ئارەزووی ئازادییە چاوم بە تاوی ئەشکباش

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 3 دقیقه  220 مشاهده
ئارەزووی ئازادییە چاوم بە تاوی ئەشکباش
چونکە هەقبینی قەدی تۆیە، ئەبینێ پێش و پاش
گەر ئەپشکون گوڵ، لە سایەی قەترەیی فرمێسکی من
سووزەیی ئاهم بەشێکی پێوەیە، ئەمجا هەواش
زەردە ڕووم، خوێنبارە دڵ، چاوم ئەڕێژێ باری کوڵ
تا خەجاڵەت بم لە ناز و بازی ئەو کۆترەی قەلاش
وەک بەڵا، ئەشکی بەڵاڵووک ئاڵوباڵووم پێ ئەکا
بڵقی گچکەم گەورە بوو، وەک مەوجی بەحری پڕ لە داش
وا بە دارم خستووە، ئەم سووکە تەونەی وەسڵی ئەو
بەن کەمە، بۆم ناتەنێ ئەم ڕایەڵەی وا شاش و واش
سینەمایێکە دوو چاوی، سەد فلیمی پێوەیە
نیوە غەمزێکی هەزاران سیحرە، سەر شاشەی بە شاش
چاوی ئەو دەرچوو لە چاوبڕکێ، کە چاوی من هەڵات
تارمایی کەوتە سەر، هەڵنایە ئەمجا بۆ سەماش
ئەسپی ئاواتم گەلێ لاک و بنێساوە لە دووی
ئێسکی وا ڕەش بوو، سپی ناکاتەوە ئاوەنیاش
کاتی خۆمە، ئای دەبووم پڕ چەک بە بیر وەک پاڵەوان!
زەوتی کەم، بوومە نیشان، نەمزانی دامییە بەر ڕەشاش
خاتری چاوی ڕەشی، هەرچی کە پێی کردم خەتی
ئێستە بۆ ئەمخاتە خەندەک، خوێنەکەم ئەخوا بەلاش؟
بۆ دەخالەت، من کە کەوتم لەم بەر و دەرگانەدا
تێک ئەچێ چاوت بزانی من تەڕاحم یا تەڕاش؟
سونبول و، مێلاق و، خونچە و، لەعل و، یاقووت و گوهەر
تێکەڵاوی ڕەونەقێکن، مەیکە باراشی مزاش
بولبولی پڕ ئاخی دڵ، وا چاوەنووسی خونچەیە
کێ هەیە گەر ئیستیفادەی لێ بکا، حەتتا سەباش؟!
دڵ، جگەر خواردیەوە، هاتە چاوی پڕ زام و گرین
تازە ناگونجێ بە تیغی موژگە بکرێ قاش قاش
تا دەریکرد گردەڵەی پڕ کێم و خوێن، هێنایەدەر
نەک ئیتر هەڵداتەوە ئەم عیللەتەی ناکێشەخاش
هێندە دڵخۆشم لە ڕێی وەسڵت، بە ناهەق بمکوژن
ناڕزم، وەک مەیتەکەی مەزڵوومی دۆکان ئەرقەداش
بۆ دیە و ئەرسی دەم و لێوت، کە ماچێکم دزی
چیم هەیە غەیری دڵم، سا لەت لەتی کە و خاش خاش
هەر دەمە یەک سورەتی لێ دائەتاشم، ئەو گوڵە
سەیری من ناکا، کە بوومە ئازەری پەیکەرتراش
سەیری ئەم دنیایەکە و، باسی وەفای تێدا مەکە
هەر کەسێکی بیپەرستی، فەرزە هاڕینت بە ئاش
تۆ، کە خۆت خستە پەنا و بەختی گوڵێکی بەختیار
وا دەزانێ ئاگری، دەستی دەسووتێنی و، مەقاش
ڕووت و قووتم، بێ کراس و بێ کەوا، برسیمە من
چاو لە دیداری گوڵی سوورم، وەزیفەی بێ مەعاش
کۆمەڵی فیکرم فڕی، غەمزەی دوو تاپڕ بوو، تەقی
ساچمەی خاڵی نەتیجەی عومری کوشت، ئیشم چەواش
چاندم و، تامم نەکرد کونجی و برنجی لێو و دەم
گێرەشی پێکردم و دووری نیشاندام نیسک و ماش
گەر ئەزانی حاڵەت و بەختم لەگەڵ یاران چییە؟
باخی شادیم تازە ساوا، دەوڵەتی مەرگم هەراش
بیر و بازاڕ و موغازەم، پڕ لە ڕەنگاوڕەنگی هەق
تا قیامەت بیفرۆشم، ناکڕم ژیکۆتخلص قوماش!