باب ١٠

از کتاب:
ئینجیلی موقەدەس
اثر:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 5 دقیقه  192 مشاهده

1) ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەوەی کە بە دەرکەی وەژوور ئاغەڵی مەڕان ناکەوێ بەڵا لە جێیەکی دیکە وەسەر دەکەوێ، ئەو دز و جەردەیە.

2) بەڵا ئەوەی کە بە دەرکەی وەژوور دەکەوێ شوانی مەڕانە.

3) بۆ وی دەرکەوان دەکاتەوە و مەڕان دەنگی وی دەبیێن و مەڕانی خۆی بە نێو بانگ دەکا و ئەوان دەباتە دەرێ.

4) وەختێکی هەموو ئی خۆی دەر کردەوە لە پێش ئەوان دەچێ و مەڕان وەدوای وی دەکەون، چونکە دەنگی وی دەناسن.

5) ئەمما وەدوای غەریبەیەکی قەت ناکەون، بەڵا لە وی هەڵدێن، چونکە دەنگی غەریبان ناناسن.

6) یەسووع ئەو مەسەلەی بە وان گوت، بەڵا ئەوان تێ نەگەیشتن ئەو چتە چی بوو کە دەگەڵ ئەوان قسەی دەکرد.

7) لەبەر ئەوەی یەسووع بە وانی گوت: «ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەمنم دەرکەی مەڕان.

8) هەموو ئەوانەی کە لە پێشی من هاتوون، دز و جەردانن، بەڵا مەڕان گوێیان لە وان نەگرتووە.

9) ئەمنم دەرکە، ئەگەر کەسێک بە من وەژوور بکەوێ، خەڵاس دەبێ و وەژوور و وەدەر دەکەوێ و لەوەڕێ پەیدا دەکا.

10) دز نایێ مەگەر کە بدزێ و سەر ببڕێ و هەلاکی بکا. ئەمن هاتووم کە ژیانیان ببێ و کە زێدەیان ببێ.

11) ئەمنم شوانی چاک. شوانی چاک گیانی خۆی بۆ مەڕان دادەنێ.

12) ئەوەی کە کرێکارە و شوان نییە، کە مەڕان ئی وی نین، دەبینێ کە گورگ دێ و مەڕان بەجێ دێڵێ و هەڵدێ و گورگ ئەوان دەگرێ و بڵاو دەکا.

13) چونکە کرێکارە و خەمی مەڕان ناخوا.

14) ئەمنم شوانی چاک و ئی خۆم دەناسم و لە ئی خۆم ناسراوم.

15) چلۆنێکی باب ئەمن دەناسێ و ئەمن باب دەناسم و گیانی خۆم بۆ مەڕان دادەنێم.

16) مەڕانی دیکەشم هەیە کە لە ئەو ئاغەڵەی نین، ئەوانیش دەبێ بێنم و دەنگی دەبیێن و یەک مێگەڵ و یەک شوان دەبێ.

17) لەبەر ئەوەی باب ئەمن دەحوببێنێ، چونکە ئەمن گیانی خۆم دادەنێم هەتاکوو دیسان ئەوی بستێنمەوە.

18) هیچکەس ئەوی لە من ناستێنێ، بەڵا ئەمن لە خۆم ئەوی دادەنێم. حیکماتم هەیە کە ئەوی دابنێم و حیکماتم هەیە کە دیسان ئەوی بستێنمەوە. ئەو حوکمەی کە بابی خۆمم قەبوڵ کردووە.»

19) دیسان لەنێو یەهوودییان لەبەر ئەو قسانە جوێبوونەوەی بوو.

20) و زۆران لە وان کوتیان: «جننی هەیە و شێتە، بۆچی گوێ لە وی دەگرن؟»

21) ئی دیکان کوتیان: «ئەو قسانە ئی جنندارێ نین. مەگەر جننێک دەتوانێ چاوانی کوێران بکاتەوە؟»

22) ئەو وەختی جێژنی مەمبارەکبادی هەیکەلێ دە ئورشەلیمیدا بوو و زستان بوو.

23) و یەسووع دە هەیکەلێ دە هەیوانی سلێماندا دەگەڕا.

24) ئەو دەمی یەهوودییان دەوری وییان گرت و بە وییان گوت: «هەتا کەنگێ گیانی مە دە شکدا ڕادەگری؟ ئەگەر ئەتۆی ئەو مەسیح، بە ئاشکرا بە مە بڵێ.»

25) یەسووع بە وان جوابی دا: «بە ئەنگۆم کوتووە و ئیمان نایەنن. ئەو کارانەی کە ئەمن بە نێوی بابی خۆم دەکەم، ئەوانە لەسەر ئەمن شایەدی دەدەن.

26) بەڵا ئەنگۆ ئیمان نایەنن، چونکە لە مەڕانی من نین.

27) مەڕانی من دەنگی من دەبیێن و ئەمن ئەوان دەناسم و وەدوای من دەکەون.

28) و ئەمن ژیانی ئەبەدی بە وان دەدەم و هەتا ئەبەدێ قەت هەلاک نابن و هیچکەس ئەوان لە دەستی من ناڕفێنێ.

29) بابی من کە ئەوانی بە من داوە لە هەمووان گەورەترە و هیچکەس ناتوانێ ئەوان لە دەستی باب بڕفێنێ.

30) ئەمن و باب یەکین.»

31) دیسان یەهوودییان بەردانیان هەڵگرت کە ئەوی بەردەباران بکەن.

32) یەسووع بە وان جوابی دا: «ئەمن زۆر کارانی چاک لە بابی خۆم بە ئەنگۆم نیشان داوە. ئەرێ لەبەر کێهە کارێکی لە وان ئەمن بەردەباران دەکەن؟»

33) یەهوودییان بە وی جوابیان دا: «لەبەر کارێکی چاک ئەتۆ بەردەباران ناکەین، بەڵا لەبەر کفر و چونکە ئەتۆ کە ئینسانی خۆت بە خوڵا دەکەی.»

34) یەسووع بە وان جوابی دا: «ئەرێ دە شەریعەتی ئەنگۆدا نەنووسراوە، ئەمن کوتم: ئەنگۆ خوڵایانن؟

35) ئەگەر ئەوانی بە خوڵایان بانگ کرد کە کەلامی خوڵای بۆ وان هات و کتێب ناتوانێ بەتاڵ بکرێ.

36) ئەرێ بە وەی کە باب موقەددەسی کردووە و بۆ دنیایەی ناردووە ئەنگۆ دەڵێن کفر دەڵێ، چونکە کوتم: کوڕی خوڵام؟

37) ئەگەر کارانی بابی خۆم ناکەم، باوەڕ بە من مەکەن.

38) بەڵا ئەگەر دەیکەم، هەر چەند ئەنگۆ بە من باوەڕ ناکەن، بە کاران باوەڕ بکەن هەتاکوو تێ بگەن و بزانن کە باب دە مندایە و ئەمن دە بابدام.»

39) لەبەر ئەوەی دیسان حەولیان دا کە ئەوی بگرن و لە دەستی وان دەرچوو.

40) و دیسان چوو بۆ ئەولای ئوردن، بۆ ئەو جێی کە یوحەننا هەوەڵێ لەوێ بوو و تەعمیدی دەکرد و لەوێ ما.

41) و زۆران هاتنە کن ئەوی و کوتیان: «یوحەننا هیچ نیشانەیەکی نەکرد، بەڵا هەموو چتی کە یوحەننا بەحسی وی گوت، ڕاست بوو.»

42) و زۆران لەوێ بە وی ئیمانیان هێنا.