نەهاتی
از کتاب:
کڵپەی دەروون
اثر:
ملا عبدالرحمانی فاتحی (1930-2002)
1 دقیقه
412 مشاهده
قەرار بوو بێی بچین بۆ دۆڵی خوارێ
نەهاتی، ئاور و ئاسنم لێ دەبارێ
لە شەققەی باڵ دەدەم، تا ماوە هێزم
لە گوڵزاری گوڵان دەگرم قەرارێ
بەسەر چوو کاتی لاوی و عەیش و نۆشم
چلۆن نەگریم! لە چاوان خوین نەبارێ
وەکوو بولبول لە پۆپەی چڵ کە دەمخوێند
هەزار قومری لە دەورم بوون بەجارێ
دەڵێی چی؟ پیاو کە پیر بوو، ساردە بازاڕ
بە بایەک ڕادەژێ وەک پیرەدارێ
منیش وەک داری سەر کەنداڵ و هەڵدێر
ڕەگ و ڕیشەم ڕزی سەر تا بە خوارێ
ترووسکەی زیندەگیم تاریکە وەک شەو
بە زەحمەت گەر بگاتە لای حەسارێ
ئەوەند پەڕپووت و شەپڕێو و کەنفتم
دەڵێم ناخۆم لە گیاوگۆڵی بەهارێ
دەمێکە کاکی «بانی»ش زویرە لێمان
نە دێتە ئاش، نە سەر چۆم و ڕووبارێ
لەلای دیش خاڵە «نەوزادی» لەبەر فیز
ئەبەد بۆ لای مە نابڕێ ڕێ گوزارێ
خودا، بۆ «فاتیحیتخلص» و گشت کەس پەنای تۆ
ببەخشە پێم لە عوقبا چەسمەسارێ