باب ١٥

از کتاب:
ئینجیلی موقەدەس
اثر:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 4 دقیقه  169 مشاهده

1) ئەمنم مێوی ڕاست و بابی من ڕەزوانە.

2) هەر لکێک دە مندا کە بەر نەیێنێ ئەوی هەڵدەگرێ و هەر یەکێکی کە بەر دێنێ ئەوی پاک دەکا هەتاکوو پتر بەر بێنێ.

3) ئەنگۆ ئەلان پاکن بە سەبەبی ئەو کەلامەی کە بۆ ئەنگۆ قسەم کردووە.

4) دە مندا بمێنن و ئەمن دە ئەنگۆدا. چلۆنێکی لکەکە لە خۆیەوە ناتوانێ بەر بێنێ، ئەگەر دە مێودا نەمێنێ، وەها ئەنگۆش ئەگەر دە مندا نەمێنن.

5) ئەمنم مێو، ئەنگۆ لکانن. ئەوەی کە دە مندا دەمێنێ و ئەمن دە ویدا، ئەو زۆر بەر دێنێ چونکە بێ من ئەنگۆ ناتوانن چتێکی بکەن.

6) ئەگەر کەسێک دە مندا نەمێنێ، وەکوو لکێک فڕێ دەدرێتە دەرێ و وشک دەبێ و ئەوان خڕی دەکەن و دە ئاوری داوێژن و دەیسووتێنن.

7) ئەگەر ئەنگۆ دە مندا بمێنن و کەلامی من دە ئەنگۆدا بمێنێ، هەر چی کە دەتانەوێ تەڵەب بکەن و بۆ ئەنگۆ دەبێ.

8) دە وەیدا بابی من بە جەلال بووە کە ئەنگۆ زۆر بەر بێنن و شاگردانی من ببن.

9) چلۆنێکی باب ئەمنی حوبباندووە، ئەمنیش ئەنگۆم حوبباندووە، بمێنن دە موحەببەتی مندا.

10) ئەگەر ئەنگۆ حوکمانی من ڕابگرن دە موحەببەتی مندا دەمێنن، چلۆنێکی ئەمن حوکمانی بابی خۆمم ڕاگرتووە و دە موحەببەتی ویدا دەمێنم.

11) ئەو چتانەی بە ئەنگۆم کوتووە هەتاکوو خۆشحاڵی من دە ئەنگۆدا ببێ و خۆشحاڵی ئەنگۆ تەواو ببێ.

12) حوکمی من ئەوەیە کە یەکتری بحوببێنن، چلۆنێکی ئەنگۆم حوبباندووە.

13) هیچکەس موحەببەتێکی لە ئەوەی گەورەتری نییە کە یەکێک گیانی خۆی بۆ دۆستانی خۆی دابنێ.

14) ئەنگۆ دۆستانی منن ئەگەر ئەوەی کە ئەمن بە ئەنگۆ حوکم دەکەم بەجێ بێنن.

15) ئیدی بە ئەنگۆ عەبد ناڵێم چونکە عەبد نازانێ ئاغای خۆی چی دەکا، بەڵا بە ئەنگۆم دۆست کوتووە چونکە هەموو ئەو چتانەی کە لە بابی خۆمم بیستووە بە ئەنگۆ خەبەرم داوە.

16) ئەنگۆ ئەمنوو هەڵنەبژاردووە بەڵا ئەمن ئەنگۆم هەڵبژاردووە و ئەنگۆم تاعین کردووە کە بچن و مێوی بێنن و کە مێوی ئەنگۆ بمێنێ هەتاکوو هەر چی کە لە باب بە نێوی من تەڵەب بکەن بە ئەنگۆ دەدا.

17) ئەو چتانە بە ئەنگۆ حوکمێ دەکەم کە یەکتری بحوببێنن.

18) ئەگەر دنیا ئەنگۆ ببوغزێنێ بزانن کە لە پێش ئەنگۆدا ئەمنی بوغزاندووە.

19) ئەگەر ئەنگۆ لە دنیایێ ببان، دنیا ئی خۆی دەحوبباند، ئەمما چونکە لە دنیایێ نین، بەڵا ئەمن ئەنگۆم لە دنیایێ هەڵبژاردووە، لەبەر ئەوەی دنیا ئەنگۆ دەبوغزێنێ.

20) وەبیروو بێنن ئەو قسەی کە ئەمن بە ئەنگۆم گوت کە خزمەتکار لە ئاغای خۆی گەورەتر نییە. ئەگەر بە من ئەزیەتیان داوە، بە ئەنگۆش ئەزیەت دەدەن. ئەگەر قسەی منیان ڕاگرتووە ئی ئەنگۆش ڕادەگرن.

21) بەڵا هەموو ئەو چتانەی دەگەڵ ئەنگۆ دەکەن لەبەر نێوی من، چونکە ئەوەی کە ئەمنی ناردووە نایناسن.

22) ئەگەر نەهاتبام و بۆ وان قسەم نەکردبایە، گوناحیان نەدەبوو، بەڵا ئەوێستا بۆ گوناحی خۆیان بیانوویان نییە.

23) ئەوەی کە ئەمن دەبوغزێنێ ئەو بابی منیش دەبوغزێنێ.

24) ئەگەر لەنێو ئەوان ئەو کارانەم نەکردبایە کە هیچکەسی دیکە نەیکردووە، گوناحیان نەدەبوو، بەڵا ئەوێستا دیویانە و ئەمن و بابی منیشیان بوغزاندووە.

25) بەڵا ئەوە بوو کە تەواو ببێ ئەو کەلامەی کە دە تەوراتی خۆیاندا نووسراوە: «بێ سەبەب ئەمنیان بوغزاند.»

26) وەختێکی یاریدەدەر کە بێ کە ئەمن لە باب بۆ ئەنگۆ دەنێرم، یەعنی ئەو ڕوحی ڕاستی کە لە باب وەدەر دەکەوێ، ئەو لەسەر ئەمن شایەدی دەدا.

27) و ئەنگۆش شایەدی دەدەن چونکە لە هەوەڵەوە دەگەڵ ئەمنن.