باسی لەدایکبوونی زۆراب

از کتاب:
ڕۆستەم و زۆراب
اثر:
کمالی (1886-1974)
 4 دقیقه  59 مشاهده
لە شاری «سەمەند» تۆ بێنە ئەحواڵ
باسی تەمینە شۆخی سەوسەنخاڵ
دائیم بۆ ڕۆستەم پەرێشانحاڵ بوو
دەروون پڕ دەرد و جەستەی زوخاڵ بوو
باری حەملی بوو نۆ مانگ بوو تەمام
کوڕێکی هێنا «زۆراب»یان نا نام
زوو مژدەیان برد بۆ ڕۆستەمی زاڵ
کە کوڕێکت بوو پڕ حوسن و جەماڵ
ڕۆستەم کە بیستی زۆر بە دڵخۆشی
ئاڵتون و زیو و گەوهەری بەخشی
فەرمووی خەزنەدار زێڕ و جەواهیر
باریان کرد لە ئەسپ وەک سەنگی باهیر
دانەی یاقوت و خەزێنە بەبار
ناردی بۆ توران بۆ کوڕی نازدار
وتی خەرجی کەن بۆ سەروکاری
خودای تەعالا بێت ئاگاداری
زۆراب بە یەک ساڵ وەک دووساڵە بوو
لە پێنج ساڵیدا سەرقەباڵە بوو
مناڵی ئەگرت ئەیخستە زەمین
دەست و پێی ئەبەست بەقار و بەقین
چونکە لە نەسلی پاکی ڕۆستەم بوو
لەسەر دنیادا مانەندی کەم بوو
بە پەنجەی پڕ زۆر هەڵی ئەکەند سەر
هاوتای هیچ نەبوو لە جنسی بەشەر
تورکان لە دەستی بووبوون سەرگەردان
کەس نەی ئەتوانی لای ببێ یەک ئان
ڕۆژێ پێیان وت زۆڵی بێ حەیا
بێ باوکی ئەحمەق، مادەر بە خەتا
هیچ کەس نازانێ ئەسڵت وا لە کوێ
تۆ لە نوتفەی کێیت بێ شەرت و بێ شوێ
زۆراب ئەمەی بیست بەقار و بەقین
چوو بۆ لای دایکی بە دیدەی گرین
وتی ئەی دایە تو خودای عالەم
ڕاستم پێ بڵێ بە بێ زیاد و کەم
بە شان و بازوو من هونەرمەندم
لەناو مەخلووقا یەکجار پەسەندم
عالەم ئەزانێ من یەکجار مەردم
شێر حەددی نییە بێتە نەبەردم
گەر دێوی مەلعوون بۆم بێتە مەیدان
ڕیشەی ئەکێشم بە عەونی یەزدان
باوکی من کێیە؟ هەر بڵێ ئێستا
هەتا بە دەستم نەبینی سزا
لە من گەرەکتە کام بکەی حاسڵ
باوکم نیشان دە هیچ مەبە خجڵ
دایکی وتی پێی ئەی بەرگوزیدەم
فەرزەندی عەزیز باوک نەدیدەم
بە واتەی ڕەقیب دڵ پڕ قار و ژەنگ
بە قسەی بەدکار دڵت نەبێ تەنگ
کێ بێ لەگەڵ تۆ پەنجەبازی کا
بێتە مەیدانت و ناسازی بکا
باوکت ڕۆستەمە شای کەمەرلاڵە
شێر لەبەر چاوی وەکوو مناڵە
لە حەوتخوانەوە تا مازندەران
پاکی کردەوە لە جادووگەران
جا زۆراب دڵی ساکن بوو لە غەم
لە خۆشیا سەری چووە چەرخی حەوتەم
وتی کە باوکم ڕۆستەم بێ بە خوا
ئێران و توران ئەگرم سەرتاپا
بە تەوفیقی حەق جیهان ئافەرین
من لەشکر ئەبەم بۆ ئێران زەمین
نە گیو نە گودەرز نە زەنگەی پڕ زۆر
نە تووسی نەوزەر نە بارامی گۆر
نە زاڵ و نە دێو نە کاووسی کەی
نە پاڵەوانان موڵکی دەشتی ڕەی
لەگەڵ شای ئێران ئەیان هێنمە دەست
لەپاش ئەمانە وەکوو شێری مەست
لەگەڵ شای تورکان ئەنوێنم عیتاب
ئەچمە سەر تەختی شای ئەفراسیاب
زۆراب لە دایکی ئەمجا دەستوبرد
سوپا و لەشکری زۆری تەڵەب کرد
سوپایان سان دان لە تورکانی چین
لە سمی ئەسپان ئەلەرزی زەمین
دایان لە تەپڵ و کەڕەنا و نەفیر
بار کرا پارە و گەنجی بێ نەزیر
وەختێ حازر بوو سوپای بێ شومار
زۆراب فکری کرد لەچی بێ سوار
دەستی ئەنایە سەر پشتی ئەسپان
سست ئەبوون لەبەر زۆری پەهلەوان
هاتە لای زۆراب جا نەوجەوانێ
وتی لەلامە من مادیانێ
کە ئەو لە نوتفەی ڕەخشی ڕۆستەمە
لە ڕووی دنیادا مانەندی کەمە
ئەو شەوەی ڕەخشی ڕۆستەم لە ماڵ بوو
دایکی ئەو ماینەم ئەوسا بەفاڵ بوو
ئێستا لە نوتفەی ئەسپێ پەیایە
لایەق بە سواری جەنابی شایە
ئەفڕێ وەکوو تەیر ئەڕوا وەکوو با
هەر ئەو ئەسپەیە دڵی تۆ شاد کا
زۆراب وتی پێی ئەو ئەسپە بێنە
بە ئینسافی خۆت گەنجم لێ بسێنە
وەختێ کە ڕۆیشت ئەسپی هێنا زوو
عەینەن بە وێنەی ڕەخشی ڕۆستەم بوو
گەلێ خوشحاڵ بوو زۆرابی ناودار
شوکری کرد بۆ زات خودای کردگار
دەستی بردە سەر باریکی پشتی
ئەسڵەن نەلەخشا لەژێری مشتی
چوون بۆیان هێنا زینی مجەوهەر
لایق بۆ ئەسپی شاهی ئەسکەندەر
وەختێ بەیانی کە خوێندی خورووس
هەڵسا لە سوپا دەنگی تەپڵ و کووس