شەوانە دیدار

از کتاب:
نسێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  304 مشاهده
لەدوای هەموو دیدارێکی من و بادە
لە کەناری خەوێکی پیرۆزەییدا ڕائەوەستم
کەشتییە سەرخۆشەکەی «ڕامبۆ» ئەگاتە لام
بە ناو ڕووبارێکی مەستا ئەمبا:
سەرم ئەبێ بە پەڵەهەور
شیعرم پڕ ئەبێ لە باران
پەنجەکانم بە باڵندە و
لەشم ئەبێ بە دارستان
لەدوای هەموو دیدارێکی من و بادە! بە ڕێی «با»دا
بە دووقۆڵی لەگەڵ تەنیاییدا ئەڕۆین، ئەڕۆین، تا ئەگەینە پاردەکانی ئەو دیو ژیان
سەرێک ئەدەین لە «مردن» و
چەند پرسیارێ ئەکەین لە خوا و
دوو نهێنیی ئەدزین و
چەند خەمێک جێ ئەهێڵین و
دیسانەوە ئەچینەوە سەر ڕێگەی «با».
لەدوای هەموو دیدارێکی من و بادە
بۆ سبەینێ، لەناو ژوورێکی نەخۆشدا
بوتڵێکی کۆکەکۆککەر و
پەرداخێکی بێتاقەت و
هەندێ لە توێکڵە خەیاڵ و
قەسیدەیەکی ناتەواو بەجێ دێڵم!