2- نێر و مێ (gender)

از کتاب:
زمانی یەکگرتووی کوردی
اثر:
جمال نبز (1933-2018)
 4 دقیقه  57 مشاهده
شێوەی کرمانجیی ژووروو بەپێچەوانەی شێوەی کرمانجیی نێوەڕاستەوە، وەک زمانە ئێرانییە کۆنەکان، ڕەسەنی نێر و مێ لە یەک جیا دەکاتەوە. ئەم جیاکردنەوەیەش لە سێ دۆخدایە:

أ- لە دۆخی خستنەپاڵدا (في حالة الاضافةعربی)

بۆ وێنە دەڵێیت: «خوشکا ئازاد xuşka Azad» نەک «خوشکی ئازاد xuşkî Azad» بەڵام دەڵێیت: «باڤێ ئازاد bavê Azad» نەک «باڤی ئازاد bavî Azad». واتا؛ ئامڕازی خستنەپاڵ (أداة الاضافةعربی) دەبێتە «ا a» ئەگەر «مضاف» مێ بێ و دەبێتە «ێ ê» ئەگەر «مضاف» نێر بێ. ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر دووا تیپی «مضاف» تیپێکی بێ دەنگ (حرف صامت) بوو، وەک «خوشک» و «باڤ». خۆ ئەگەر دووا تیپی «مضاف» تیپێکی دەنگدار (حرف علةعربی) بوو، وەک «دا» و «برا»، ئەوا ئامڕازی خستنەپاڵ دەبێتە «یا ya» ئەگەر «مضاف» می بێ دەبێتە «یێ yê» ئەگەر «مضاف» نێر بێ. بۆ وێنە دەڵێیت: «دیا ئازاد diya Azad»، لەجیاتی «دایکی ئازاد» و دەڵێیت: «برایێ ئازاد birayê Azad» لەجیاتی «برای ئازاد».

ب- لە دۆخی کەسی سێیەمدا (في حالة الشخص الثالثعربی)

بۆ وێنە دەڵێیت: «ئەز وی دبینم ez wî dibînim» واتا: «من ئەو «پیاوە» یا ئەو «کوڕە» دەبینم». بەڵام دەڵێیت: «ئەز وێ دبینم ez wê dibînim» واتا: «من ئەو «ژنە» یا ئەو «کچە» دەبینم».

ج- لە دۆخی بانگکردندا (في حالة النداءعربی، vocative)

لەم دۆخەدا «ۆ o» بە کار دەهێنرێ بۆ نێر. وەک: «کوڕۆ kuro»، «باڤۆ bavo» واتا کوڕە-بابە. «ێ ê» بە کار دەهێنرێ بۆ مێ. وەک «کەچێ keçê»، «میمکێ» —واتا: کچێ-پوورێ، هەر وەک کرمانجیی نێوەڕاست.
 
بوونی نێرینە و مێیینە لە زماندا، هەرچەندە هێندێ سوودی هەیە، بەڵام گەلێ جار دەبێتە هۆی قورسکردنی ئەو زمانە. بە تایبەتی کرمانجیی ژووروو بۆ جیاکردنەوەی نێر و مێ دەستوورێکی ئاشکرای نییە تا پێڕەوی بکرێ. لەبەر ئەوە بە بیروڕای من پێویستە نێر و مێ بخرێنە پشت گوێ، وەک زمانە ئەدەبییەکەمان خستوویەتیە پشت گوێ. لەم دۆخەی خوارەوەدا نەبێ کە بە پێویستیان دەزانم.
  1. لە کاتێکدا کە ڕەسەنی نێوەکە ئاشکرا نەبێ لە ڕستەدا. بۆ وێنە کە گوتت: «هەڤاڵ»، دەشێ ئەو هاڤاڵە پیاو بێ یا ژن بێ. لەبەر ئەوە کاتێک کە دەخرێتە پاڵ جێنێوێک یا نێوێک، یا دەچێتە ڕستەوە و دەبێتە بەرکار (مفعول)، پێویستە وای لێ بکرێ کە ڕەسەنی ئەو هەڤاڵە دیار بێ. واتا نەگوترێ: «هەڤاڵی من» بۆ هەردوو ڕەگەز، بەڵکو وەک کرمانجیی ژوورووی لێ بکرێ. واتا بگوترێ: «هەڤاڵی من» ئەگەر هەڤاڵە کە پیاو بوو و بگوترێ «هەڤاڵا من» ئەگەر هەڤاڵەکە ژن بوو. هەرەوەها بگوترێ: «ئازاد دوژمنی خۆی بەزاند» ئەگەر دوژمنەکە نێر بوو و بگوترێ: «ئازاد دوژمنا خۆی بەزاند» ئەگەر دوژمنەکە مێ بوو.
  2. لە کاتی «بانگ کردندا» (في حالة النداء) دەبینین شێوەی کرمانجیی نێوەڕاست «ە e» بە کار دەهێنێ بۆ بانگکردنی نێرینە. وەک: کوڕە، ڕۆڵە، مامە، خاڵە، بابە. ئەمە ئەگەر دووا پیتی ووشەکە تیپێکی بێ دەنگ بێ. خۆ ئەگەر هاتوو دووا تیپی ووشەکە تیپێکی دەنگدار (علةعربی) بوو، ئەوا هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە. وەک برا! - مامۆستا! لێرەدا ئێمە دەتوانین «ۆ o»ی کرمانجیی ژووروو و «ە e»ی کرمانجیی نێوەڕاست؛ هەردووکیان شان بە شانی یەک، بۆ بانگکردنی نێرینە لە زمانە ئەدەبییەکەماندا بپارێزین. دەمێنێتەوە ئامڕازی بانگکردنی مێیینە. ئەوەش هاسانە؛ چونکە لە هەردوو شێوەکەدا وەک یەکە و لە هەردووکیاندا بە «ێ ê» تەواو دەبێ. بۆ وێنە: نەنێ، خوشکێ، دایێ، پوورێ، کچێ (کەچێ)، بووکێ و... هتد. بە کورتی بۆ بانگ کردنی نێرینە بڵێین: «بابە» یا «بابۆ» و بۆ بانگ کردنی مێیینە بڵێین: «خوشکێ».