چونکە مەدائین زۆر گەرمەسێرە
لە تاوی گەرما دەسووتێم لێرە
کەنیزەکەکان گوتیان شیرین گیان
شازادە ئەمری فەرمووە پێمان
لەسەر شاخی بەرز خۆش و باسەفا
قەسرێ بکەین بۆت ئێمە موهەییا
ئەو کەنیزانە حەسەدیان دەبرد
چەند وەستایەکیان هێنا دەستوبرد
گوتیان دەخیلە مەردانی دانا
موهەندیسانی ئازا و توانا
جادوویە هەیە پڕ مەکر و پڕ فەن
تازە هاتووە لە شاری ئەرمەن
لە ساحیریدا هێند پڕ کەماڵە
سیحری سامیری لەلای بەتاڵە
لەسەر شاخێکی خۆشئاو و هەوا
قەسرێکی کردووە لە ئێمە داوا
بچن لە جێیەک کە بەدهەوا بێ
ناساز و پیس و یەکجار گەرما بێ
قەسرێ دروست کەن لە گەچ و لە سەنگ
مانەندی زیندان با ببێ دڵتەنگ
دەدەین بە ئێوە بە خەروار و بار
زێڕ و زیوی زۆر درهەم و دینار
ڕۆیشتن ڕۆژێ لە کرماشان دوور
لە ئاوەدانی و شاری جیهان دوور
قەسریان دروست کرد گەرم و بەدهەوا
پڕ لە مێشوولە و مێش و ڕەشەبا
کەنیزەکانی بەد و حیلەباز
بردیانە ئەوێ شیرینی تەنناز
شیرین لەوێدا بە دەرد و ئەلەم
لە دووری خوسرەو مایەوە پڕ غەم