دیسان لە دووای قامەت و ڕەفتاری عەزیزە

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 1 دقیقه  93 مشاهده
دیسان لە دووای قامەت و ڕەفتاری عەزیزە
پاماڵم و سەودازەدە، بێ پووڵ و پەشیزە
بۆ چۆڵی ئەڕۆم، غەم سەری خۆشیم ئەشکێنێ
بۆ شار ئەچم، ئەمخەنە بەر بەرد و ستیزە
هەر چەندە شوێنێ نییە بیکەم بە نەشیمەن
سەرڕای هەموو ئەم حاڵە، نیگارم دژ و زیزە
پێچراوە لە پەرچەم، دڵەکەی بەو ڕووە برژاو
ئیمڕۆکە حەزت چۆتە کەباب و تەڕەتیزە
باڵای کە ئەڵێی قاڵبە، نوورێکە لە یەزدان
شایانە هەموو حوور و پەری ببنە کەنیزە
بۆ بەزمی مەی و بادە و گۆیندە و بلوێر
وەک هەڵقەیی ناو کابەیە، گرتوومە زریزە
سەر بۆ چییە، گەر دانەنرێ بۆ گوڵی کوڵمەت؟
ناڕۆم لە دەرت، تا نەکرێم ڕیزە بە ڕیزە
گرتوویە قەدت، سەد دڵ و سەد جۆرە گوڵ و بەر
سێو و دوڕ و یاقووت و، گوڵی باغ و گەزیزە
ڕاجیتخلص! تۆ بڵێ تەمبەڵی هۆزە، کەرەدێزە
نەرمی کە سەری چەوتی، بە قەمچی و بە نەقیزە