بێوەفایی

از کتاب:
کەژاوەی دڵ
اثر:
ناصر آقابرا (1968-2020)
 3 دقیقه  444 مشاهده
دڵم دەگری
گریانێکی بە کڵوکۆ
پڕ لە خەفەت، پڕ لە بۆسۆ
دڵم دەگری
وەک منداڵێک بووکەشووشەیەکی هەبێ و خۆشی بوێ
دەستێکی تر لێی بشکێنێ
وەک کۆترێک
تاقە جووجەڵەیەکی بێ و هەڵۆیەک لێی بخنکێنێ
وەک بولبولێک
لە دونیادا، تەنیا خونچەیەک، شک بەرێ و جاروبارە بۆی بخوێنێ
دەستێکی غەریب و نامۆ بیچنێت و لێی بڕفێنێ
وەک مەلێکی بێ سەرپەنا
هێلانەیەکی گەرمی بێ و ڕەشەبا لێی بڕوخێنێ
دڵم دەگری
گریانێکی پڕ لە شەرم
ئەسرینم وەک وردە بارانێکی نەرم
بە ئاگری تەبی خەفەت ئازای لەشم وەکوو مومێک داگیرساوە گەرم گەرم
خەمبار تەنیا دڵی منە
گوڵی دزراو، گوڵی منە
بێجگە لە قرچەی دەروونم لە زۆر لایان
دەگاتە گوێم دەنگی لاوژە و کەڕەنایان
هەڵپەڕکێیەک بە دڵی لاوان
بە کەیفی باڵا لاولاوان
لە حەوشەی گەورەماڵێکا دێت و دەچێ
دڵی منە دەشێلدرێ لەژێر پەنجەی چۆپیکێشان بە خاکی ڕەشدا ڕۆ دەچێ
بە دیتنی ئەو دیمەنە چەق و چۆیەک بەنێو لەشمدا دەگەڕێ
بیرەوەرییە جوانەکانی پێکەوەبوون
وەک بروسکە بە مێشکمدا تێ دەپەڕێ
ئەو ڕۆژانەی کە دووبەدوو
بەرەو چیا دەمانگرت دەستی ئارەزوو
بە پێکەنین، لە ڕێگەدا
گوڵ و سەوزە و گژ و گیامان پێک دادەدا
دەچووینە سەر کانیاوە پڕ لە ئاوەکان
دەچووینە دەم شەتاوەکان
وەک دوو پەپوولەی بەختەوەر
تێر دەگەڕاین لە دەشت و دەر
لە دواییدا، بە گوڵچنین، بە پێکەنین
بە پەنجەبازی و شەڕەئاو
لەگەڵ دوایین زەردەی هەتاو
وەک دوو نیسێ، بێدەنگ و بە ئاسپایی
دەخوشینەوە نێو ئاوایی
خۆشەویستم کاتێک لە جلی بووکێنیدا
لەژێر تارا، لەوپەڕی دڵڕفێنیدا
بەلای منا ڕادەبردی
کچۆڵەکان بە سەما و بە چەپڵەڕێزان
بەرەو کەژاوەیان بردی
تەمێک بەسەر هەر دوو چاوی دڵم کشا
بە تەواوی توامەوە لە شەوی ڕەشا
کاتێ کەژاوەت کەوتە ڕێ
بە شل شلێن و بە سەما
بوونەوەر لە دێدا نەما
بە گۆرانی، بە هەڵهەڵە و بەزم و شایی
دوور بوویەوە، لە ئاوایی
منی خەمبار بەجێ مابووم بە تەنیایی
پیرەساز، دەزرینگایەوە
چیا دەنگی دەدایەوە
هەی شل، هەی شل، هەی تۆق لە مل
هەی خاکم بەسەر چاو بە کل
کاتێ کەژاوەی تۆ بەرەو هێلانەی چارەنووس دەچوو
ئەمن لە داوێنی چیا
کۆرپەی تاقە ئاواتەکەم لەسەر کۆشم گیانی دەرچوو
لەنێو قەڵای دڵخنکێنی پەژارەدا
لەو دەشت و چۆلەوارەدا
ئاوازی نەرمی شنەبا دەری هێنام لە تەنیایی
بەستەیەکی بۆ گوتمەوە
بە ئاهەنگی لایی لایی
لانکی دڵمی ڕادەژاند بە ئاسپایی
دەزانی بەستەکە چ بوو؟
پڕ بە چیا دەیچریکاند
بێوەفایی، بێوەفایی ...