باسی گەیشتنی خوسرەو بە شیرین لەسەر چەشمەسەراو
از کتاب:
شیرین خوسرەو
اثر:
کمالی (1886-1974)
4 دقیقه
110 مشاهده
کە شاپووری نارد بۆ ئەرمەن خوسرەو
هەر چاوەڕوان بوو بێ خۆراک و خەو
هورموز خوسرەوی زۆر لا بوو نازدار
بەڵام چاوی بەد ئاخر لێی کرد کار
خەریک بوو خوسرەو بگرێ بێ تاوان
زنجیری بکات بیخاتە زیندان
کە «بوزورگ ئومێد» خەبەری زانی
چوو بۆ لای خوسرەو زوو بە پەنهانی
گوتی لەگەڵ تۆ باوکت هورموزشا
فکری خراپە وریا بە، وریا
هەڵسە زوو بڕۆ تەرکی دیار کە
لە دەستی باوکت خۆت ڕستگار کە
خوسرەو کە زانی بەم بەندوباوە
باوکی لە حەقی فکری گۆڕاوە
چووە قەسرەکەی لای کەنیزەکان
وەسێتی کرد و پێی گوتن ئەلئان
یەکجار عاجزم غەمبارم زویر
دەمەوێ بچم بۆ ڕاوی نێچیر
لەپاش من ئەگەر ئافرەتێکی جوان
هات و لەلاتان دەبێ بە میوان
پێشوازی بکەن بە قەدر و حورمەت
بە دڵ و بە گیان باش بیکەن خزمەت
ئەگەر لەم قەسرە گەرمای بوو خێرا
قەسرێکی تری بۆ بکەن لە سەحرا
ئەمەی گوت سواری ئەسپەکەی بوو زوو
لەگەڵ غوڵامان ڕوو بە ئەرمەن چوو
سەحرایان تەی کرد مەنزڵ بە مەنزڵ
هیلاک بوون لەتاو گەرما و تۆز و گڵ
لەو سەحرایەدا شیرینی لێ بوو
وڵاغەکانیان تەواو بوون ماندوو
خوسرەو ئەمری کرد گوتی یەک سەعات
لەم سەحرایەدا بکەن ئیسراحەت
لەوێ دابەزین خوسرەو بە تەنیا
دەگەڕا لەناو لالە و سەوزەگیا
سەیری کرد کچێک وەک مانگی تابان
خۆی دەشوا لەناو چەشمەدا عوریان
زوڵف و پەرچەمی دەکرد بە شانە
وەنەوشەی لەسەر گوڵ دەکرد دانە
لە عیشقی سینەی کە وەک بلوور بوو
خوسرەو ناو جەرگی ئاگری سوور بوو
شەودێزیش لەولای چەشمەسارەوە
بەسرابووەوە کە بە دارەوە
خوسرەو لە دڵدا کردی تەمەنا
گوتی چی دەبوو لە داری دونیا
ئەم کچە کە وەک مانگی تابانە
لەگەڵ ئەم ئەسپە لایەق و جوانە
هیی من بوونایە بەختیار دەبووم
گەلێ موستەریح تاڵعدار دەبووم
ئاگادار نەبوو شەودێز و شیرین
بۆ ئەو ناردوونی ڕەبولعالەمین
شیرینی ئەرمەن وەختێ دی خوسرەو
لە دوور وەستاوە دەکا سەیری ئەو
بە پەلکی خاوی، لەشی کرد پەنهان
وەک شەو داپۆشێ خورشیدی تابان
لەبەر حەیای خۆی لە شەرما شیرین
ئەندامی سەرپاک بەربووە لەرزین
خوسرەو مەردانە شەرمی کرد خێرا
ڕووی لە شیرینی ئەرمەن وەرگێڕا
فرسەتی زانی شیرین دەستوبرد
هاتە درەوە جلی لەبەر کرد
بەڵام لە دڵی خۆیشیدا شیرین
لێکیدایەوە گوتی بە یەقین
ئەم شۆڕەسوارە دەبێ خوسرەو بێ
تەحقیق دەزانم هەر دەبێ ئەو بێ
نیشانی لەعلی کە پێوە نەبوو
شیرینی ئەرمەن سەری لێ تێکچوو
نەیزانی کەوا هەنگامی سەفەر
خوسرەو ئاوەژوو جل دەکاتە بەر
کە خوسرەوی دی بە ئەوەڵ بینین
شێت و عاشقی باڵای بوو شیرین
خەیاڵی هەبوو کە بچێ بۆ لای
ڕۆحی شیرینی بکات بە فیدای
لەپاشان گوتی باش نییە ئێستا
لەم دەشتە چۆڵە بەتاقی تەنیا
گەر بچم بۆ لای تا ئاخر زەمان
من بەدناو دەبم لەسەر ڕووی جیهان
سواری شەودێز بوو بە یەک چاولێکنان
بەغار ڕووی کردە چۆڵ و بیابان
لەپاش سەعاتێ خوسرەوی پەروێز
سەیری کرد نە کچ ماوە نە شەودێز
موتەحەیر بوو ژێر درەختەکان
یەک یەک دەگەڕا هیچ نەیدی نیشان
بە سەریا دەدا بە شین و زاری
هاواری دەکرد بە بێقەراری
جاربەجار دەیگوت یەقین پەری بوو
کە لەبەر چاوم خۆی شاردەوە زوو
خولاسە شیرین شەودێزی تاو دا
کاتێ گەیشتە بەر قەسری کیسرا
حۆری نەژادان کەنیزانی چین
وەختێ کە دییان جەمالی شیرین
موتەحەیر بوون چوونە پێشوازی
لە حەسوودیان لێویان دەگەزی
ئەموستیلەکەی دەرحاڵ نیشاندان
بە قەدر و حورمەت بردیانە دیوان
کردیان پرسیاری ناو و نیشانی
گوتیان لە کام جێ و لە کام مەکانی
شیرین لە دڵدا دەترسا لێیان
درۆ و دەلەسەی زۆری گوت پێیان
گوتی سەبر کەن بێتەوە خوسرەو
شەرحی حاڵی من بۆتان دەکا ئەو
لەسەر تەختی زێڕ شیرینیان دانا
ئەسپیان بەستەوە لە تەویلەی شا
با شیرین لێرە بکات خوورد و خەو
بۆ شاری ئەرمەن وا دەچێ خوسرەو