شوان و بێری

از کتاب:
کڵپەی دەروون
اثر:
ملا عبدالرحمانی فاتحی (1930-2002)
 3 دقیقه  519 مشاهده
شوان:
کیژۆڵەی نازدار، باڵا سنەوبەر
قامەت عەرعەری بەرزی موو کەمەر
چاو گەلاوێژی، ئەبرۆ تیر و شیر
ئەگریجەلارەی شۆخ و شیک و ژیر
گۆنا پەڕەی گوڵ، تاوسی بەهەشت
مەم سێوە سوورەی باخاتی سەردەشت
گەردن مراوی، خاڵ خاسە کەوێ
کۆترە نەخشینەی جێماو لە ڕەوێ
دەم خونچەی بەهار، وەنەوشە ئاسا
لێو لەعل و مەرجان، یاری بە وەفا
بێریە نەشمیلەی خڕ و نەرم و ڕەند
هەوارچیی جوان و، ئاوخۆری سەهەند
تازە یارەکەی خێڵی ڕەوەندم
ناسکۆڵەی نازدار، سەرکوڵمە قەندم
کاتی نیوەڕۆ مەڕ دێتە بەربێر
کەمێ گوێ بگرە، بۆت لێدەم بلوێر
بزانە دەنگی بلوێر دەڵێ چی؟
کە ناڵەی وەکوو زامداران دەچی
سەراپا باسی جوانیی تۆ دەکا
باسی دڵداری من و تۆ دەکا
دەڵێ کونکونە دڵم وەکوو نەی
دڵ کۆیلەی تۆیە، تۆ چی لێ دەکەی؟
عیشقت بلێسەی گەرمە لە نێو دڵ
بلوێر بە شەوقی تۆ هاتۆتە کوڵ
جارێ بە بلوێر، جارێ بە گریان
چیا و شاخ و دۆڵ، لێم بوون هەراسان
گوێ بگرە تاوێ لە دەنگی شمشاڵ
کە چۆن بەرد و دار دەهێنێتە حاڵ
گڕەی دەروونم نەغمەی شمشاڵە
شەو و ڕۆژ بێری! هەر ئەوەم حاڵە
بێری:
شوانە گچکەڵەی دڵ پڕ لە ناڵە
هاوڕازی بولبول لەو کەژ و یاڵە
کەڵاشە پەڕۆ پەستە هەڵدڕاو
کراس دێو جامەی شڕ و دادڕاو
دەسرە شیتاڵی کڵاو هەمبانە
کەوا خەرقەکۆن شان و مل پانە
ڕانکە ڕەشکەکا، چۆخە داوەکەو
چاو هاڵە هەرزن، بێ خواردن و خەو
پشتێن پەڕۆ و پاڵ، مل داوەدەزوو
قەد قەفەقامیش، تورەکە بوزوو
گۆچان کەنێرە، دەس بێنک سێ تا
سمێڵ کۆڵە گەسک، کەپۆ دار عەسا
کەپەنک خوری، شەداوە ماسی
لاوە شۆخەکەی هۆزی بڵباسی
شوانە ژیرەکەی جوان و بێ هاوتا
هێزی هەناوم لە هەردوو دنیا
کۆڵەکەی ژینم، گوڵی بێ گەردم
شوانە غەریبەی هەناسە سەردم
دێوانە ڕەفتار، مەجنوونی شەیدا
بەسیەتی شیوەن لە دووری لەیلا
پەنجەکەت شل کە، بۆم لێدە بلوێر
پاڵ وەپاڵم دە، لەسەر بەردەبێر
سەرمالێدراوی کوێستانی زەنوێر
لابەری دەردم، بە گاڵەی بلوێر
شۆڕەلاوەکەی هۆزی کوردانم
دەروون سووتاوی سەرشاخەکانم
قەولم پێ داوی بە گیان و بە دڵ
بە مان لە بۆ تۆم، بە مردن بۆ گڵ
توخوا بە سۆزە و، بە ناڵەی دەروون
بۆم لێدە بلوێر، لەیلی تۆم مەجنوون
بە ڕۆژ و بە شەو بێ قەراری تۆم
سینە بریانی گریە و زاری تۆم
وەک لەیلێ کۆشتەی دووریی مەجنونم
ڕەنگزەرد و زەعیف، مات و زەبوونم
بێری و شوان ئەوا بوون بە هاوسەرین
«فاتیحیتخلص» بەسیە ناڵە و کوڵ و شین!