نامەیەک بۆ حاکم عەلائەددین
از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
3 دقیقه
180 مشاهده
برای بەڕێزم کاک عەلائەددین
سوپاست ئەکەم لە مەرگ و لە ژین
بەنامەکانت، کە گەش بوومەوە
نامن لەسەر چاو، هەزار ئافەرین
ئەو کاتە وابوو، بەرەنگاری کات
لە تۆ تەئەسسوف، لە من ئاهـ و شین
کاتێکی تر دێت، خودا حەز بکات
کە دوو دەستی یەک، گەلێ ڕاگووشین
بە ئاوات و هات، بە جەرگی بەسۆز
بە گرژینەوەی وڵاتی ئەمین
نەوەک خوێندەوار برای یەکترن
خوێندارن هەتا لە ڕووی خوێنمژین
ئەو کاتە ڕۆییم، پێویستم سەفەر
ئەتۆ ببوورە، لە کورتی و لە قین
لە بیرم ناچێ، لێرە، لە کۆیە
کە ڕامانبوارد، بە چەند زەوق و بین
خسوس، کە هاتم بۆ ماڵی ئێوە
ئەستێرەم هەڵات، لە خۆشی یەقین
دنیا هەر وایە، دڵان لێک ئەکا
دەبا ئاخ بخۆین، بە دیدەی نومین
عالەم هەزار دڵ، ئێمەش تێکەڵاو
بە وێنەی خەیاڵ، گوڵستان چنین
فەرمووتە ساڵێک بەبێ گلەیی
سەد ساڵی تر بێ، برام، خۆشترین
ئێستە تالع ڕەش، کە دوور کەوتنەوە
هیوامە پێ بگەم، بە باڵی فەرزین
لە نێزیک و دوور، بێ بەینە بۆ دڵ
گیانی وریای سەما و زەمین
بە بیری ئێوە، دەکەم هەموو دەم
چاوی دڵ ڕووناک، تامی دەم شیرین
گەرچی تۆش وەکو منی بریندار
خوایە چارەساز، بە هەر پێکگەیین
کاکی خۆم، مرۆڤ بە سەبر و سوبات
بە داخواز ئەگا، بەبێ نەنگ و کین
نەکەی خەم بخۆیت، لە نازی گەنجیت
بە خۆراکی ڕۆح، باغت کە پەرژین
بزانە ڕۆژت، هەڵاتە ڕۆژە
شەوت بە پڕشنگ، بەتافە پەروین
دەستی پیرۆزی باوکت ماچ ئەکەم
سەلام لە «دڵشاد»، برای بە تەمکین
«دلاوەر»، «کۆسرەت»، چاویان ماچ ئەکەم
سەلام لە خوشکان، بە حورمەت بژین
والیدەی عەزیز، بەخێربێتەوە
لە پایتەختی بیر، بە سەد هێز و تین
نادیدە، عەرزی سوپاسم بەرە
بۆ کاکە حاکم «محەممەدئەمین»
ئەویش کەسێکە، وەکوو سولەیمان
خاوەندی چاکە و، نقێم و نگین
چ خۆشە برام، لە ڕۆژانی شاد
بە پرس و وەرام، کە دابنیشین
ئەمە کزەی دڵ، ئەوەش نیشتمان
لە بەینی سۆز و، گەشە و، پێکەنین
بە ئاوازی خۆش، بە نۆتەی هەوەس
هەوا بکەینە کوورەی ئاگرین
لە ڕێی تەماشا و، موتاڵای ڕووان
هەستینە هەستی لە چاوان دزین
هەریەک بە ڕەنگ و، هەر یەک بە دەنگێ
هەر یەک بە بۆنێ، تێکڕا بپشکووین
کە یەک دیار نەبوو، ببینە خەمبار
بۆ نووری کوڵمەی، بە زاری و گرین
زەوقی جەمات و، یاران و، یاری
بڵێ گیانە، لەناو مێشکی ژین
ئەتۆ زۆر باشی برام لە شارا
ئەمن لە لادێ، پەراسووم ڕزین
وا مردووم، وەها، نابووژێمەوە
بە سەد ئارەق و، بە ئەسکەنجەبین
بێدادە دەردم، قەرارم نەما
لە لێفە و دۆشەک، لە هیچ سەر سەرین
لە دەردی دووری، هاواری کێ کەم
کە فریام کەوێ، لە گرمەی تەپین
بمبەخشە زاری شکاتم نییە
قەڵەم تەوژمی نەما لە نووسین
خۆی پیرە ژیکۆتخلص، خەیاڵی تازە
وەکوو لە شەودا، جەماتی پەروین