کز و بێهێزە چاو، نابینێ بەر پێم

از کتاب:
کڵپەی دەروون
اثر:
ملا عبدالرحمانی فاتحی (1930-2002)
 2 دقیقه  396 مشاهده
کز و بێهێزە چاو، نابینێ بەر پێم
بەجێ ماوم لە دۆست و یار و هاوڕێم
بەرەو شاری خەمۆشان هەر دەبێ بێم
تەمەن چۆ سەر بەرەو گۆڕخانەیە ڕێم
لەنێو کۆڕی هەواڵاندا نەما جێم
گوڵی ژین سیس بووە، بێ تاب و ژاکاو
زەلیل و عاجز و مەحزون و داماو
هەزار حەیف و ئەسەف بۆ عومری فەوتاو
وەکو دێو و درنج خۆم دێتە بەرچاو
ژن و منداڵی خۆم نەفرەت دەکەن لێم
نە ئیقباڵم لە کاردایە و نە بەختم
شڕۆڵ و بێ عەمەل، پچڕاوە ڕەختم
خودا هەر تۆی پەنا بۆ ڕۆژی سەختم
بە فیڕۆم داوە عومری جوان و نەختم
«معاذ اللهعربی» چلۆن لەو کارە بدوێم؟
شەو و ڕۆژ دادەنیشم تاق و تەنیام
ڕەفیقم هەر غەمە، بێ جێ و مەئوام
ئەسیری مێشەکوێرەی فەسڵی گەرمام
بە دڵ ئاواتەخوازی دۆستی زانام
لەبەر بێ هاودەمی لەو دێیە هەڵدێم
وەفا بارگەوبنەی پێچاوە، دەرچوو
وەکوو عومری جەوانی زوو لەدەس چوو
لە دەستم دا گوڕ و تینێکی هەمبوو
ڕەفیقان! ون بوو لێم دەورانی پێشوو
لە خۆم ناگەم دەڵێم خوایە ئەمن کێم؟
بەرێ لاو و جحێڵ بووم، چوست و مەزبووت
ئەوێستا پەڕشکستە و پیر و فەرتووت
برا و خزمم هەموو لێم زیز و لالووت
کتێبێکم، دڕاو و کۆن و پەڕپووت
«بحمداللهعربی» مەلای مزگەوتی لادێم
بەجێماوم لە یارانی وەفادار
پەڕ و باڵم وەری غەمناک و بیمار
ژیان سەختم نەهاتیم بۆتە سەربار
هەزار وەعدە و بەڵێنی دابوو پێم، یار
مەگەر بمرم دەنا بۆ دیدەنیت دێم
بە قەولی «زوودی» وەک دەعبای دزێوم
بڕۆم بۆ کوێ، قوڕی کام لا بپێوم؟
لەبەر پیریان مەکۆی گاڵتە و جنێوم
ئەگەر ڕاستت دەوێ زۆر سەر بزێوم
لە قەندیل بووم دەمێک و، ئێستە لە کوێم؟
دەپرسی «فاتیحیتخلص» چۆنە هەواڵت
چلۆن دەڕوا ژیانی مانگ و ساڵت؟
نەڕوخێ یاڕەبی بەخت و کەماڵت
بە چاوی تۆ، بە گیانی تۆ، بە شاڵت
لە داخی بۆرە پیاوان داخنم گوێم