عەجایب! غەمزەکەی چاوی، لە دڵ وەستاوە ئەمجارەش

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 1 دقیقه  180 مشاهده
عەجایب! غەمزەکەی چاوی، لە دڵ وەستاوە ئەمجارەش
بە سیحر و ناز و عینوانی، لە دەر خەمڵاوە ئەمجارەش
سەبا بۆی زوڵفی گەر بێنێ، مەشامی دڵ بکا ئاوا
ئەزانم یار لە قاپی مەیکەدە هەستاوە ئەمجارەش
لە هەر فەسڵێ کە تووشی هاتبم، پۆشیوییە تەلعەت
لە بەختی بەد غەڵەت بووم و، بە خۆی داداوە ئەمجارەش
سروشکم هێند بەخوڕ دەڕژێ، وەکوو تۆفانەکەی پێرار
هەموو عەردی بەدەن غەرقی قوڕ و لێڵاوە ئەمجارەش
بە پێچ و تابی ئەگریجەی، دڵی خەڵکی لە بن هێنا
تەمای کوشتاری مەخلووقە، کە تێکئاڵاوە ئەمجارەش
لە دەر دانیشتبوو دڵبەر، بە سەد عیشوە لە جێ هەستا
مەزەننە وا ئەبەم یاران، ڕقی هەستاوە ئەمجارەش
هەتا کەی بێ خەمی ڕاجیتخلص، لە عیشقی ئەو پەری ڕوویە؟
لە بەحری خۆشەویستیدا، دڵی خنکاوە ئەمجارەش!