دڵ لەناو پەردەی خەیاڵاتا، خەریکی فرسەتە
از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
1 دقیقه
211 مشاهده
دڵ لەناو پەردەی خەیاڵاتا، خەریکی فرسەتە
هەر وەکوو مەغزی گوڵەندامان، چ نازک هیممەتە!
تا لە سەرچاوەی دڵ و جانم نەنیشێ تۆزی غەم
کەی بە چاوی خۆم دەبینم، ئەم سەفا و سەفوەتە؟!
دیدە هەڵنایە لەبەر بەرق و بریقەی ڕوویی تۆ
ڕوو لە هەر لایێ دەکەم، پەردەی حەیا و عیسمەتە
خەستەخانەی عیشقی تۆ، ژەهری بە دڵ وەرکردووە
وەک شریقەی زوڵف و موژگانت، خەریکی سیححەتە
سینە پڕ تاب و تەب و سۆز و بڵێسە و گریەیە
هەروەکوو چاوت کە غەمزە و ناز و مەستیی عادەتە
نیعمەتی دنیا و قیامەت، وا لە چاوت زاهیرە
زینەتی دنیا و دینیشم لە هەردوو کوڵمەتە
خەندە و گرژینەوەت، شەوقی بە عالەم گرتووە
زوڵفی تاتاشت خەریکی باری زەخم و کولفەتە
مەستی بەنگ و، عارەقی ناز و، گریشمە و لەنجەکەت
تا وەکوو ڕۆژی بەقا، نووستووی هەوایی دەرگەتە
ڕاجیاتخلص! دێوانەیی دانێ لە عیشقی دڵبەران
کێ نەسووتێنێ بە گورجی ڕۆحی خۆی، بێ غیرەتە!