یاڕەب چییە ئەم دڵبەرە؟

از کتاب:
کڵپەی دەروون
اثر:
ملا عبدالرحمانی فاتحی (1930-2002)
 2 دقیقه  614 مشاهده
ئەو خەیمە و ڕەشماڵە کە لەو دەشتە بە پایە
جێی عوشرەتی دەروێش و فەقێ و شێخ و مەلایە
فیردەوسی شەبیهێکە قەراخ و دەر و دەشتی
پڕ حۆری و غیلمان و پەریزادە لیقایە
باخ و چەمەن و گوڵشەن و بوستانە کەناری
کانیاوی دەڵێی چەشمەیی زوڵماتی بەقایە
کێو و خڕ و لادۆڵی هەموو لالە و سونبول
ئەترافی بەرینە وەکوو مەیدانی قیایە
ناڵینی کەو و بولبول و قومری بە هەموو دەم
وەک زیکری مریدانی تەوەککول بە خودایە
جۆباری شەڕاب و عەسەل و شیری لەگەڵ ئاو
دەرمانی هەموو دەرد و نەخۆشین و بەڵایە
یاڕەب چییە ئەم دڵبەرە کەوتوومەتە داوی
نووتفەی بەشەرە، یا وەکوو حۆری لە سەمایە
سەروە قەدی، یا عەرعەرە، یا نەی شەکەرینە
شەمعە دەم و ڕووخساری، وەیا نوور و زیایە
قەوس و قوزەحە، ساعیقەیە یا نەکوو بەرقە
گەردنلغی شانازە، بەبێ لایقی شایە
ماچێکی لە بۆ عاشقی بێ چارە و خەمگین
هەرزانە، سەری عاشقی بەدبەختی بەهایە
زووڵفەینی سیاهت، لەگەڵ ئەو تیغی برۆیەت
ڕوح جەلب دەکەن بۆیە دڵیش وا بە وەفایە
گەر «فاتیحیتخلص» ماچێکی بکا لەو دەم و لێوەت
تێر نابێ ئەبەد لەو فەڕەح و سەیر و سەفایە!