گوڵڕەنگی ڕوخت ڕەنگی بە سەد زوهرە و مەهـ دا

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 1 دقیقه  221 مشاهده
گوڵڕەنگی ڕوخت ڕەنگی بە سەد زوهرە و مەهـ دا
خونچەی لەبەکەت لەعلی بە گەنجینەیی شەهـ دا
موشتاقی قەد و قامەتی ئەو یارە دیارەم
عومر و سەر و ماڵی منی، یەک دەفعە تەبەهـ دا
ئەو ڕاوکەری چاوت، بە کەوانی قەفی ئەبرۆت
سەد مامزی تۆراوی، بە بەر چین و سوپەهـ دا
خاتوونە، بە چەند نازەوە هاتۆتە تەماشا
وا پەنجەیی زیوینی، لەسەر چاوی سیەهـ دا
هەر جێ کە ئەچێ، هەر دڵ ئەبارێ بە نیساری
هەر کەس هەبوو وا عەقڵی بە قانوونی سەفەهـ دا
پڕ زام و برین، بێدڵ و سەرگەشتەم و بێڕەنگ
تا دڵبەرەکەم جیلوە بە گوڵزاری نیگەهـ دا
ڕاجیتخلص، مەکە تۆ باسی مەهـ و زوهرە و کەیوان
پاوەندی لەبی یارم و من چیمە لە مەهدا!