ژن

از کتاب:
کڵپەی دەروون
اثر:
ملا عبدالرحمانی فاتحی (1930-2002)
 2 دقیقه  447 مشاهده
ماڵی دونیا هەر ژنە، خۆشی هەموو ئینسانە ژن
ماڵی بێ ژن با خەرا بێ، گەوهەری تابانە ژن
هەر کەسێ هۆش و شعووری بێ سڵەی ناکا لە ژن
پیاوی بێ ژن گێژ و حۆلە، شەو چرای ماڵانە ژن
دەوڵەت و داهاتی زۆرت با هەبێ، بێ ژن چییە؟
بەردی بنچینەی حەیاتە، ناز و نووزی جوانە ژن
گەنجی قاروونت هەبێ، یا تەختی شاهی و سەروەری
بێ بەها و پوچ و بەتاڵە، مەرهەم و هەتوانە ژن
نیعمەتی گەورەی خودا، یەکیان ژنە گەر تێ بگەی
لابەری فیسق و فجوور و، دوژمنی شەیتانە ژن
پیاو لە چەوتی و لاری ڕێگە لادەدا گەر ژن هەبێ
ئاینەی باڵانوێن و هاودەمی مەردانە ژن
باعیسی خۆشی و سروور و شادییە، گەر دەس کەوێ
مایەیی دووری لە ئاگر، غەفڵەت و عیسیانە ژن
هەر ئەوە ئیماندەر و ئیمانبەر و ماڵ تێکدەرە
هەر ئەوە ئاوی حەیاتە، سەروەت و سامانە ژن
هاوبەشی ژینە هەتا مردن، لە وت چاکتر نییە
مەعدەنی میهر و مەحببەت، لوتفی بێ پایانە ژن
ڕووت و قووت و بێنەوا بی، خۆشە هەتبێ خەمڕەوێن
گەوهەر و زێڕ و مەتاعە، زینەتی شاهانە ژن
شەوچرا و خەم لابەرە، شەوقی دڵە، نازپەروەرە
ڕاحەتی دڵ، بۆنی سونبل، «فاتیحیتخلص»، ڕیحانە ژن