شاری ژاراوی
بە بۆنەی بۆمبارانی کیمیایی شاری سەردەشت
از کتاب:
کەژاوەی دڵ
اثر:
ناصر آقابرا (1968-2020)
2 دقیقه
618 مشاهده
هاواڵی ئەزیزی هاووڵاتم
بەینێکە منی غەریب لەلاتم
ناپرسی لە من کە چۆن بوو هاتم
یا بۆچی لە شارەکەم هەڵاتم
ناپرسی کە بۆ لە شارەکەی تۆم
جێم هێشتووە ماڵ و حاڵەکەی خۆم
ئەوجار ئیدی بۆ گەڕان نەهاتووم
لە چنگ شووم و بەدفەڕان هەڵاتووم
بیستووتە بە ژار و تۆز و دەرمان
بێگانە چیان هێنا بە سەرمان
زانیوتە کە شاری سەوز و دڵگر
بێ نەوت و شقارتە کەوتە ئاگر
ئەو شارە بە دیمەنەی کە جاران
شانازی بە خۆی دەکرد بەهاران
ئەو شارە کە عالەمی سەفا بوو
ئاوی وەکوو مەرحەمی شەفا بوو
بۆنی گوڵ و دەنگی بولبولانی
خرمەی کەمەرەی شل و ملانی
گیانێکی تری دەدا بە ڕێبوار
هەستی هۆنەری دەخستە گوفتار
دڵگر بوو وەکوو بەهەشتی مەشهوور
ئێستا بۆتە لانەیەکی خاپوور
کانگای خەمە شوێنی مەرگە ئەوڕۆ
خاکی هەموو لەتکە جەرگە ئەوڕۆ
تۆزی خەفەت و نەمانی لێ نیشت
موندی غەزەڵی خەمانی لێ نیشت
کردیانە مەکانی بەزمی شەیتان
عەرعەر بوونە داری دارە مەیتان
گیراوە زمان و دەنگی بولبول
زەردایی بڕا لە چاوی پڕ کل
هاواڵی بەڕێز و هاوزمانم
هاوپشت و برای هەموو دەمانم
ئەو ڕۆژە کە شارە جوانەکەی من
دایگرتبوو هەوری تۆزی دوژمن
خڕخاڵ لە دەس و تەڵا لە گەردن
بێ تەققە دەکەوتن و دەمردن
ئەودەم کە لە ئاسمانی شاری
بارانی ڕەشی مەرگ دەباری
من ڕووم دەڕنی و بە کوڵ دەگریام
بۆ کەس نەبوو تا بگاتە فریام
کوا ئەو هەموو کۆشکە سوور و شینە
بۆ مافی مرۆڤ دەدەن لە سینە
بۆم بانگ کەنە ڕێکخراوی حەقناس
زەینێکی بداتە شاری قەقناس
گەر نیتی سرنج و گوێی سکاڵا
بەس مافی گەلان بکاتە ئاڵا