ئەی سەبا! جارێ لە باسی ئەو گوڵەم بدوێ بە کام
از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
2 دقیقه
204 مشاهده
ئەی سەبا! جارێ لە باسی ئەو گوڵەم بدوێ بە کام
تا ژیانی بولبولان، بێنێتە باخ و سەر شەقام
پەرچەمی پەرژینی لادە و، چاو و دڵ پڕ ژین بکە
قامەتی ئەو سەروە بادە و، بادە بێرە پڕ بە جام
مەشقی پشکووتن بکا خونچەی دەمی، سا دەم بە دەم
پێکەنینی، ئارەقەی گریان بخاتە ژیر و فام
هەستە، هەستی هێزی شۆڕشگێڕی چاوانی بکە
تەیر و بنیادەم ئەخاتە کوشت و بەست و، ڕاو و ڕام
لێوی هەڵ بێنێ بە تەفرە و تانەبازی و ناز و نووز
هەر گورۆی خۆی باتەوە، نەوتول نەمامی خۆش خەرام
بێتە پێشبڕکێ، لە مەیدانی نیگاریی و دڵبەریی
ئاخ و داخی پێوەنێ، جەرگ و دڵی ژیر و نەفام
بۆ هەوا، چێژی لە چێشتەنگاوی کوڵمەی هەڵ بدا
ڕۆژی جەژنی ئارەزووی سووتاوەکانی نابەکام
تا بە موقناتیسی چاوی، ڕابکێشێ مام و خاڵ
کارەبا کا، دەردی قڕژاڵی دڵان و کۆنە زام
بێتە دەسبازی بە زەبری غەمزە خوێنڕێژی بکا
دوژمنی باب کوشتەشی هاوار بکا، من ئاشنام
تا وەکوو داگیر ئەکا ماڵ و سەر و دنیا و دین
تا بە زاری خۆی ئەڵێ، من پادشاهی بێ سوپام
شایەدی ژیکۆتخلصیە ئەشکی ئاگرین و جەرگی کوڵ
بەختی ڕەش، ناساغی لەش، پەیمانە بۆش و تاڵە تام