هەڵقرچان

از کتاب:
نسێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 5 دقیقه  421 مشاهده
ئێوە «با»یەک بدۆزنەوە، ئەم شیعرەم بخوێنێتەوە،
لە خۆم بچێ!
«با»یەک چاویلکەی سەهۆڵی
دوو دەریاچەی حەپەساوی لە چاوا بێ،
قژی: دەوەنی تاریکی و
تەوێڵی: ئاوێنەی خودا و
پەنجەکانی: پەلکەگیا بێ...
«با»یەکی لەش ئەنجنکراو، «با»یەکی بێکەس و بێماڵ
«با»یەک شەڵاڵی کیمیا و
«با»یەکی هاوسەری ئاگر،
«با»یەک نووسەری زریکەی دەشتی «ئەنفال»
ئێوە «با»یەک بدۆزنەوە
ئەم شیعرە بخوێنێتەوە
لە خۆم بچێ!
«با»یەک کە هاتە سەر شانۆ
چون زەماوەندی داربەڕوو، لە جەژنی کڵاوچنیندا
ئا بەو جۆرە، قریوەی بێ و لەگەڵ خۆیدا:
حیلەی بەرد و
وژەوژی ناو بێشەڵانی پرسیار و
لەگەڵ خۆیدا، کڕێوەی مانا و
پرووشەی تەلیسماوی و گەردوونێک و لەگەڵ خۆیدا،
لەرزەکانی بوومەلەرزەی وشەی پێ بێ!
ئێوە «با»یەک بدۆزنەوە، ئەم شیعرەم بخوێنێتەوە
لە خۆم بچێ!
«با»یەک گڤە تۆو بکات و
دەواری تەم هەڵبدات و
شەپۆل شێت کا لە کەنار و
ڕەوەز لە شاخ یاخیی بکا و
لە باخچەکانی بەفریشا شەتڵی بڵێسە بڕوێنێ!
«با»یەک ئەڵێم: بن هەنگڵی
پڕ بێ لە وردە چەخماخە و
لە وردە کوژەکەی نمە و
لە دەفتەری گڵەسوور و
لە پەڕی «مەلەک تاوس» و
لە بۆنی ڕەنگی «پەریخان»!
«با»یەک ئەڵێم: وەختێ گەیشتە سەر شانۆ
وەختێ کە دەستی ڕاوەشان
بە چوار دەوری مایکرۆفۆندا
بیکا بە باڵندە باران.
ئێوە «با»یەک بدۆزنەوە
ئەم شیعرەم بخوێنێتەوە
لە خۆم بچێ!
«با»یەک ئەڵێم: چون جگەرەم
خەم هەر بە خەم داگیرسێنێ و
برین بە برین هەڵبکا و
گومانی مەنگی سەریشتان
بە خڕکەبەرد بشڵەقێنێ.
«با»یەک ئەڵێم: کۆنسێرتی نامۆییی من بێ.
«با»یەک شەقامی «مەولەوی»
بکا بە شمشاڵی لالێو.
«قەڵای هەولێر» بە ئۆکۆردیۆن
پەپوولە بکا بە نۆتە و
شەهید بە ژێ و
تەمبووری سەری «هەڵەبجە» لێ بدات و
گەردنی «ئەستێ» بژەنێ!
ئێوە «با»یەک بدۆزنەوە، ئەم شیعرەم بخوێنێتەوە
لە خۆم بچێ!
لەناو قووڵاییی ئەویندا
لەو جێیەدا شیعر ئەزێ
ورد بگەڕێن ئەیدۆزنەوە!
لەوانەیە لەم ساتەدا و لەم هۆڵەدا
بە بەستێنی هەڵبەستێکی تەماویدا
پیاسە بکات.
یاخود بووبێ بە هەناسەی شێداری ژوورێکی برسی
یاخود بە «مانگ»ێکی گریاو
یاخود بووبێ بە یاقووتێ و لە کەوێڵێکدا نووستبێ.
یان لەناو قژی کچێکی «مەڵکەندی»دا
جریوەی بێ!
یاخود بووبێ بە فرمێسکی بەردەکێلێکی سەر قەبران.
لەوانەیە:
لەژوور سەری گوڵدانێکی ئاوارەدا
بووبێ بە کزەبای نەخۆش
ئەشێ بووبێ بە ئاویلکەی چرای پاییز
لە گوێ چەمێ!
لەوانەیە:
لە زیندانی تفەنگێکدا بەند کرابێ
لەوانەیشە:
لە بازگەیەکی گومرگا و
وەکوو چاوانی یارەکەم
فڕێندرابێ!
ئێوە «با»یەک بدۆزنەوە ئەم شیعرەم بخوێنێتەوە
لە خۆم بچێ!
لە ئاوی شپرزەییدا، لە ئاوی خۆشەویستیدا
ببنە ماسی و ورد بگەڕێن، ئەیدۆزنەوە!
گەر دەنگی «دیلان» بگەڕێن
لە بەرزاییی چریکەدا
ئەیدۆزنەوە!
گەر گیرفانی نوکتەکانی «کەمال سابیر» بپشکنن،
لە لۆچێکدا
ئەشێ «با»یەکی سەرخۆش بێ و
گرمۆڵە بێ و
ئەیدۆزنەوە
ئێوە دارێک بدۆزنەوە
ئەم شیعرەم بخوێنێتەوە، لە خۆم بچێ!
دارێک تەنها لەسەر یەک قاچ سەما بکا و
بە سەد دەستیش باڵندەکانی ڕاژەنێ.
دارێک کە هاتە سەر شانۆ
هەر لەبەردەمی ئێوەدا
کسپەکانی وەک گوڵ هەنار
بپشکوێن و هەر لەبەردەمی ئێوەیشدا
ئەستێرەکانی
هە
ڵ
وە
رێ!
دارێک ئەڵێم: وەختێ ئازاری خۆی تەکان
کورسیتان و
باڵاتان و
خەونەکانتان
ئاڵ هەڵگەڕێن
دارێک ئەڵێم: هەر لە هۆزی
سێدارەکانی ئێمە بێ!
دارێک کە شیعری خوێندەوە
لە زاریەوە:
پۆلە پاساریی ڕەنگاوڕەنگ بێنە دەرێ و
لە ڕوانینی گەڵایشەوە
قەڵەمی باڵدار، هەڵفڕێ!
لەناو بەراییی ئەویندا، تەماشا کەن،
ئەیدۆزنەوە:
لەسەر گردێکی کوژراوم،
لە کەنار جۆگەی خنکاودا،
لەناو ماڵی قوربانیدا و لە باڵای بێوەژنێکدا،
لە دەفتەری وێنەکێشانی کیژێکی کەرکووکیدا،
ئەیدۆزنەوە
لەم ساتەدا
شوێن کەنسمە سوورەکانی باکوور کەون
شوێن پێی شەپۆلی «خابوور» و
جێ پێی خوێناویی مامزی ناو «هەکار» و
شوێن سێبەری دووکەڵی ڕاکردوو کەون،
ئەیدۆزنەوە.
ئێوە دارێک بدۆزنەوە، ئەم شیعرەم بخوێنێتەوە
لە خۆم بچێ!
دارێک ئەڵێم: وەختێ خوێندنەوەی تەواو کرد،
لە شانۆوە هاتە خوارێ
لەو دەمەوە
لە ڕۆحتاندا
گێژەنەکانی پرسیار و
هەورەتریشقەی سەرسامی و
چاوەڕوانیی نێو دۆزەخ و
ئەوق بوونی بەردەم: خوێنی
ئەم دیرۆکە بەجێ بێڵێ.
لەو ساتەوە:
تەواو ئەبێ
دەست پێ بکا و
وەختێ بڵاوەی لێ ئەکەن
ئەم بێتەوە و
لەگەڵتاندا بێتە ماڵێ و لە خەونیشدا
ئامادە بێ و بتاندوێنێ.
ئێوە «با»یەک بدۆزنەوە
ئەم شیعرەم بخوێنێتەوە
لە خۆم بچێ!
«با»یەک، بەردەوام بێدەنگیی هەڵکۆڵێت و درەختێکیش:
بە تەوقی سەر
هەموو بنمیچەکان کون کا و هەڵچێ،
هەڵچێ و هەڵچێ...