پێنجخشتەکی لەسەر هەڵبەستێکی «زاری»
از کتاب:
کڵپەی دەروون
اثر:
ملا عبدالرحمانی فاتحی (1930-2002)
2 دقیقه
484 مشاهده
عەزیزم مودەتێکە من بە عیشقی تۆوە مەڕبووتم
هەمیشە وا لە دووت وێڵم، بە هیوای قەولی پێشووتم
برینداری موژەی تیر و گرفتاری دوو گێسووتم
«لە تاریکی شەوی هیجرام و موحتاجی چرای ڕووتم
لە کونجی ئارەزوو دوور و، لەگەڵ ماری خەمت جووتم»
گوڵئەندام! لێت عەیانە عاشقی زوڵفی بڵاوی تۆم
فریوخوردەی شەدە و لاجانگ و ئەبرۆی ژێر کڵاوی تۆم
ئەوینداری سەر و سینە و، شەمامەی شلک و خاوی تۆم
«هەموو کەس با بزانێ چاکە وا من گیری داوی تۆم
غوڵامی خاڵی موشکین و قەدی باریکی وەک مووتم»
لە حەسرەت پەرچەم و زوڵف و نیگای چاوی شەهێنی تۆ
دڵم سووتا وەکوو قەقنەس، بە وەعدەی دڵپسێنی تۆ
بڵێم چی؟ شۆخ و شەنگ و لالەڕەنگی خەمڕەوێنی تۆ
«لە سایەی ئاوری عیشقی جەماڵی دڵڕفێنی تۆ
عەماری نەفت و گۆگرد و خەزینەی بەرق و بارووتم»
ئەوەی عاشق بە ڕووی تۆ بێ، لە حاڵی خۆی هەراسانە
لەبەر زوڵم و جەفای زۆرت، هەمیشە کاری گریانە
ئەویندار و خەریدارت، بە دایم مات و حەیرانە
«ئەگەرچی ئاگری عیشقت بڵێسە بەرزە، سووزانە
منم ئەمڕۆ، سەمەندەر ناوم و هێلانە ناسووتم»
نییە ساتێ هەدادانت، شەو و ڕۆژ هەر دەکەی زاری
دەزانم وەک منی شەیدا، بە داوی دڵ گرفتاری
کەسێ عیشقی لە دڵدا بێ، بە لوقمان ناکرێ چاری
«ئەگەر داود تەوفیقی خودا بێت و نەکا یاری
ئەمن کەی پاڵەوانی مەعرەکەی مەیدانی جالووتم»
هەتاکەی «فاتیحیتخلص»؟ سەوداسەر و وێلانی دووی یاری
لە چاوان، دوڕڕ و مەرجانی ئەشک بۆچی دەکەی جاری؟
لەشانت نیشتووە تۆزی خەتاباری و جەفاکاری
«گەدایی بێ پەناهـ و، بێکەس و گەردنکەچە «زاریشخص»
بە ڕەحمەت دەستی بگرە، ئەز غوڵامی دەست و بازووتم»