قەسەمنامە

از کتاب:
کەژاوەی دڵ
اثر:
ناصر آقابرا (1968-2020)
 2 دقیقه  712 مشاهده
سوێند بە تریفەی مانگی زێوین
بەو هەڵاڵانەی لە کێوین
بە ڕازی ڕووبارانی مەنگ
بە باڵایی سەروی شۆخ و شەنگ
بە وەنەوشەی کز و دڵتەنگ
بە ناڵەی نەی بە سۆزی چەنگ
بە قاسپەی کەوی لاپەڕان
بە ئاونگی بانەمەڕان
سوێند بە پڕشەنگی چاوی کاڵ
بە تریقەی بێ خەوشی منداڵ
بە ئەوینی لاس و خەزاڵ
بە سینگی کونکونی شمشاڵ
بە زرینگەی دەفەی دەروێشان
بە تاقەتی چللەکێشان
بە ڕەنگی زەردی ڕەشپۆشان
بە خوماری قەدەحنۆشان
بە چریکەی بەرزی دەنگخۆشان
بە پەیمانەی مەیفرۆشان
سوێند بە وەفای کۆنەدۆستان
بە شنەبای ساردی کوێستان
بە نەشئەی لالە بەدەستان
بە چیاکانی کوردستان
بە گرمەی مەشکەی کابانان
بە لار و لەنجەی جوانان
بە خرمەی بازنە و مەنگۆڵان
بە نارەناری کیژۆڵان
بە سێبەری ماڵی جیران
بە ناز و نووزی دەزگیران
بە ڕەنجی کوڕانی لادێ
بەو نامەیەی لە تۆڕا دێ
سوێند بە پەپوولەی ڕەزاسووک
بە سورمەی چاوی تازەبووک
بە چریکەی بەرزی قەناری
بە ڕەسمی کۆنی دڵداری
بە نەورۆزی وڵاتەکەم
بە مێژینە ئاواتەکەم
بە ئەسرینی تکاوی شەم
بە خۆشەویستی زین و مەم
بە سوورە قورینگی دەم چۆمان
بە چاکەچکۆڵەکەی خۆمان
سوێند بە ڕەنجی شان و بازوو
بە گرشەی کۆ و تەرازوو
بە گوڵەگەزیزەی کەم تەمەن
بە خاشخاشک و بە یاسەمەن
بە بەفراوی لەند و سەهەند
بە ئەوینی خەج و سیامەند
بە قەندیلی سەر تەماوی
بە دڵانی بەسۆ و خەماوی
بە زەردایی بوومەلێڵە
بە بلوێری شوانە وێڵە
بە بەرزایی دوندی هەڵگورد
بە لایەلایەی دایکی کورد
بە خاکی پاکی نیشتمان
بە ڕوحی بەرزی گشتمان
ئەوینی تۆم هەر لە دڵە
تاسەی تۆم هەر وا بەکوڵە
هەر وەک بەڵێنیم پێداوی
سەری خۆمم لە گرێو ناوی
هەر لەسەر قەولی جارانم
لە ڕیزەی وەفادارانم
ئێستاش هەر تۆ گوڵی منی
داگیرکەری دڵی منی
ئاوێتەی نەغمەی سازانی
تێکەڵاوی ئاوازانی
دەنگی دڵبزوێنی ماملێ
چ بە قەتارچ چ بە لێ لێ
کاتێ دەڵێ دەتپەرستم
تۆ دەخاتە بیر و هەستم
لە ئەوین ئەتۆی مەبەستم
ئەگەر بەرزم، ئەگەر پەستم
ئەتۆی سەرچاوەی هەڵبەستم
نیشتمانی خۆشەویستم