کاغەزێکی سپی

از کتاب:
نسێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  275 مشاهده
لە کەیەوە دانیشتووم و هێشتا کاغەزم سپییە
سپی، سپی نە حەرفێکی تێدا ئەڕوێ و
وشک و برنگ، نە ئاوێکی تیا هەڵئەقوڵێ!
لە کەیەوە دانیشتووم و هێشتا کاغەزم سپییە.
درەختی بەر پەنجەرەکەیش لەناو هەوایەکی کپدا
بێزار، بێزار، تێم ئەڕوانێ
هێشتا کاغەزم سپییە
قومرییەک دێت بێزاریی درەخت دەرئەکات
چرپەچرپێک لەگەڵ چڵ و لقدا ئەکات
لەپاش تۆزێ قومرییش ئەفڕێ
هێشتا کاغەزم سپییە
لە ناکاوێ درەخت بەدەم «با»ی شینەوە
دەستی ڕاستی درێژ ئەکا و لەسەر شووشەی پەنجەرەکەم،
لەپێش مندا، ئەو شیعرەکەی خۆی ئەنووسێ
لە کەیەوە دانیشتووم و هێشتا کاغەزم سپییە.