باب ٩

از کتاب:
ئینجیلی موقەدەس
اثر:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 8 دقیقه  243 مشاهده

1) و ئەو دوازدانەی بانگ کرد و قووەت و حیکماتی لەسەر هەموو ڕوحانی پیس، بە وان دا و کە نەخۆشییان ساغ بکەنەوە.

2) و ئەوانی نارد کە پادشایەتی خوڵای وەعز بکەن و کە نەخۆشان ساغ بکەنەوە.

3) و بە وانی گوت: «چتێک بۆ ڕێی هەڵ مەگرن، نە عەسا، نە توربین، نە نان و نە دراو و نەش هەر کەسێک دوو کراسی هەبێ.

4) و دە هەر ماڵێکیدا کە وەژوور دەکەون، لەوێ بمێنن و لە ئەوێ بڕۆن.

5) و هەر کامێکی کە ئەنگۆ قەبوڵ نەکەن، وەختێکی لەو شارەی دێنە دەرێ، تۆزی لە پێیانی خۆتان بتەکێنن بۆ شایەدی لەسەر ئەوان.»

6) و وەدەر کەوتن و دە دێیان دەگەڕان و ئینجیلیان وەعز دەکرد و دە هەموو جێیەکیدا ساغیان دەکردەوە.

7) بەڵا هێرۆدێس تێترارک بیستی ئەو هەموو چتانەی کە دەبوون و تەواو بە شک بوو، چونکە لە هێندێکی کوترا کە یوحەننا لەنێو مردووان هەڵستاوەتەوە.

8) و لە هێندێکی کە ئەلیاس بیندراوە، بەڵا لە ئی دیکانە کە پێغەمبەرێک، یەکێک لە قەدیمییان هەڵستاوەتەوە.

9) ئەمما هێرۆدێس کوتی: «یوحەننا ئەمن بێ سەرم کردووە، بەڵا ئەوە کێیە کە بەحسی وی ئەو جورە چتانەی دەبیێم؟ و دەیویست کە بیبینێ.»

10) و کە ڕەسوڵان گەڕانەوە لە هەر چی کە کردبوویان، خەبەریان بە وی دا. و ئەوانی هەڵگرت و خۆی وەلا کێشا بەتەنێ بۆ شارێکی کە بەیت سەیدا بانگ دەکرا.

11) بەڵا وەختێکی خەڵکی ئەوەیان زانی، وەدوای وی کەوتن و ئەوانی قەبوڵ کرد و بەحسی پادشایەتی خوڵای بۆ وان قسەی دەکرد و ئەوانەی کە موحتاجی ساغبوونەوەی بوون، ساغی دەکردنەوە.

12) بەڵا وەختێکی ڕۆژ ئاوابوونی دەست پێ دەکرد، ئەو دوازدانە هاتنە پێش و بە وییان گوت: «خەڵکی مورەخەس بکە، هەتاکوو بۆ دێیان و مەزرایانی دەورەندەور بچن و مەنزڵ بگرن و خۆراک پەیدا بکەن، چونکە لێرە دە جێیەکی چۆڵدا هەین.»

13) بەڵا ئەو بە وانی گوت: «ئەنگۆ بە وان بدەن کە بخۆن.» بەڵا ئەوان کوتیان: «ئەمە پتر لە پێنج نان و دوو ماسیمان نییە. مەگەر ئەمە بچین و بۆ هەموو ئەو خەڵکەی خۆراک بکڕین.»

14) چونکە بەقەد پێنج هەزار پیاو بوون و بە شاگردانی خۆی گوت: «ئەوانە ڕۆبنیشێنن بە دەستە دەستە، هەر یەکەی بەقەد پێنجا کەس.»

15) و وەهایان کرد و هەموویان ڕۆنیشاندن.

16) و کە ئەو پێنج نانان و دوو ماسیانی هەڵگرت، ڕووی دە ئاسمانێ کرد، ئەوانی ممبارەک کرد و لەتی کرد و دای بە شاگردان کە لە پێش خەڵکی دابنێن.

17) و خواردیان و هەموویان تێر بوون و لە لەتکان کە لە وان مابوونەوە دوازدە قرتاڵەی پڕ هەڵگیرانەوە.

18) و بوو کە وەختێکی ئەو دوعای دەکرد شاگردان بەتەنێ دەگەڵ ئەوی بوون و لە وانی پرسی، دەیگوت: «خەڵکی کێ دەڵێن کە ئەمن بم؟»

19) و ئەوان جوابیان دا و کوتیان: «یوحەننا تەعمیددەر و هێندێک ئەلیاس، بەڵا ئی دیکان کە پێغەمبەرێک، یەکێک لە قەدیمییان هەڵستاوەتەوە.»

20) و ئەو بە وانی گوت: «بەڵا ئەنگۆ کێ دەڵێن کە ئەمن بم؟» و پیترۆس جوابی دا و کوتی: «مەسیحی خوڵای.»

21) و قەدەغەی لە وان کرد و ئەسپاردی کە ئەو چتەی بە هیچکەس نەڵێن.

22) دەیگوت: «لازمە بۆ کوڕی ئینسانی کە ئەزیەتی زۆر بکێشێ و ڕەد بکرێ لە پیران و کاهینانی گەورە و خوێندەواران، و بکوژرێ و دە ڕۆژی سێیەمدا هەڵبستێندرێتەوە.»

23) و بە هەمووانی گوت: «ئەگەر کەسێک بیەوێ لە دوای من بێ، با لە خۆی ببوورێ و هەر ڕۆژ سێدارەی خۆی هەڵگرێ و وەدوای من بکەوێ.

24) چونکە ئەوەی کە بیەوێ گیانی خۆی خەڵاس بکا، ونی دەکا، بەڵا ئەوەی کە گیانی خۆی بۆ خاتری من ون بکا، ئەو خەڵاسی دەکا.

25) چونکە بۆ ئینسان چی فایدەیە ئەگەر هەموو دنیایی قازانج بکا، بەڵا خۆی ون یا خەسار بکا؟

26) چونکە هەر کەس کە لە من و لە کەلامی من شەرمێ بکا، کوڕی ئینسانیش لە ئەوی شەرمێ دەکا، وەختێکی دێ دە جەلالی خۆی و ئی باب و ئی مەلایکەتانی موقەددەسدا.

27) بەڵا ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم لە ڕاوەستاوان لێرە هێندێک هەن کە مردنێ قەت ناچێژن هەتا پادشایەتی خوڵای نەبینن.»

28) و بوو بەقەد هەشت ڕۆژان لە پاش ئەو قسانە کە پیترۆس و یوحەننا و یەعقووبی هەڵگرت و وەسەر کێوی کەوت کە دوعا بکا.

29) و کە ئەو دوعای دەکرد، شکلی ڕووی وی گۆڕا و جلی وی سپی و تریشکەدار بوون.

30) و ئەوەتا دوو کەس دەگەڵ ئەوی قسەیان دەکرد کە مووسا و ئەلیاس بوون.

31) کە دە جەلالدا بیندران و بەحسی ڕۆینی وی کە دە ئورشەلیمێدا دەبا تەواوی بکا، قسەیان دەکرد.

32) ئەمما پیترۆس و ئەوانەی کە دەگەڵ ئەوی بوون لە خەوی گران بوون؛ بەڵا وەختێکی چاک وەخەبەر هاتن، جەلالی وی و ئەو دوو کەسانەیان دی کە دەگەڵ ئەوی ڕاوەستابوون.

33) و بوو کە وەختێکی ئەوان لە ئەوی جوێ بوونەوە، پیترۆس بە یەسووعی گوت: «ئەی مامۆستا، چاکە کە ئەمە لێرە بین. و با سێ کەپران دروست بکەین، یەکێک بۆ تۆ و یەکێک بۆ مووسا و یەکێک بۆ ئەلیاس.» نەیدەزانی چی دەگوت.

34) بەڵا وەختێکی ئەوانەی دەگوت، هەورێک هات و سێبەری خستە سەر ئەوان و کە ئەوان وەژوور هەوری دەکەوتن ترسان.

35) و دەنگێک لە هەورێ بوو دەیگوت: «ئەوەیە کوڕی من؛ ئەو هەڵبژێراوە، گوێی لێ بگرن!»

36) و کە ئەو دەنگەی بوو، یەسووع بەتەنێ پەیدا بوو و ئەوان بێدەنگ بوون و بۆ هیچکەس دەو ڕۆژاندا خەبەریان نەدا لە ئەو چتانەی کە دیبوویان.

37) و بوو کە دە ڕۆژی دیدا، وەختێکی ئەوان لە کێوی هاتنە خوارێ، خەڵکێکی زۆر بە پیرەوەی وی هاتن.

38) و ئەوەتا، پیاوێک لە خەڵکی قیژاندی دەیگوت: «ئەی مامۆستا، تکات لێ دەکەم تەماشا بکە لە کوڕی من، چونکە تاقانەی منە.

39) و ئەوەتا ڕوحێک ئەوی دەگرێ و جێبەجێ دەچریکێنێ و ئەوی دەدڕێ وەها کە کەف هەڵدەخرێنێ و بە زەحمەت لەوی دەڕوا و شل و کوتی دەکا.

40) و لە شاگردانی تۆ تکام کرد کە ئەوی دەر بکەن و نەیانتوانی.»

41) بەڵا یەسووع جوابی دا و کوتی: «ئەی سلسلەی بێ ئیمان و لاڕێ، هەتا کەنگی دەگەڵ ئەنگۆ بم و لە ئەنگۆ سەبرێ بکەم؟ کوڕی خۆت بێنە ئێرە.»

42) و کە هێشتا ئەو دەهاتە پێش، جن ئەوی خستە خوارێ و دڕاندی. بەڵا یەسووع هەڕەشەی لەو ڕوحە پیسەی کرد و کوڕەکەی ساغ کردەوە و دای بە بابی خۆی.

43) و هەمووان لە گەورەیی خوڵای شێوان، بەڵا وەختێکی هەمووان عەجایب دەمان لەسەر هەموو چتانی کە دەیکرد؛

44) بە شاگردانی خۆی گوت: «ئەنگۆ ئەو قسانە دە گوێیانی خۆتاندا دابنێن، چونکە کوڕی ئینسانی تەسلیم بە دەستانی ئینسانان دەکرێ.»

45) بەڵا ئەوان ئەو قسەی تێ نەگەیشتن و لە وان شاردراو بووە وەها کە ئەویان نەفامی و دەترسان کە بەحسی ئەو قسەی لە وی بپرسن.

46) و خەیاڵێک لەنێو وان پەیدا بوو کە کێهە لە وان گەورەتر بێ.

47) و کە یەسووع خیاڵی دڵی وانی زانی، منداڵێکی گرت و ئەوی لە کن خۆی ڕاگرت.

48) و بە وانی گوت: «هەر کەس کە ئەو منداڵەی بە نێوی من قەبوڵ بکا، ئەمن قەبوڵ دەکا و هەر کەس کە ئەمن قەبوڵ بکا، ئەوەی قەبوڵ دەکا کە ئەمنی ناردووە. چونکە ئەوەی کە لەنێو ئەنگۆ چکۆلەترە، ئەو گەورەیە.»

49) یوحەننا جوابی دا و کوتی: «ئەی مامۆستا، یەکێکمان دی کە جننانی بە نێوی تۆ دەر دەکرد و مەنعمان لێ کرد چونکە دەگەڵ ئەمە ناکەوێ.»

50) و یەسووع بە وی گوت: «مەنعی مەکەن؛ چونکە ئەوەی کە زیددی ئەنگۆ نییە، لەلای ئەنگۆیە.»

51) و بوو کە وەختێکی ڕۆژانی هەڵکێشرانی وی تەواو دەبوون؛ و ئەو ڕووی خۆی قایم دانا کە بۆ ئورشەلیمێ بڕوا.

52) و قاسیدانی دە پێش خۆیدا نارد و چوون و وەژوور دێیەکی سۆمەرییان کەوتن، هەتاکوو بۆ وی حازر بکەن.

53) و ئەویان قەبوڵ نەکرد چونکە ڕووی وی بۆ ئورشەلیمێ دەچوو.

54) بەڵا وەختێکی شاگردان، یەعقووب و یوحەننا دیتیان، کوتیان: «ئەی ڕەب، ئەرێ دەتەوێ کە بڵێین کە ئاور لە ئاسمانێ بێتە خوارێ و ئەوان هیلاک بکا؟»

55) بەڵا ئەو وەرگەڕا و ئەوانی زەم کرد و کوتی: «ئەنگۆ نازانن لە کێهە ڕوح هەن، چونکە کوڕی ئینسانێ نەهاتووە کە گیانی بنی ئادەمێ هیلاک بکا، بەڵا کە خەڵاس بکا.»

56) و بۆ دێیەکی دیکە چوون.

57) و کە ئەوان دە ڕێیدا دەچوون، کەسێک بە وی گوت: «هەر جێیەکی کە بچی وەدوای تۆ دەکەوم.»

58) و یەسووع بە وی گوت: «ڕێوییان کونانیان هەیە و تەیڕانی ئاسمانێ هێلانان، بەڵا کوڕی ئینسانی جێی نییە کە سەری لێ دابنێ.»

59) ئەمما بە ئی دیکەی گوت: «وەدوای من بکەوە.» بەڵا ئەو کوتی: «ئیزنم بدە کە هەوەڵێ بچم و بابی خۆم بنێشم.»

60) ئەمما ئەو بە وی گوت: «لە مردووان گەڕێ کە مردووانی خۆیان بنێشن، بەڵا ئەتۆ بچوو پادشایەتی خوڵای وەعز بکە.»

61) و یەکی دیکەش کوتی: «وەدوای تۆ دەکەوم، یا ڕەب، بەڵا هەوڵێ ئیزنم بدە کە لە ئەوانەی کە دە ماڵی خۆمدان خوڵاحافیزی بکەم.»

62) بەڵا یەسووع بە وی گوت: «کەسێک کە دەست لەسەر ئاموری دابنێ و تەماشای پشتەوە دەکا، لایقی پادشایەتی خوڵای نییە.»