دەردی ئەوین

از کتاب:
کەژاوەی دڵ
اثر:
ناصر آقابرا (1968-2020)
 1 دقیقه  713 مشاهده
یاران یادم کەن، یاران یادم کەن
یادی دڵەکەی نامرادم کەن
بە ویسالی یار دەمێک شادم کەن
لە بەندیخانەی خەم ئازادم کەن
عیلاجی ژانی کۆنەبرینم کەن
ئاو لە دەروونی ئاگرینم کەن
نامە بە خوێنی هەناوی بریان
بنووسن ئەمما مەیدەن بە زریان
بیدەن بە شەماڵ هەناسەی پەریان
بیباتە حوزوور شۆخی موکریان
بانگی تەبیبێک بۆ سەرینم کەن
سۆراغی یاری نازەنینم کەن
بە جامێک لە مەی بمتاوێننەوە
بە ساز و بە نەی بملاوێننەوە
لە باوەش ئەودا بمحاوێننەوە
نەغمەی وەفاییم بۆ بخوێننەوە
ئەگەر نەوتوانی هەر تەسکینم کەن
فوویەک لە شەمی کزی ژینم کەن
یاران پێم خۆشە گۆڕم لە بان بێ
با گوێم لە قاسپەی خۆشی کەوان بێ
با گوێم لە ڕازی شمشاڵی شوان بێ
با گوێم لە قاقای بێریانی جوان بێ
خانەخوێی بەزمی پڕ ئەوینم کەن
نەکەن هەر بێن و گەرمەشینم کەن