لە کوردییدا هەموو گیانم، بە کوردی، خاسە خۆراکە

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 2 دقیقه  139 مشاهده
لە کوردییدا هەموو گیانم، بە کوردی، خاسە خۆراکە
لە مەیدانا کە کوردێکی تیابوو، سەربەخۆ ڕاکە
سەراوردی زەمان و گۆڕە، گۆڕی کارەساتی کار
گول و گەڕ، وەک شەل و کوێری، هەموو ئازا و چالاکە
شەپۆلی بای خەفەت بەحری موحیتی سەربەسەر واژاند
زەمین وەک کانی ئەسماک و سەما، وەک عەینی خاشاکە
جیهانی هانە هانای دڵ بە هیچکەس ڕانەگا، چ بووە؟
درۆ بارانە، پیلانبازییە، کوێربوونی ئیدراکە
سەراپەردە و تەلار و کاخ، سەرەوبن بوون و تێکڕووخان
قوڕت دەس ناکەوێ، خێرا، تەمی دونیا بە سەرداکە
لە چاخی زەڕڕە و ئۆکسیدە، بێسەر کەڕ ئەبن یەکسەر
چ ببیەی، چی ببینی، چی خەیاڵ کەی، ماکی ئیهلاکە
لە خاوەن خان و خانانا، کە دەستاودەستی خەرمانە
لە بابەت ڕاوەڕاوی خاکە، ئیستیملاک و ئەملاکە
ئەڵێن ئەم چەرخ و ئەفلاکە، قەدیم وتراوە «لَوْلاكَ»عربی
کە ئەم تۆپیوە، کرمێیە، دە ڕووت لەو لاکە، لەولا کە!
هەموو هاوین و زستانی بەسەرچوو، هێشتە نەمزانی
چ خۆشە، چی نەخۆشە، بەخت و تەختی لێ بەرەڵڵاکە
عەدالەت وەک تەرازوو ناسراوە، سەر بەرامبەر سەر
بەهەشت هەشت و، جەهەندەم حەوت و، گاور زۆر و کەم پاکە
چ سەرسامم کە بنیادەم، هەموو تیتاڵ و فیشاڵە
ئەوی کردت بە مێشکی تێگەیشتن، پۆخی لوولاکە
لە کوشتە و بڕیە دەرناچی، بە خاکا چی و بە ئاوا چی
کە خۆ دەرخستن و مان بەستنت، بۆ مەرگ و پیتاکە
برا لێکبوونە دوژمن، من، نەما جێگەم کون و قوژبن
بە ناهەق بردیان ڕەنجم، چ سیواکە، چ تەنباکە
لە موڵکی شاکەشاکی غەم، لکی خەڵکی تەماشاکە
چلۆن ژاکاوە، میوەی هەڵوەریوە دارە ساواکە!
چ ڕزگاری بکا ئەم هۆزە داماوە، لە دامانی
کە ژیکۆتخلص پڕ بە دونیا، دڵ بەبار و گیانی خەمناکە