چاوەڕێ

از کتاب:
کەژاوەی دڵ
اثر:
ناصر آقابرا (1968-2020)
 3 دقیقه  489 مشاهده
خۆشەویستم لەمێژ ساڵە چاوەڕێتم
گوێ لە زەنگی دەرگا دەگرم
چاوی هیوا بەسەر هاتووچوونی کاتەژمێر دادەگرم
دڵی تەنگ دەلاوێنمەوە
هەموو ڕۆژێ ماڵە ژیکەڵانەکەم دەڕازێنمەوە
دەڵێم لەپڕ میوانم دێ
خونچەی ئاواتم دەپشکوێ و دوایی خەمی ژیانم دێ
هەر کە دەنگێک لە دەرکی دێ
لە حەوشە بچکۆلانەکەم هەستی پێ دێ
دڵی تەنگم خورپەی لێ دێ
داخوا کێ دێ؟
پشووم نایە، هەست ڕادەگرم
چەنگ و ددان بە جەرگی کونکون دادەگرم
کاتێ دەبینم ئەتۆ نی لەخۆ دەچم
دەڵێی بۆ ماوەیەک دەمرم
ئەوجار بە ئێش و ژانەوە
بە چاوی پڕ لە گریانەوە
لەسەر خاک و خۆڵی زەوی دەتلێمەوە
وەکوو زامار دەکولێمەوە
ئاخر بەڵێن ئاوا نەبوو ئەتۆ نووسیبووت دێمەوە
 
ئازیزەکەم
چەن نەورۆزە گەزیزەکان
بووکە کێویلکە دڵشکاوە زیزەکان
هەواڵی تۆم لێ دەپرسن
کاتێک دەڵێم بێ هەواڵم
ڕەنگ و ڕوویان دەبزرکێ
وا دیارە لە بێ هەواڵیت دەترسن
ئازیزەکەم ئەو ڕۆژەی کە بۆ ئاخرین ماڵئاوایی دەستت دامێ چت پێ گوتم؟
نەتگوت: دەچم لە شۆڕەکات تۆوی گوڵاڵە دەچێنم
نەتگوت دەچم لە پشت ئاسۆ شەپۆلی نوور دەتەقێنم
نەتگوت: کاتێ گەڕامەوە لە مەڵبەندی سەوزی بەهار
دەست دەگێڕم دە لالەزار، بە یادگار کۆشێک گەزیزەت بۆ دێنم
بۆچی خۆت خستە گەرداوێ
من ئەوانەم هیچیان ناوێ
هەر پێم بڵێ چت لێ هاتووە، بۆ نایەوە
بۆ لەگەڵ بەفران توایەوە
ئازیزەکەم هەموو ساڵێ کاتێک بەهار دێتەوە
جوانیی سروشت دەژێتەوە
لە چیاکان گوڵ و گیا شین دەبێتەوە
ڕووبارەکان لێم دەپرسن؟ خەمبارەکە ئەوی ون بوو نەتدیتەوە
ئەرێ ناڵێن کەی دێتەوە؟
گەر دەڵێم نا، ڕووباری ڕوون وەک هەتاوی ئێوارە ڕەنگی دەپەڕێ
وەک فرمێسکی خوێناوی سوور هەڵدەگەڕێ
لە دواییدا بە زەمزەمەی دوعای بەخێر بەجێم دێڵێ و سەر لەنوێ دەکەوێتە ڕێ
لەو بەهارە تەماوییە
بەو دیمەنە خەماوییە
دڵی دار و بەردی چیا ڕادەپەڕێ
بەڵام دونیا بە تەواوی خەمبار نییە
مەینەت چییە
ئی وا هەیە بە ئاهەنگی گریانی گەل هەڵدەپەڕێ
 
خۆشەویستم
لە شەوانی پاییزدا گەلێک جاران دەتبینم و دێیە خەوم
جارێک بە دڵی خەمینەوە
کاتێک بە پێکەنینەوە
لە من وایە لە کەژاوەی سەوزم ناوی، سواری شەپۆلانم کردووی دەتبەمەوە
منداڵەکانی گەڕەکێ
بە جلی ڕەنگاوڕەنگەوە
گوڵ و ڕیحان بە چنگەوە
بە قریوە و چەپڵەڕێزان
لە پێشتدا دێن و دەچن
بۆت دەخوێنن شیعر و هۆزان
گوڵ و سەوزەت پێدا دەکەن،
کوڕ و کچانی هاوسێمان
چاوبەکلان زێڕلەملان، کەمەرشلان
لە کووچەدا، لە حەوشەدا
بە دەسرەی ڕەش لە پێشتدا
بێ گۆرانی و بێ مۆسیقا، سەما دەکەن
 
خۆشەویستم
گەلێک جاران، لێکدانەوەی خەونەکانم لە پیری زانا دەپرسم
لە ئاکامی خەونەکانی خۆم دەترسم
بە زیارەتی دیدارت شادم کەرەوە
خەم و خەفەتەکانم لەبیر بەرەوە
دوایین تکا و ئاواتی من لە پێش مەرگمدا ئەوەیە
زوو وەرەوە، زوو وەرەوە