باب ١١

از کتاب:
ئینجیلی موقەدەس
اثر:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 7 دقیقه  201 مشاهده

1) و نەخۆشێک هەبوو ئیلعازەر لە بەیت عەنیا، لە دێی مریەم و خوشکی وی مەرتا.

2) و ئەو مریەم بوو کە ڕەببی بە ڕۆنی بۆنخۆش چەور کرد و پێیانی وی بە مووی خۆی وشک کرد، کە برای وی ئیلعازەر نەخۆش بوو.

3) دەنا خوشکان ناردیانە کن ئەوی و دەیانگوت: «یا ڕەب، ئەوەتا ئەوەی کە ئەتۆ خۆشت دەوێ، نەخۆشە.»

4) بەڵا وەختێکی یەسووع بیستی کوتی: «ئەو نەخۆشیەتی بۆ مردن نییە، بەڵا بۆ جەلالی خوڵای، هەتاکوو کوڕی خوڵای بە وی بە جەلال ببێ.»

5) و یەسووع، مەرتا و خوشکی وی و ئیلعازەری دەحوبباند.

6) دەنا وەختێکی بیستی کە نەخۆش بوو، دوو ڕۆژی دیکە ما دەو جێیدا کە لەوێ بوو.

7) لە پاش ئەوەی بە شاگردانی گوت: با دیسان بچینە یەهوودییە.

8) شاگردان بە وییان گوت: «ڕەببی، هەر ئەوێستا یەهوودییان حەولیان دەدا کە ئەتۆ بەردەباران بکەن و ئەرێ دیسان بۆ ئەوێ دەچی؟»

9) یەسووع جوابی دا: «ئەرێ ڕۆژ دوازدە سەعات نییە؟ ئەگەر کەسێک بە ڕۆژ بگەڕێ هەڵنانگوێ چونکە ڕووناکایی ئەو دونیایەی دەبینێ.

10) بەڵا ئەگەر کەسێک بە شەو بگەڕێ هەڵدەنگوێ چونکە ڕووناکایی دە ویدا نییە.»

11) ئەو چتانەی گوت و لە پاش ئەوەی بە وانی گوت: «دۆستی مە ئیلعازەر خەوی لێ کەوتووە، بەڵا دەچم هەتاکوو ئەوی وەخەبەر بێنم.»

12) ئەو دەمی شاگردان بە وییان گوت: «یا ڕەب، ئەگەر خەوی لێ کەوتووە ساغ دەبێتەوە.»

13) ئەمما یەسووع بەحسی مردنی وی قسەی کردبوو، بەڵا ئەوان فکریان دەکرد کە بەحسی نووستنی خەو قسەی دەکرد.

14) ئەو دەمی یەسووع ئاشکرا بە وانی گوت: «ئیلعازەر مرد.

15) و بۆ خاتری ئەنگۆ خۆشحاڵم کە لەوێ نەبووم هەتاکوو ئیمان بێنن. بەڵا با بچینە کن ئەوی.»

16) ئەو دەمی تۆما کە دوانە بانگ دەکرا بە هاواڵ شاگردانی خۆی گوت: «با ئەمەش بچین هەتاکوو دەگەڵ ئەوی بمرین.»

17) دەنا وەختێکی یەسووع هات ئەوی پەیدا کرد کە ئەلان چوار ڕۆژ بوو کە دە قەبرێدا ببوو.

18) و بەیت عەنیا نیزیکی ئورشەلیمی بوو بەقەد پازدە تیرهاویشتنێ دوور.

19) و زۆران لە یەهوودییان هاتبوونە کن مەرتا و مریەم هەتاکوو لەبەر براکەی سەرەخۆشی بە وان بدەن.

20) وەختێکی مەرتا بیستی کە یەسووع دەهات، بە پیرەوەی وی چوو، بەڵا مریەم دە ماڵێدا ڕۆدەنیشت.

21) ئەو دەمی مەرتا بە یەسووعی گوت: «ئەی ڕەب، ئەگەر ئەتۆ لێرە ببوویایی، برای من نەدەمرد.

22) بەڵا ئەوێستاش دەزانم کە هەر چی لە خوڵای تەڵەب بکەی، خوڵا بە تۆ دەدا.»

23) یەسووع بە وی گوت: «برای تۆ هەڵدەستێتەوە.»

24) مەرتا بە وی گوت: «دەزانم کە دە قیامەتێ دە ڕۆژی ئاخرێدا هەڵدەستێتەوە.»

25) یەسووع بە وی گوت: «ئەمنم قیامەت و ژیانێ، ئەوەی کە بە من ئیمان بێنێ ئەگەر بشمرێ، دەژی.»

26) و هەر کەس کە دەژی و ئیمان بە من بێنێ، هەتا ئەبەدێ قەت نامرێ. ئەرێ ئەوەی باوەڕ دەکەی؟

27) بە وی گوت: «بەڵێ ئەی ڕەب، ئەمن باوەڕ دەکەم کە ئەتۆ مەسیح کوڕی خوڵای، ئەوەی کە بۆ دنیایێ دێ.»

28) و کە ئەوەی کوتبوو، چوو و خوشکی خۆی مریەمی بانگ کرد و بە دزی کوتی: «مامۆستا لێرەیە و بانگت دەکا.»

29) و کە ئەو ئەوەی بیست زوو هەڵستا و هاتە کن ئەوی.

30) ئەمما یەسووع هێشتا لەنێو دێی نەهاتبوو، بەڵا دەو جێیەیدا بوو کە مەرتا بە پیرەوەی وی چووبوو.

31) ئەو یەهوودییان کە دەگەڵ ئەوی دە ماڵێدا بوون و سەرەخۆشییان بە وی دەدا، وەختێکی دیتیان کە مریەم بە زوویی هەڵستا و چوو دەرێ وەدوای وی کەوتن، فکریان دەکرد دەچێتە سەر قەبرێ کە لەوێ بگریێ.

32) وەختێکی مریەم هاتە ئەو جێیەی کە یەسووع لەوێ بوو و کە ئەوی دی، کەوتە پێیانی وی و بە وی گوت: «ئەی ڕەب ئەگەر ئەتۆ لێرە ببوویایی برای من نەدەمرد.»

33) وەختێکی یەسووع ئەوی دی کە دەگریا و ئەو یەهوودییانەش کە دەگەڵ ئەوی هاتبوون کە دەگریان، دە ڕوحدا عاجز بوو و خۆی لەرزاندەوە.

34) «و کوتی ئەوو لە کوێ داناوە؟» بە وییان گوت: «ئەی ڕەب، وەرە و ببینە.»

35) یەسووع گریا.

36) ئەو دەمی یەهوودییان کوتیان تەماشا بکەن چلۆن ئەوی خۆش دەویست.

37) بەڵا هێندێک لە وان کوتیان: «ئەوە کە چاوانی ئەو کوێرەی کردەوە، ئەرێ نەیدەتوانی کارێکی بکردبایە کە وەش نەمردبا؟»

38) لەبەر ئەوەی یەسووع دیسان دە خۆیدا عاجز بوو و هاتە کن قەبرێ و ئەشکەوتێک بوو و بەردێک لەسەر ئەوی داندرا بوو.

39) یەسووع کوتی: «ئەو بەردەی هەڵگرن.» مەرتا خوشکی مردووەکەی بە وی گوت: «ئەی ڕەب ئەلان بۆگەنیو بووە، چونکە چوار ڕۆژە.»

40) یەسووع بە وی گوت: «ئەرێ بە تۆم نەگوت کە ئەگەر باوەڕ بکەی جەلالی خوڵای دەبینی.»

41) ئەو دەمی بەردەکەیان هەڵگرت و یەسووع چاوانی خۆی بۆ سەرێ هەڵێنا و کوتی: «یا بابە، مننەتی تۆ هەڵدەگرم کە گوێ لە منت گرتووە.

42) ئەمن دەزانم کە ئەتۆ هەمیشە گوێ لە من دەگری، بەڵا لەبەر خەڵکی کە دەورەندەور ڕاوەستاون ئەوەم گوت، هەتاکوو باوەڕ بکەن کە ئەتۆ ئەمنت ناردووە.»

43) و کە ئەوەی کوتبوو بە دەنگێکی بڵند قیژاندی: «ئەی ئیلعازەر وەرە دەرێ.»

44) مردووەکە هاتە دەرێ، دەست و پێیانی بە کفنێ بەستراو و ڕووی وی بە دەسماڵێکی پێچراو. یەسووع بە وانی گوت: «ئەوی بکەنەوە و بێڵن کە بڕوا.»

45) ئەو دەمی زۆران لە یەهوودییان کە هاتبوونە کن مریەم و دیبوویان ئەو چتەی کە کردی، بە وی ئیمانیان هێنا.

46) بەڵا هێندێک لە وان چوونە کن فریسییان و ئەو چتەی کە یەسووع کردبووی بە وانیان گوت.

47) ئەو دەمی کاهینانی گەورە و فریسییان مەجلیسێکیان خڕ کردەوە و کوتیان: «چی بکەین؟ چونکە ئەو پیاوە زۆر نیشانان دەکا.

48) ئەگەر ئەمە ئەوی وەها بێڵین، هەمووان بە وی ئیمان دێنن و ڕوومییان دێن و جێی مە و میللەتی مەش دەستێنن.»

49) بەڵا یەکێک لە وان، قیافا، کە ئەوێ ساڵێ کاهینی گەورە بوو بە وانی گوت: «ئەنگۆ هیچ چتێک نازانن.

50) و حیسابیش ناکەن کە بۆ ئەنگۆ قازانجە کە یەک نەفەر بۆ قەومێ بمرێ و کە هەموو میللەت هەلاک نەبێ.»

51) ئەمما ئەو چتەی لە خۆیەوە نەگوت، بەڵا چونکە ئەوێ ساڵێ کاهینی گەورە بوو پێغەمبەرێتی کرد کە یەسووع بۆ میللەت دەبا بمرێ.

52) و نە تەنیا بۆ ئەو میللەتەی، بەڵا هەتاکوو منداڵانی خوڵای کە بڵاویش بوونەوە بۆ یەکی خڕ بکاتەوە.

53) دەنا لە ئەوێ ڕۆژێ پاش تەگبیریان کرد کە ئەوی بکوژن.

54) لەبەر ئەوەی یەسووع لەنێو یەهوودییان ئیدی بە ئاشکرا نەدەگەڕا، بەڵا لە ئەوێ وەدەر کەوت بۆ دێیانی نیزیکی چۆڵی، بۆ شارێکی کە نێوی ئافرایم بوو و لەوێ دەگەڵ شاگردانی ما.

55) و فەسحی یەهوودییان نیزیک بوو و زۆران لە دێیان لە پێش فەسحی بۆ ئورشەلیمی وەسەر کەوتن هەتاکوو خۆیان پاک بکەن.

56) و بۆ یەسووع حەولیان دەدا. و کە دە هەیکەلێدا ڕاوەستابوون بە یەکتریان دەگوت: «ئەنگۆ چی فکر دەکەن؟ ئەرێ بۆ جێژنێ نایێ؟»

57) بەڵا کاهینانی گەورە و فریسییان حوکمیان دابوو کە ئەگەر بزانێ لە کوێیە خەبەر بدا هەتاکوو ئەوی بگرن.