بە یادی لێوی ئاڵی
از کتاب:
کڵپەی دەروون
اثر:
ملا عبدالرحمانی فاتحی (1930-2002)
1 دقیقه
487 مشاهده
بە یادی لێوی ئاڵی، دڵ پڕ خەم و هەرایە
شەوگار درێژ و دوورە، خەوم لەسەر بەڵایە
خەیاڵ و فیکر و هۆشم شەوێکە بێتە لام ئەو
بگرم دوو مەمکی تورتی، لە سینە ببمە سایە
کە زوڵمەتی دوو زوڵفی چرای جەماڵی پۆشی
تیفلی دڵم گڕووی گرت، کە بۆچی ڕۆژ وەهایە
بە ناڵە و بە گریان بە شیوەن و بە زاری
بە ئاهی سەرد و گەرمم، هەڵمکرد ئەو چرایە
کەوتوومە گێژی ماتەم، لەبەر خەم و پەژارە
نە گوڵ دەکا عینایەت، نە بەختم دێتە کایە
ئەگەر لە بیرەخەودا، بگەم بە وەسڵی یارم
دەڵێم گوڵم هەتاکەی لەگەڵ من ئەو جەفایە
دڵ بۆ تۆ وشک و ڕەق بوو بە بای خەزانی پایز
خودا، بەهاری وەسڵم چ دوور و بێ بەقایە
گوڵی دڵم پڕووزا، بە ناری فیرقەتی یار
وەکوو مناڵی ساوا دەگری بۆ لایەلایە
دڵم نەخۆش و دیلی دوو چاوی کاڵی تۆیە
تەبیبی چاوەکانت بێ ڕوحم و بێ وەفایە
بە خوێنی چاوەکانم، پاراو دەکەم گوڵی دڵ
بولبول لە شەوقی خونچەی خۆش ئاهەنگ و نەوایە
زەلیلی عیشقی یارم، غەرقی خەم و خەیاڵم
«فاتیحیتخلص» دڵبەری من، گوڵێکی خۆش لەقایە