وەک فەرهاد، هاوار

از کتاب:
کڵپەی دەروون
اثر:
ملا عبدالرحمانی فاتحی (1930-2002)
 2 دقیقه  418 مشاهده
گوڵ و گوڵخونچەی نەوبەهارم ڕۆ
باخی گوڵان و گوڵعوزارم ڕۆ
ئەگریجەی خاوی شیرین کارم ڕۆ
نارنج و بەهێ و گوڵ هەنارم ڕۆ
ئارامی دڵی بێ قەرام ڕۆ
چاوکەژاڵەکەی سەقر و بازم چوو
خاوەنی لەنجە و غەمزە و نازم چوو
مەحرەمی ئەسڕاڕ، دڵنەوازم چوو
یاری نەرم و نۆڵ، کانی ڕازم چوو
وەک بولبول گوڵی شاخ و ڕازم چوو
شەنگە بێرییەکەی لای کوێستانم کوا؟
قامەت عەرعەری گوڵستانم کوا؟
ساقیەکەی بەزمی نێو مەستانم کوا؟
گوڵە سوورەکەی کوردستانم کوا؟
زوڵف شۆڕەکەی دڵستانم کوا؟
گەردن بلووری ڕوو بە خاڵم چی؟
یوسفی میسر، خۆش جەماڵم چی؟
چرای بێ گڕی شەو لە ماڵم چی؟
مەرهەمی دڵی خەستە حاڵم چی؟
نەشمیلانەکەی نەونەهاڵم چی؟
کیژە کوردەکەی نێو بڵباسم بوو
مل پڕ لە مووروو لە ئەڵماسم بوو
شەمامە و لیمۆی ژێرکراسم بوو
شۆخی بێ مەیلی کەس نەناسم بوو
خەت و خاڵ شرین، برۆ داسم بوو
هەڵاڵە و سوێسنەی «مۆزەرێن»م تۆی
باڵا بەرزەکەی دڵڕفێنم تۆی
بێری هەوار و خەمڕەوێنم تۆی
لەیلەکەی بێ مەیل، دڵتەزێنم تۆی
نازک و نازدار، چاوشەهێنم تۆی
وەک فەرهاد هاوار، هەی شیرینم بێ
سەروی خەرامان، نازەنینم بێ
لێو لەعل و مەرجان، گوڵجەنینم بێ
ئیشارە و قاقاو پێکەنینم بێ
«فاتیحیتخلص» وەک مەم، خاتوو زینم بێ