لە بازاڕی جواناندا قەلاشم
از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
1 دقیقه
148 مشاهده
لە بازاڕی جواناندا قەلاشم
لە کڕیار و فرۆشیاران بەلاشم
کە فەردێکم بە خەمباری لە دونیا
بە تەنیایی، مەگەر حەق بێ، وەڵاشم
بە خۆم دڵخۆش و، باوەڕ پڕ لە هیوا
لە ڕێی هۆزم، دڕان کەوش و کڵاشم
دەمێ عیشقم بە باڵا و چاوی کوردە
دەمێ سەودای مەی و بەرگ و معاشم
بە تیشە، «باوکە ئازەر» دار ئەتاشێ
بە پیشە، من هەوای دڵدار ئەتاشم
لە کاتێ، حاڵەتی کوردم ڕەچاو کرد
ئەتاشم لاسەری خۆم و براشم
جەماتی مەستی و بەزم و زەماوەن
کە تێک ناچێ بە بۆمبا و ڕەشاشم
سەبا خێرا بە، کوردان بەهرەوەر کە
بە بۆنخۆشی، هەتا بێژمە تە، باشم
لە ئایین و ڕەوشتی باوک و باپیر
زیادم کرد، تەیاترۆ و سینەماشم
نەوەک هەر باوکە کوشتەی دەستی چەرخم
ئەمن تاڵانکراوی بیر و ڕاشم
دڵم بەو دڵبەرەی ئاواتە خۆشە
کە بێتە باوەشی ڕۆژانی باشم
لە هەڵسەنگانی چەرخ و کاری، ژیکۆتخلص!
بە پێشی کەس نەکەوتم، هەر لە پاشم