کەمین

از کتاب:
نسێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  260 مشاهده
«زریان هەر لە کەمیندا بوو»
گەڵایەک هەموو نهێنیی درەختەکەی پێ ئەزانی:
پەیوەندیی ئەو و گۆمەکە و چرپەی شەوان
پەیوەندیی ئەو و باڵندە و نامەی کێڵگە و
هاتوچۆی تیشک و جڤینی نێوان وشە و
ئێوارانی ناو دارستان
پەیوەندیی ئەو و مانگەشەو و
پەیوەندیی سێبەری ئەو و کوڕەشوان و شمشاڵەکەی.
«زستان هەر لە کەمیندا بوو»
دەنکە چەوێکیش نەهێنیی
جۆگەلەکەی لە سنگدا بوو
نەهێنیی ئەو و ڕەگەکان
نەهێنیی ئەو و پەلکەگیا و
نەهێنیی ئەو و ڕوخساری کچەشوان و
نەهێنیی ئەو و سەرچاوە.
«لافاو هەر لە کەمیندا بوو»
کە زریان هات
کە لافاو هات
گەڵا لەسەر کورسیی لق و
چەویش لەناو ژووری ئاودا
هەردوو کوژران
بەڵام هیچیان
نەهێنیی عەشقیان نەدرکان!