باب ٥
1) و بوو کە وەختێکی خەڵکی لەسەر ئەوێ خڕ بوونەوە کە گوێ لە کەلامی خوڵای بگرن و ئەو لە کن بەحری جنیسارت ڕاوەستابوو.
2) دوو گەمێیانی دی لە کن بەحری ڕاوەستاو، بەڵا ماسیگران لە وان وەدەر کەوتبوون و تۆڕانیان دەشووشت.
3) و دە یەکێک لەو گەمێیانە کە ئی شەمعوونی بوو وەژوور کەوت و لە وی تەڵەب کرد کە کەمێک لە وشکی دوور بکێشێ و ڕۆنیشت و لە گەمێ جەماعەتانی تەعلیم دەدا.
4) و کە لە قسەکردنی خەڵاس بوو بە شەمعوونی گوت: «لێ خوڕێ بۆ قووڵی و تۆڕانی خۆتان باوێژن بۆ ڕاوێ.»
5) و شەمعوون جوابی دا و کوتی: «ئەی ئاغا دە هەموو شەوێدا زەحمەتمان کێشاوە و هیچمان نەگرتووە، بەڵا بە قسەی تۆ، تۆڕان داوێژم.»
6) و کە ئەوەیان کرد، دەورەی جەمعێکی زۆری ماسیانیان گرت و تۆڕانی وان دەدڕان.
7) و بۆ هاواڵان دە گەمێی دیکەدا ئیشاڕەتیان کرد کە بێن و دەگەڵ ئەوان بکێشن و هاتن و هەر دووک گەمێیان پڕ کرد، وەها کە ئەوان قم دەبوون.
8) و کە شەمعوون پیترۆس دیتی کەوتە بەر چۆکانی یەسووع، دەیگوت: «یا ڕەب لە کن ئەمن وەدەر بکەوە چونکە پیاوێکی گوناحکارم.»
9) چونکە شێواوی ئەوی گرتبوو و هەموو ئەوانەی کە دەگەڵ ئەوی بوون، لە سەر ئەو ڕاوەی ماسییان کە گرتبوویان.
10) و هەر واش یەعقووب و یوحەننا، کوڕانی زەبدی کە شەریکی شەمعوونی بوون. و یەسووع بە شەمعوونی گوت: «مەترسە، لەوەی پاش ئینسانان دەگری.»
11) و کە گەمێیانیان لەسەر وشکی هێنابوو هەموو چتیان بەجێ هێشت و وەدوای وی کەوتن.
12) و بوو کە وەختێکی ئەو دە یەکێک لە شاراندا بوو، ئەوەتا پیاوێک پڕ لە گولێتی بوو و کە یەسووعی دی بەسەر ڕوودا کەوت و لێی پاڕاوە، دەیگوت: «یا ڕەب ئەگەر بتەوێ دەتوانی ئەمن پاک بکەیەوە.»
13) و دەستی درێژ کرد و دەستی لێ دا، دەیگوت: «دەمەوێ، پاک بەوە.» و جێبەجێ گولێتی لەسەر ئەوی لاچوو.
14) و ئەو حوکمی لێ کرد کە بە هیچکەس نەڵێ، بەڵا بڕۆ خۆت بە کاهین نیشان بدە و ئەو قوربانییەی بەرە بۆ پاکبوونەوەی خۆت چلۆنێکی مووسا ئەمری کردووە بۆ شایەدی لەسەر ئەوان.
15) بەڵا خەبەری بەحسی وی هەر پتر بڵاو بۆوە و جەماعەتانی زۆر خڕ بوونەوە کە گوێی لێ بگرن و کە لە نەخۆشیانەی خۆیان ساغ ببنەوە.
16) بەڵا ئەو خۆی وەلای دەکێشا دە چۆڵاندا و دوعای دەکرد.
17) و بوو دە یەکێک لەو ڕۆژانەدا کە ئەو تەعلیمی دەدا و فریسیان و موعەلیمانی شەریعەت کە لە هەر دێیەکی جەلیلێ و یەهوودییە و ئورشەلیمێ هاتبوون ڕۆنیشتبوون و قووەتی ڕەب دە ویدا بوو بۆ ساغکردنەوەی.
18) و ئەوەتا چەند کەس، پیاوێکی کە ئیفلیج بوو لەسەر دۆشەگێکیان دەهێنا و دەیانویست کە ئەوی وەژوور بێنن و دە پێش ئەوی دایبنێن.
19) و کە لەبەر خەڵکی ڕێیان پەیدا نەکرد کە ئەوی وەژوور بێنن؛ وەسەر بانی کەوتن و بە نێو خشتاندا ئەویان دەگەڵ دۆشەگی بۆ نێوی لە پێش یەسووع دایشتە خوارێ.
20) و کە باوەڕی وانی دی کوتی: «ئەی پیاو، گوناحانی تۆ، بە تۆ، بەخشراون.»
21) و خوێندەواران و فریسیان دەستیان پێ کرد کە فکر بکەن، دەیانگوت: «ئەوە کێیە کە کفر دەڵێ؟ کێ دەتوانێ گوناحان ببەخشێ بێجگە لە خوڵای تەنیا؟»
22) بەڵا کە یەسووع خەیاڵانی وانی زانی جوابی دا و بە وانی گوت: «دە دڵی خۆتاندا چی فکر دەکەن؟
23) کێهە هاسانترە؟ کە بڵێی: گوناحانی تۆ بەخشراون یان کە بڵێی: هەڵستە و بگەڕێ؟
24) بەڵا هەتاکوو ئەنگۆ بزانن کە کوڕی ئینسانی حیکماتی هەیە لەسەر ئەرزێ کە گوناحان ببەخشێ، بەو ئیفلیجەی گوت، بۆ تۆ دەڵێم، هەڵستە و دۆشەگی خۆت هەڵگرە و بڕۆ ماڵی خۆت.»
25) و جێبەجێ هەڵستا لە پێش ئەوان و ئەو چتەی کە لەسەری کەوتبوو هەڵگرت و چوو ماڵی خۆی و شوکری خوڵای دەکرد.
26) و تەعەجوب هەمووانی داگرت و شوکری خوڵایان کرد و لە ترس پڕ بوون، دەیانگوت: «ئەوڕۆ چتانی عەجایبمان دیوە.»
27) و لە پاش ئەو چتانە وەدەر کەوت و ڕادارێکی دی کە نێوی لاوی بوو، لە کن گومروگی ڕۆنیشتبوو و بە وی گوت: «وەدوای من بکەوە.»
28) و هەموو چتی بەجێ هێشت، هەڵستا و وەدوای وی کەوت.
29) و لاوی میمانییەکی گەورەی دە ماڵی خۆیدا بۆ وی کرد و جەمعێکی زۆری ڕاداران و ئی دیکانە دەگەڵ ئەوان لەسەر سفرەی ڕۆنیشتبوون.
30) و فریسیان و خوێندەوارانی وان لەسەر شاگردانی وی بۆڵەبۆڵیان دەکرد، دەیانگوت: «لەبەر چی دەگەڵ ڕاداران و گوناحکاران دەخۆن و دەخۆنەوە؟»
31) یەسووع جوابی دا و بە وانی گوت: «ساغان ئیحتیاجی حەکیمیان نییە بەڵا نەخۆشان.
32) نەهاتووم کە سادقان بۆ تۆبەی بانگ بکەم، بەڵا گوناحکاران.»
33) و ئەوان بە وییان گوت: «شاگردانی یوحەننا زۆر جاران ڕۆژوو دەگرن و دوعا دەکەن، هەر واش ئی فریسیان، بەڵا ئی تو دەخۆن و دەخۆنەوە.»
34) و یەسووع بە وانی گوت: «ئەرێ ئەنگۆ دەتوانن بکەن کە خەڵکی داوەتێ ڕۆژوو بگرن، وەختێکی زاوا دەگەڵ ئەوانە؟
35) بەڵا ڕۆژان دێن کە زاوا لە وان دەستێندرێ و ئەو وەختی دەو ڕۆژاندا بە ڕۆژوو دەبن.»
36) و مەسەلێکی بە وان گوت کە هیچکەس پەڕۆیەکی لە جلی تازە نادڕێ و لە جلێکی کۆنی بدا، ئەگەر نە، ئەو تازەش دەدڕێ و پینەی لەو تازەی دە کۆنەیدا جێ ناگرێ.
37) و هیچکەس شەڕاپی تازە دە مەشکانی کۆن تێ ناکا، ئەگەر نە، شەڕاپی تازە مەشکان دەقەڵەشێنێ و بۆ خۆی دەڕژێ و مەشکان زایە دەبن.
38) بەڵا شەڕاپی تازە دە مەشکانی تازە تێ دەکرێ و هەردووکیان ڕادەگیرێن.
39) و هیچکەس کە شەڕاپی کۆنی خواردبێتەوە، ئی تازەی ناوێ، چونکە دەڵێ، ئەو کۆنە چاترە.