دەردی پیری

از کتاب:
کڵپەی دەروون
اثر:
ملا عبدالرحمانی فاتحی (1930-2002)
 2 دقیقه  433 مشاهده
نازانم چۆنم پیری گەییە سەر
چۆنی لێ گرتم گۆشە و دەورو بەر؟!
پیر و زەعیف و سەر لێشێواوم
لوتفی تۆم دەوێ خودای بانی سەر
بەهاری عومرم بوو بە پایزە ساڵ
وەک بەفری زستان ڕیشم هاتە دەر
کۆخە و نالێن و هاوار و ڕۆڕۆ
هەر لەبەر پیری لێم کەوتوونە دەر
بە گۆچان نەبێ ڕۆینم زەحمەتە
لەرز و بێهێز و بێ لاق و لەتەر
بە گەنجی چۆن بووم، شۆخ و قیت و قۆز
بە فیز، بە دەمار بە تانە و تەشەر
خۆشیی ژیانم لێ بۆتە خەون
چاوم نابینێ ڕوخساری دڵبەر
شێر و پڵنگ و ئەژدیهای کێوی
چ حەدیان هەبوو من بکەنە دەر
کوێستانی لاویم زەرد هەڵگەڕاوە
لێم بوونە ئەغیار نازدار و ئەسمەر
بوومە یەخسیری نەفسی ئەممارە
کردەوەی چاکم نەبوو غەیری شەڕ
شریتی عومرم هاتۆتە دوایی
هەربینا جێم هێشت دنیای پڕ کەدەر
پیری دای هێنا قەدی شمشاڵم
تەڕایی نەهێشت لە گیان و جگەر
پشت چەمانەوەم مایەی پیرییە
سیس و ژاکاو و بێ سەمع و بەسەر
چاو بە چاویلکە و دەست بە گۆچانم
نەمماوە مەیلی چوونی دەشت و دەر
هەنگاو شل بوون و بێ خورد و خەویم
تا دوێنێ لەوان هیچ نەبوو خەبەر
هەرچی کردوومە گشت بەدبەختییە
پەنام هەر ئەتۆی سەییدی سەروەر
ئێستاش دەمبینی نەخۆش و چڵمن
بێ تاب و تاقەت، پیر و قوڕبەسەر
نەفەس و شەیتان و دونیاپەرستیم
لەسەر ڕێگەی ڕاست خستمیانە دەر
سەرپاکی ئەعزام وەک گۆشت کوڵاوە
خوایە زۆر شوکرم بە قەزا و قەدەر
خودایە بۆ خاتری ڕەسوڵی ئەکرەم
لە داوی شەیتان بمانهێنیە دەر
خوایە پێش پیری زۆر خۆشە مردن
پیری مردنە بۆ بەنی بەشەر
لە ڕێی سەعادەت هیدایەتم دەی
دوورم کەی لە ڕێی پڕ خۆف و خەتەر
«ئاشووفتە» حاڵ و پەرت و پەرێشان
نەسووتێم بە گڕی ئاگری سەقەر