باب ١١

از کتاب:
ئینجیلی موقەدەس
اثر:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 7 دقیقه  218 مشاهده

1) و بوو کە ئەو دە جێیەکیدا دوعای دەکرد، وەختێکی خەڵاس بوو، یەکێک لە شاگردانی بە وی گوت: «یا ڕەب، فێرمان بکە کە دوعا بکەین، چلۆنێکی یوحەنناش شاگردانی خۆی فێر کرد.»

2) و بە وانی گوت: «وەختێکی دوعا دەکەن بڵێن: یا بابە، نێوت موقەددەس ببێ، پادشایەتی تۆ بێ.

3) نانی مە، ئی هەر ڕۆژ، ڕۆژ بە ڕۆژ بە مە بدە.

4) و گوناحانی مە ببەخشە، چونکە ئەمەش هەر قەرزدارێکی خۆمان دەبەخشین و ئەمەی دە تەجرەبەیدا مەبە.»

5) و بە وانی گوت: «کێهە لە ئەنگۆ دۆستێکی هەبێ و نیوەشەوێ بچیتە کن ئەوی و بە وی بڵێ: ئەی دۆست، سێ نان بە قەرز بە من بدە!

6) چونکە دۆستێکی من، لە سەفەرێکی هاتۆتە کن ئەمن و هیچم نییە کە لە پێشی وی دابنێم.

7) و ئەوەی لە ژوورێ جواب بدا و بڵێ: زەحمەتم مەدە! دەرکە ئەلان داخراوە و منداڵانی من دەگەڵ ئەمن دە دۆشەگیدان. ناتوانم هەڵستم و بە تۆ بدەم.

8) بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر چەند ئەو هەڵناستێ و نایدا لەو سەبەبەی کە دۆستی وییە، دیسان لەبەر ڕووسەختی وی هەڵدەستێ و هەر چەندێکی کە موحتاجە بە وی دەدا.

9) ئەمنیش بە ئەنگۆ دەڵێم: تەڵەب بکەن، بە ئەنگۆ دەدرێ، حەول بدەن و پەیدا دەکەن، لە دەرکەی بدەن و بۆ ئەنگۆ دەکرێتەوە.

10) چونکە هەر کەس کە تەڵەب بکا وەردەگرێ و ئەوەی کە حەول بدا پەیدا دەکا و بۆ وەی کە لە دەرکەی بدا دەکرێتەوە.

11) بەڵا کێهە لە ئەنگۆ کە بابە، ئەگەر کوڕی وی ماسییەکی لێ تەڵەب بکا، مەگەر لەجیاتی ماسییەکی مارێکی بە وی دەدا؟

12) یان ئەگەر هێلکەی لێ تەڵەب بکا مەگەر دوپشکێکی بە وی دەدا؟

13) دەنا ئەگەر ئەنگۆ کە خراپن دەزانن کە دیارییانی چاک بە منداڵانی خۆتان بدەن، چەند زیاتر بابی ئاسمانی ڕوحولقدوس دەدا بە ئەوانەی کە لێی تەڵەب بکەن.»

14) و جننێکی وەدەر خست و ئەو لاڵ بوو. و بوو کە وەختێکی ئەو جننە وەدەر کەوتبوو، ئەو لاڵە قسەی کرد و خەڵکی عەجایب مان.

15) بەڵا هێندێک لە وان کوتیان: «بە بەعلەزبول مەزنی جیننان، جیننان دەر دەکا.»

16) و ئی دیکانێ کە ئەویان تەجرەبە دەکرد، نیشانەیەکیان لە ئاسمانێ لە وی تەڵەب دەکرد.

17) بەڵا ئەو خەیاڵانی وانی زانی و بە وانی گوت: «هەر پادشایەتییەکی کە لەسەر خۆی جوێ ببێ، خراپ دەبێ و ماڵ لەسەر ماڵ دەڕوخێ.

18) و ئەگەر شەیتانیش لەسەر خۆی جوێ بوویایە، پادشایەتی وی چلۆن ڕادەوەستێ؟ چونکە ئەنگۆ دەڵێن کە ئەمن بە بەعلەزبول جیننان دەر دەکەم.

19) و ئەگەر ئەمن بە بەعلەزبول جیننان دەر دەکەم، کوڕانی ئەنگۆ بە کێ ئەوان دەر دەکەن؟ لەبەر ئەوەی ئەوان حوکمکەرانی ئەنگۆ دەبن.

20) بەڵا ئەگەر ئەمن بە قامکی خوڵای جیننان دەر دەکەم، دەنا پادشایەتی خوڵای لەسەر ئەنگۆ گەیشتووە.

21) وەختێکی ئەو ساحیب قووەتە لە قەڵای خۆی بە چەککراوی کێشکی دەکێشێ، ماڵی وی دە سڵامەتی دایە.

22) بەڵا وەختێکی یەکێک لە وی بە قووەتتر لەسەر ئەوی بێ و ئەوی زەوت بکا، چەکی وی دەستێنێ کە هومێدی لەسەر دانابوو و تاڵانی وی بەش دەکا.

23) ئەوەی کە دەگەڵ ئەمن نییە، زیددی منە. و ئەوەی کە دەگەڵ ئەمن خڕ ناکا بڵاو دەکا.

24) وەختێکی ڕوحی پیس لە ئینسانێکی وەدەر کەوتەوە دە جێیانی بێ ئاو دەگەڕێ و حەولی ڕەحەتی دەدا. و کە پەیدا ناکا دەڵێ دەگەڕێمەوە بۆ ماڵی خۆم کە لێی وەدەر کەوتووم.

25) و کە دێتەوە ئەوێ ماڵدراو و جوانکراو پەیدا دەکا.

26) ئەو وەختی دەچێ و حەوت ڕوحانی دیکە خراپتر لە خۆی دەگەڵ خۆی هەڵدەگرێ و وەژوور دەکەون و لەوێ دەمێنن و ئاخری ئەو ئینسانەی لە هەوەڵێ خراپتر دەبێ.»

27) و بوو کە وەختێکی ئەو، ئەوانەی گوت، ژنێک لەو غەڵەباییەی دەنگی هەڵێنا و بە وی گوت: «خۆزگە بە ئەو منداڵدانەی کە ئەتۆی هەڵگرت و ئەو مەمکانەی کە مژتت.»

28) بەڵا ئەو کوتی: «ئەدی بەڵا خۆزگە بە ئەوانەی کە کەلامی خوڵای دبیێن و ڕایدەگرن.»

29) و کە خەڵکی زۆر خڕ بوونەوە، دەستی پێ کرد کە بڵێ ئەو سلسلە سلسلەیەکی خراپە. نیشانەی تەڵەب دەکا و نیشانەیەک بە وی نادرێ بێجگە لە نیشانەی یونس.

30) چونکە چلۆنێکی یونس بۆ نەینەوایان نیشانەیەکی بوو، هەر واش کوڕی ئینسانی بۆ ئەو سلسلەی دەبێ.

31) مەلەکەی جنووبی دە دیواندا دەگەڵ پیاوانی ئەو سلسلەی هەڵدەستێ و حوکمی لەسەر ئەوان دەکا چونکە ئەو لە پەڕانی ئەرزێ هات کە عەقڵداری سلەیمان ببیێ و ئەوەتا لێرە زیاتر لە سلەیمان هەیە.

32) پیاوانی نەینەوا دە دیواندا دەگەڵ ئەو سلسلەی هەڵدەستن و حوکمی لەسەر ئەوی دەکەن، چونکە بە وەعزی یونس تۆبەیان کرد و ئەوەتا لێرە زیاتر لە یونس هەیە.

33) هیچکەس وەختێکی چرایەکی هەڵ کردووە دە جێیەکی دزی یان لە بن کێلی دانانێ بەڵا لەسەر پێچرا هەتاکوو ئەوانەی کە دێنە ژوورێ ڕوناکایی ببینن.

34) چرای بەدەن چاوتە. وەختێکی چاوی تۆ ڕوونە هەموو بەدەنی تۆش ڕووناکە. بەڵا وەختێکی خراپە بەدەنی تۆش تاریکە.

35) دەنا تەماشا بکە کە ڕووناکایی کە دە تۆدایە تاریک نەبێ.

36) دەنا ئەگەر هەموو بەدەنی تۆ ڕووناک بێ و پارچەیەکی تاریکی نەبێ، تەواو ڕووناک دەبێ وەکوو وەختێکی چرایەک بە شەوقی خۆی ڕووناکی بە تۆ دەدا.

37) بەڵا وەختێکی قسەی دەکرد فریسییەکی لێی تەڵەب کرد کە دەگەڵ ئەوی کاوەڵتون بخوا و وەژوور کەوت و لەسەر سفرەی ڕۆنیشت.

38) و کە ئەو فریسیە دیتی کە هەوەڵێ لە پێش کاوەڵتونی دەستی نەشووشت، عەجایب ما.

39) بەڵا ڕەب بە وی گوت: «ئەوێستا ئەنگۆ فریسییان دەرەوەی جامی و بوشقاپی پاک دەکەن بەڵا ژوورەوەی ئەنگۆ پڕە لە زوڵم و خراپی.

40) ئەی کەم عەقڵان ئەوەی کە دەرەوەی دروست کرد، ئەرێ ژوورێشی دروست نەکردووە؟

41) بەڵا ئەو چتانەی ژوورێ سەدەقە بدەن و ئەوەتا هەموو چتی بۆ ئەنگۆ پاکە.

42) بەڵا وای بۆ ئەنگۆ ئەی فریسییان کە دە یەکی نەعنە و ڕازیانە و هەر جۆر سەبزیەتی دەدەن و لە عەداڵەتی و موحەببەتی خوڵای ڕادەبرن! ئەوانە لازمە کە بەجێ بێنن و کە لە ئەوانی دیکە ڕانابرن.

43) وای بۆ ئەنگۆ ئەی فریسییان کە کورسی بەرەژوور دە کەنیشتاندا خۆشوو دەوێ و سڵاوان دە مەیداناندا.

44) وای بۆ ئەنگۆ کە وەکوو قەبرانی ونن و ئینسانان کە لەسەریان دەگەڕێن نازانن.»

45) و یەکێک لە شەرعکەران جوابی دا و بە وی گوت: «مامۆستا، بە کوتنی ئەوانە ئەمەش سەرکۆنە دەکەی.»

46) بەڵا ئەو کوتی: «وای بۆ ئەنگۆش ئەی شەرعکەران کە ئینسانان بار دەکەن بە باران کە بە زەحمەت هەڵدەگرن و بۆخۆتان بە یەکێک لە قامکانی خۆتان لەو بارانەی لێ نادەن.

47) وای بۆ ئەنگۆ کە قەبرانی پێغەمبەران دروست دەکەن، بەڵا بابانی ئەنگۆ ئەوانیان کوشت.

48) کە وایە شایدن و قایلن بە عەمەلانی بابانی خۆتان چونکە ئەوان بەڕاستی ئەوانیان کوشت بەڵا ئەنگۆ دروستی دەکەن.

49) لەبەر ئەوەش عەقڵداری خوڵای کوتی: پێغەمبەران و ڕەسوڵان دەنێرمە کن ئەوان. هێندێک لە وان دەکوژن و هێندێک دەر دەکەن.

50) هەتاکوو خوێنی هەموو پێغەمبەران کە لە هەوەڵی دنیایێ ڕژاوە لە ئەو سلسلەی بستێندرێ.

51) لە خوێنی هابیل هەتا خوێنی زەکەریا کە لە مابەینی مزبەح و هەیکەلێدا کوژرا. بەڵێ بە ئەنگۆ دەڵێم، لە ئەو سلسلەی دەستێندرێ.

52) وای بۆ ئەنگۆ ئەی شەرعکەران کە هاچەری ناسینیو هەڵگرتووە. بۆ خۆتان وەژوور نەکەوتوون و ئەوانەی کە وەژوور دەکەوتن مەنعوو کردووە.»

53) و کە ئەو لە ئەوێ وەدەر کەوت خوێندەواران و فریسییان دەستیان پێ کرد بە زۆر تاڵووکە و پرسیار لێ کردن، بەحسی جوێ جوێ چتانی.

54) و لە وی دە کەلێندا بوون کە چتێک لە زاری وی بگرن.