باسی هاتنی تەمینە کچی پادشاهـ بۆ چاوپێکەوتنی ڕۆستەم
از کتاب:
ڕۆستەم و زۆراب
اثر:
کمالی (1886-1974)
5 دقیقه
76 مشاهده
کچی پادشاهـ سەودای کەوتە سەر
بە ڕوخسار وەکوو مانگی منەوەر
برۆی قەترانی قەڵەم کەشیدە
برژانگی ئەڵماس سوورمە نەدیدە
زوڵفی سیاهمار خاڵانی جەوهەر
لێوی وەک لەعل ددانی گەوهەر
بە باڵا وەکوو مەلەک و پەری
ئەدرەوشا وێنەی زوهرە و مشتەری
لەسەر هەتا پێی، زەڕە نەیبوو عەیب
درووستکرابوو لە کارخانەی غەیب
وەختێ نیوەشەو کە لە خەو هەڵسا
لیباسی جوانی بە بەدەن پۆشا
خۆی ڕازاندەوە وەک کۆمەڵی نوور
وەکوو خۆر شوعلەی پەیدا بوو لە دوور
کە شەو نیوە بوو هەڵساوە دەر دەم
چووە ژوورەوە بۆ سەیری ڕۆستەم
وەک مانگی چواردە چوو دانیشت لە لای
بە پەنچەی ڕەنگین شێلای دەست و پای
کە لە خەو هەڵسا ڕۆستەمی دەستان
دی دانیشتووە مانگێکی تابان
ڕۆستەم وتی پێی ئەی دیدەشاباز
بۆچی تۆ هاتووی چیتە تۆ نیاز؟
وتی پەهڵەوان گوێ بدە ڕازم
لە خدمەت تۆدا وایە نیازم
لە ڕاز و قسەم تو خوا مەگرە عەیب
ئەڵبەت مەعلوومە لە کارخانەی غەیب
ئاواتەخواز بووم دڵ پڕ دەرد و غەم
بە چاو ببینم من باڵای ڕۆستەم
ئەمە چەند ساڵە من ئارەزوومە
هەر چاوەڕوانی دیداری تۆمە
بیستم چووی بۆ ڕاو گوورت گرتبوو
پاش خواردن مەیلی خەوت کردبوو
من دە سوارم نارد بە تەعجیل و دەو
ئەمرم پێ کردن نەکەن خورد و خەو
بەڵکوو ڕەخشی تۆ بگرن بە ئەسیر
بیهێنن بۆ لام زوو بەبێ تەقسیر
هەتا بە شۆنیا تۆ بێیت بتبینم
مەقسەدم وا بوو ڕۆحی شیرینم
ڕێگای حەوتخوانت تۆ کرد یەختەسار
تەیی دنیات کرد بە تەنیاسوار
نە «ئالکووس»ی تورک نە ئەفراسیاب
هیچ کەس لە مەیدان تۆ نەیکرد شتاب
ئێران و توران هێناتە ژێر دەست
چەند هەزار شێرت بە زەربی مشت، کوشت
ئەمانەم بیستووە ڕۆژ و مانگ و ساڵ
ئارامم نییە تۆم وا لە خەیاڵ
ئێران و توران هەر تۆی وا تێدا
وێنەی من بۆ تۆ کچ نابێ پەیدا
هیچ کەس نەیدیوە قەد و باڵای من
حوسن و جەماڵی خاڵی ئاڵای من
ئەگەر لە باوکم داوای من بکەی
ئەمجا گۆی مەردی لە دنیا ئەبەی
کوڕێ لە من و لە پشتی تۆ بێ
ئێران و توران ئەبێ گشت کۆ بێ
کچی پادشای سەمەندگانم من
هەڵبژێرراوی ڕووی جیهانم من
شاهانی دنیا ئاواتخوازمن
پێکراوی تیری غەمزەی نازمن
ئەمەی وت ڕۆیشت سەروی خەرامان
تەنها مایەوە ڕۆستەمی دەستان
ڕۆستەم سبەینێ دانیشت لە مەقام
داوای کرد وەزیر خاوەن عەقڵ و فام
هەموو بەگلەران مەرسەعی کەمەر
هاتن بۆ مەجلیس گشت دەستەونەزەر
وەزیرێکی نارد بۆ لای پادشا
وتی لە مەجلیس حازر بێ ئێستا
پادشا ئەمەی کە بیست دەر زەمان
هیچ نەیگرت قەرار زوو هاتە دیوان
هاتە خزمەتی جیهانپاڵەوان
سەلامی لێ کرد دانیشت لە دیوان
ڕۆستەم جا وتی شاهی جیهاندار
عەرزێکم هەیە دڵت نەبێ زار
ئێستا من و تۆ با بکەین تەدبیر
شەرت و پەیمانێ بکەین بێ دڵگیر
گوڵێ لە باغت کەرەم کە پێمان
هەتا گەورەییت مەعلووم بێ لێمان
شاهـ ئەم قسەیەی کە بیست لە ڕۆستەم
لە خۆشی سەری چووە چەرخی حەوتەم
وتی پاڵەوان چی تۆ مەیلتە
کچ و تەخت و تاج گشت توفەیلتە
قازی تەڵەب کرد دەر لەحزە و دەر دەم
مارەی تەمینەی بڕی لە ڕۆستەم
زەماوەندیان کرد چەند ڕۆژ بە کەرەم
جیهانپاڵەوان ڕۆیشتە حەرەم
ڕۆستەم حەیرانی گۆنای ئاڵی بوو
سەرسام لە جەمال زوڵف و خاڵی بوو
گاهـ ماچی ئەکرد لە گەردنی بێگەرد
گاهـ دەستی لەسەر شەمامانی زەرد
ئەو شەوە جووتبوون بە کامەرانی
زۆر کەیفیان کرد بە شادمانی
لە بازوویدا بوو ڕۆستەمی دەستان
دانە گەوهەری قیمەتی جیهان
گەوهەرێ کەوا دانەی دیار بوو
دوڕی خەزێنەی کەیکاووس شا بوو
ڕۆستەم کردییەوە لە بازووی دەر حاڵ
دای بە تەمینەی بە حوسن و جەماڵ
وتی گەر خودا خالقی عالەم
کوڕێکی پێ دای لە نوتفەی ڕۆستەم
تۆ ئەم گەوهەرە بکەرە بازووی
با هەڵی بگرێ نیشانەی بابووی
خۆ ئەگەر کچ بوو لە زولفی بەستە
هەتا وەختی خۆی ئەمجا بووەستە
وەختێ سبەینێ کە لە خەو هەڵسا
ئەسڵەحەی هەڵگرت، خوفتانی پۆشا
ڕەخشی زین کرد و دەر حاڵ بوو سوار
هیممەت خوازی کرد لەلای شەهریار
بە یەلغار و تاو چووەوە ئێران
هاتنە پێشوازی هەموو دلێران
شاهـ وتی ڕۆستەم تۆ نەبووی دیار
بە بێ تۆ ئێران ئەکەن یەختەسار
بە بێ تۆ عەمرم پوچ و هەبایە
تاج و تەختی من بە تۆ ڕەوایە
ڕۆستەم عەرزی کرد تۆ نیتە خەبەر
ماجەرای سەیرم من هاتووە بەسەر
لە دەشتی شکار شای ئەفراسیاب
کردم ئارەزووی خواردنی کەباب
گوورێکم کوشت و برژاندم یەکسەر
تێرم خوارد و خەوتم بێ خەبەر
خەبەرم بووەوە ڕەخش نەمابوو
سەری سێ نەفەر لە بێخ کەنرابوو
پیشم خواردەوە سەرسام بووم بەقین
بەدوای ڕەخشا چووم بۆ توران زەمین
لە شارێک کەوا «سەمەند»ی ناو بوو
زۆر بە ئاسانی ڕەخشم پەیدا بوو
لەلای پادشایەک شەو بووم میوان
بە کەیف و زەوق و بە دڵی شادان