لە قاوەخانەیەکدا

از کتاب:
نسێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 2 دقیقه  303 مشاهده
ئێوارەیەکی تەماوی و قاوەخانەیەکی تەریک.
لەسەر مێز، بنەمۆمێک ئەسووتێت و کڵافەیەک شەوقی زەردباو ئەدا لە قژی شیعرێکی تازەزاوی سەر کاغەزم.
سێبەری بەژنی قەڵەمم
درێژ بووە وەک مەچەکم.
ئانیشکم لەسەر قەراغە و سەرم تۆپێکی ماندووە و
خستوومەتە ناو جۆلانەی دەستی چەپم.
کوپی قاوەی دەم بە هاڵاو هەڵئەگرم و کەمێک خۆم بە پشتا ئەخەم،
چاو هەڵئەبڕم:
لەودیو جامخانەی پاکەوە:
ئاوی «دانوب» لە سەرمادا هەڵئەلەرزێ و
تەمێک نیوەی پردی گەورەی داپۆشیوە و
وا خەریکە بنیشێتە سەر بوولێڵی نیوەتاریک.
لەوبەرەوە: ماسیگری شەپقە لە سەر
بە سەر پردا دانەویوە و دەستێکی لەناو هەوادا ڕاکێشاوە بۆ پێشەوە و
قولاپەکەی هەڵداوەتە ناو ڕووبار،
بێ جووڵەیە و چۆن وەستاوە، بۆتە پەیکەر!
لەم بەرەوە: ژنێکی شۆخ نوقم لەناو فەرووی پاڵتۆی ئاودامانی پڵنگیدا
هەنگاوی خێرا هەڵدێنێ و بە دوایشەوە
تووتەڵە سەگی سپی و خرپنی تووک لەسەرچاو ڕێ ئەکات و
لەپڕێکدا، سەگ ئەوەستێ و لاقی ڕاستی هەڵئەبڕێت و بە دارێکدا هەڵئەمیزێ
لە ئاسۆی ڕۆژهەڵاتەوە: فڕۆکەیەک
لووتی کردۆتە ئاسمان و ناوبەناوێ
چاوێکی سوور ئەترووکێنێ و پەردەی هەورەکان کون ئەکا و
وا خەریکە تازە بفڕێ
کوپەکە دائەنێمەوە
ئەچمە ناو گەمیەی شیعری ڕەنگاوڕەنگم
دوو وشەی تازە ئەکەم بە سەوڵی ناو «دانوب» و ئەوسا
لە قاوەخانەی تەریکدا
وەک توانەوەی بنەمۆمێ و
یادگارێکی تەماویی
ئەم جێگایە بەجێ دێڵم!