باب ١٥

از کتاب:
ئینجیلی موقەدەس
اثر:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 4 دقیقه  228 مشاهده

1) بەڵا هەموو ڕاداران و گوناحکاران نیزیکی وی دەبوون کە گوێی لێ بگرن.

2) و فریسییان و خوێندەواران بۆڵەبۆڵیان دەکرد، دەیانگوت: «ئەوە گوناحکاران قەبوڵ دەکا و دەگەڵ ئەوان دەخوا.»

3) بەڵا ئەو مەسەلی بۆ وان دەهێنا، دەیگوت:

4) «کێهە کەس لە ئەنگۆ کە سەد مەڕی هەبێ و یەکێک لە وان ون بکا، ئەو نەوەت و نۆی دە چۆڵیدا بەجێ نایەڵێ و لە دوای ئەوەی کە ون بووە ناچێ، هەتا ئەوی پەیدا بکا؟

5) و کە پەیدای کردەوە بە خۆشحاڵی لەسەر شانانی خۆی دادەنێ.

6) و کە دێتە ماڵێ، دۆستان و جیرانان بانگ دەکا و بە وان دەڵێ: دەگەڵ ئەمن خۆشحاڵ بن، چونکە مەڕی خۆم کە ون بوو، پەیدام کردووە.

7) بە ئەنگۆ دەڵێم: کە هەر واش دە ئاسماندا خۆشحاڵی دەبێ لەسەر یەک گوناحکار کە تۆبە دەکا، پتر لە لەسەر نەوەت و نۆ سادقان کە موحتاجی تۆبەی نین.

8) یان کێهە ژن کە دە درهەمی هەبێ ئەگەر یەک درهەم ون بکا چرای هەڵ ناکا و ماڵی گەسک لێ نادا و بە وردی لێی ناگەڕێ هەتا ئەوی پەیدا بکا؟

9) و کە پەیدای کردەوە، دۆستان و جیرانان بانگ دەکا و دەڵێ: «دەگەڵ ئەمن خۆشحاڵ بن، چونکە ئەو درهەمەی کە ونم کردبوو، پەیدام کردەوە.»

10) بە ئەنگۆ دەڵێم: کە هەروەها دە پێش مەلایکەتانی خوڵایدا خۆشحاڵی دەبێ، لەسەر یەک گوناحکار کە تۆبە دەکا.

11) و کوتی: پیاوێک دوو کوڕی هەبوو.

12) و ئەو چکۆلەتری وان بە بابی گوت: «ئەی بابە، ئەو بەشەی ماڵێ کە بۆ من دەکەوێ بە من بدە!» و ماڵی بۆ وان بەش کرد.

13) و چەند ڕۆژان لە پاش ئەوەی ئەو کوڕی چکۆلەتر هەموو چتی خڕ کرد و بۆ وڵاتێکی دوور چوو و لەوێ ماڵی خۆی بە لوتیگەری خەسار کرد.

14) بەڵا وەختێکی ئەو هەموو چتی فەوتاندبوو، قاتییەکی گەورە دەو وڵاتەیدا پەیدا بوو و ئەو دەستی پێ کرد کە محتاج ببێ.

15) و چوو خۆی بە یەکێک لە ئەهلی ئەو وڵاتەی چەسپاند و ئەو ئەوی ناردە زەویانی خۆی کە بەرازان بلەوەڕێنێ.

16) و ئارەزووی دەکرد کە زگی خۆی پڕ بکا لە خڕنۆکانی کە بەرازان دەیانخوارد و کەس بە وی نەدەدا.

17) بەڵا وەختێکی لەسەر خۆی هات، کوتی: «چەند کرێکارانی بابی من نانی زیادیان هەیە بەڵا ئەمن لێرە لە برسان هیلاک دەبم.»

18) هەڵدەستم و دەچمە کن بابی خۆم و بە وی دەڵێم: «ئەی بابە، گوناحم کردووە لەسەر ئاسمان و دە پێشتی تو.

19) ئیدی لایق نیم کە کوڕی تو بانگ بکرێم، ئەمن وەکوو یەکێک لە کرێکارانی خۆت بکە.»

20) و هەڵستا و هاتە کن بابی خۆی. بەڵا وەختێکی ئەو هێشتا دوور بوو، بابی وی دیتی و دڵی سووتا و لنگی دا و کەوتە سەر ئەستۆی وی و زۆری ماچ کرد.

21) و کوڕەکە بە وی گوت: «ئەی بابە، گوناحم کردووە لەسەر ئاسمان و دە پێشی تو، ئیدی لایق نیم کە کوڕی تو بانگ بکرێم.»

22) بەڵا بابەکە بە خزمەتکارانی خۆی گوت: «جلی لە هەمووان چاتر زوو دەرێنن و دەبەر ئەوی بکەن و ئەنگوستیلێکی دە دەستی وی بکەن و کەوشان دە پێیانی.

23) و جوانەگای قەڵەو بێنن، سەری ببڕن و با بخۆین ۆ کەیفخۆش ببین.

24) چونکە ئەو کوڕەی من مردوو بوو و زیندوو بۆوە، ون بوو و پەیدا بۆوە». و دەستیان پێ کرد کە کەیفخۆش ببن.

25) بەڵا کوڕی گەورەی وی دە زەوییدا بوو، و کە نیزیکی ماڵێ دەهات، دەنگی بەزم و سەمای بیست.

26) و یەکێک لە نۆکەرانی بانگ کرد و پرسیاری کرد کە ئەو چتە چی بێ.

27) و ئەو بە وی گوت: «کە برای تۆ هاتەوە و بابی تۆ جوانەگای قەڵەوی سەر بڕیوە، لەبەر ئەوەی کە ئەوی بە ساغ و سڵامەتی وەرگرتەوە.»

28) و ڕقی هەستا و نەیویست کە وەژوور بکەوێ، بەڵا بابی وی وەدەر کەوت و لێی پاڕاوە.

29) بەڵا ئەو جوابی دا و بە بابی گوت: «ئەوەتا چەند ساڵ خزمەتی تۆ دەکەم، و قەت لە ئەمری تۆ دەر نەکەوتووم و قەت کاریلێکت بە من نەداوە، هەتاکوو دەگەڵ دۆستانی خۆم کەیفخۆشی بکەم.

30) ئەمما وەختێکی ئەو کوڕەی تۆ هات کە ماڵی تۆی دەگەڵ قاحبان خواردووە، جوانەگای قەڵەو بۆ ویت سەر بڕیوە.»

31) بەڵا ئەو بە وی گوت: «ئەی ڕۆڵە، ئەتۆ هەمیشە دەگەڵ ئەمنی و هەموو چتی من ئی تۆیە.

32) ئەمما کەیفخۆشکردن و خۆشحاڵبوونی لازیمە چونکە ئەو برای تۆ مردوو بوو و زیندوو بۆوە و ون بوو و پەیدا بۆوە.»