جەژنی نەورۆزم، وا هات بەلاوە

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 2 دقیقه  221 مشاهده
جەژنی نەورۆزم، وا هات بەلاوە
ناسۆری ساردیم، هەموو کولاوە
تیماری ئەکا گوڵ بە گیاوە
ئەیپێچێتەوە دار بە گەڵاوە
هاوین بە گەرمی، دڵ ئەگەیێنێ
بە ورشە و پایز، دای ئەتەکێنێ
لە شەختەی زستان، سەربەست ئەمێنێ
سەوزی کا بەهار، ڕوو بە خوداوە
خونچە پێکەنین، کە گوڵ چنینە
کە ویش بوو بە گوڵ، جگەر گوشینە
سەرشین وەنەوشەش خەریکی شینە
مێلاق و نیسان، ملکەچ بە پاوە
ڕوو سپی، چاو زەرد، نێرگس کە ئەبزووت
حاجیلە و بەیبوون، دڵیان ئەپشکووت
فەوجی گیاوگۆڵ، هەزار تاق و جووت
بە سەد هەزار ڕەنگ، هاتنە سەماوە
هاتنە تەماشا، نەورۆزی خۆش ڕوو
دڵی دایەوە، هەرچی کە زیز بوو
گیاو و گیاندار، بناغەی مردوو
بە خاس و خەرا و، هەمووی ژیاوە
تەبیات هاتنەجۆش، خۆشڕەنگ و خۆشبۆن
نەشەی گیانی من، گەشەی چاوی تۆن
سەد ئەلیکترۆن، بە یەک پڕۆتۆن
لە کار درووستی، واجووزی ناوە
سەرسام، ئەبینن بەرلین و بەغدا
بە چەند مەکینە ئەدەن کارەبا
مەکینەی نەورۆز تەنیا لە دونیا
بێ سویچ و گڵۆپ، چریسکە و تاوە
گوڵووکی خوێنین، سپی ڕەنگ و سوور
لە تەن سووڕی خوارد، نیشتمانی نوور
هەموو جێ گەڕا، چ نێزیک، چ دوور
لەشکری میکرۆب، پشتی شکاوە
جەژنی کوردم دی، ڕاجیتخلص، سەوز و ئاڵ
چەند مل بە دەسماڵ، بە کەشیدە و شاڵ
تەمەنی کوردان، لە نوێ هەموو ساڵ
کە هات کۆمەڵ کەن، مەکەن بڵاوە