حەمە پۆڵا

از کتاب:
کڵپەی دەروون
اثر:
ملا عبدالرحمانی فاتحی (1930-2002)
 3 دقیقه  260 مشاهده
ئەم پارچە هەڵبەستەی خوارەوە لەبەر ئەوەی کاک مەلا محەمەدی زوودی بۆ خۆشی کردبوویە، لە پەراوێزی چەند شیعرێکی کاک حەمە پۆڵا، منیش هەر بۆ خۆشی چەند شیعرێکم لێ زیاد کردبوو بۆ ئەوەی بۆ یادگاری وەمێنێ، وا لەم دیوانەدا دەینووسمەوە.
حەمە پۆڵا:
کێوەکان کە ڕەنگاون
بە گیا ڕەنگ کراون
تۆراون کێوی و نێری
لێشی نین شوان و بێری
کوستانێکی چۆل و هۆل
کەو دەخوێنن پۆل بە پۆل
بولبولیش گشت بەیانی
دەگری بۆ گوڵەکانی
ئەوڕۆکانە لە کێوی
جەژنەیەتی مام ڕێوی
دەگەڕێ لە جێ واران
دەکا گاڵتە و قوماران
لە هەر جێیەک بکا بۆن
ئەمڕۆ زۆرە سیرمەکۆن
مامۆستای زوودی:
حەمە پۆڵا لە ماڵێ
دەچێتە بن هەرزاڵێ
ناوێرێ سەر هەڵێنێ
«هەمین» تێی دەسرەوێنی
لێی دەترسێ وەکوو جووی
گێرەی لەسەر کا نابزووی
هەقیشیەتی فەقیرە
وەک خۆی نەماوە، پیرە
«هەمین» وەک پاڵەوانە
منداڵیشی لە لانە
دەبێ خۆی لێ وەشێرێ
یەک بە زۆران ناوێرێ
بێت و ڕقی لێ هەستێ
واز ناهێنێ بە مستێ
تێیوە دەخوڕێ بە توندی
قەلینە وەرنە کوندی
بکوتە حەمە، کوێت دێشێ
دەیکووتن وەکوو بڕوێشێ
«حسێن»یش گوێی ناداتێ
بۆ خۆی ئێشی ناگاتێ
بابیش دەمرێ جەهەننەم
پاڵ دەداتەوە بێ خەم
دەڵێ پیرە و هەر دەمرێ
پیاو بۆ خەمی بۆ داگرێ
فاتیحی:
خوا دەکا دەیبێ نەجات
بۆی دەکەم خێر و ئیسقات
پێنج سەدی بۆ بکەم بە خێر
مەلاش هەموو دەبن تێر
سێ رۆژەی سەرەخۆشی
لە بۆی دەکەم ڕەشپۆشی
بە ڕەحمەت بێ کا حەمە
ئێستاش ڕەفیقی کەمە
هەژنۆدە منداڵی بوو
زۆر تێر بوون، ماندووش نەبوو
دەستی سەد کەسی دەبڕی
لەملا و ئەولا دەیپچڕی
خوری و توتن و مازوو کۆت
هەر چی بایە دەیفرۆت
زۆری دین کوێرەوەری
ئەزیەت و دەربەدەری
سەرمای سەرچاوەی هەڵشۆ
بۆڵەی کاروانچی بێکڵۆ
توتنەوانی و چێوداری
حیزبایەتی و نەداری
پاڵەوانێک بوو بۆ خۆی
زۆر سەیر بوو هاتووچۆی
لە لای خەڵکیش بە ناو بوو
کوڕێکی وشت و پیاو بوو
مەنتیقەی «سوێسنمکان»ەو «نەڵێنمکان»
ئێستاش هەر چاکەی دەڵێن
پیاوی پیاو نامرێ ناوی
حەمە، نەمردووی ماوی
ئەوەی بۆ تۆم نووسیوە
هەمووم بەو چاوە دیوە
شیعرت نووسی بۆ خەڵکی
لە لای گەلت بە کەڵکی
دەچێتەوە بۆ ئێران
ڕادەوەستێ وەک شێران
ئێستا کە ملی کردوون حیز
چاوەڕوانە بۆ تەعویز
بژی کاک حەمە پۆڵا
دەکوتێ پیاوی ناقۆڵا