کوڕێ نیشتیمان بدا بە دووژمن
از کتاب:
کڵپەی دەروون
اثر:
ملا عبدالرحمانی فاتحی (1930-2002)
2 دقیقه
609 مشاهده
کوڕێ بۆ وەتەن نەکا دڵسۆزی
نەکاتە بەهەشت خاکی پیرۆزی
هەر خۆپەرست بێ بە فیز و پۆزی
غافڵ بێ دایم لە قەوم و هۆزی
ئەو کوڕە یاخوا هەر بەشخوراو بێ
لەتلەتی شیر و یەخسیری داو بێ
کوڕێ سەربازی نەکا بۆ وەتەن
نیشتمان نەکا بە باخ و چەمەن
نەبێتە بولبول بۆ دار و دەوەن
وڵات جوان نەکا وەک ئاسکی خوتەن
ئەو کوڕە یاخوا کرمۆڵ و لەڕ بێ
لەنێو عالەمدا وەک سەگی گەڕ بێ
کوڕێ شەو و ڕۆژ نەکۆشێ بۆ گەل
بە بێهوودەیی لەدەس بدا هەل
لە بۆ نیشتمان نەکرێ کوێر و شەل
لە دووژمن نەگرێ ئەو کەل و ئەم کەل
ئەو کوڕە یاخوا خۆراکی شێر بێ
گۆج و لەرزۆک و فەقیر و کوێر بێ
کوڕێ بۆ خەبات نەچێتە مەیدان
بە خوێن سوور نەکا دڵی خائینان
ڕوح بەخت نەکا لە بۆ کوردستان
نەخوێنێ دەرسی حوببی نیشتیمان
ئەو کوڕە یاخوا نەبینێ خۆشی
هەر بەشی ئەو بێ دەرد و ناخۆشی
کوڕێ بۆ وەتەن نەکۆشێ بە کوڵ
بە چشنی بولبول نەسووتێ بۆ گوڵ
لە ڕێی نیشتیمان نەچێتە ژێر گڵ
بۆ بەرزی وڵات کونکون نەکا دڵ
ئەو کوڕە یاخوا هەر دەردەدار بێ
خورد و خۆراکی هەر ژاری مار بێ
کوڕێ نەخوێنێ بۆ عیلم و هونەر
لەنێو نەزانی سەر نەباتە دەر
دوژمن لە خاکی نەکا دەربەدەر
بە فەرمانی گەل بەخت نەکا سەر
ئەو کوڕە یاخوا بەرد باران کرێ
پێشێلی بەرپێی نەیاران کرێ
کوڕێ نەچێژێ سەختی ڕۆژگار
نەکا خزمەتی فەقیر و هەژار
بۆ قەوم و خوێشی نەبێ دڵ فگار
نەبێتە چرای شەوی ڕەش و تار
ئەو کوڕە یاخوا دڵ پڕ لە ژار بێ
ڕۆژ و شەو وێڵی کوچە و بازاڕ بێ
کوڕێ وەک بولبول شەیدای گوڵ نەبێ
شیعر نەخوێنێ و لەسەر چڵ نەبێ
بە شیعری جوانی گوڵی دڵ نەبێ
بۆ بەرزی وەتەن زۆر بە کوڵ نەبێ
ئەو کوڕە یاخوا شەق و پەق کرێ
دەخوێن بگەوزێ و بەخوێن ڕەق کرێ
کوڕێ نیشتیمان بدا بە دوژمن
لەسەر نامووسی جەرگی نەبێ کون
نەگرێ لە دوژمن کەلێن و قوژبن
ناحەزی وەتەن نەکا سەرەوبن
ئەو کوڕە یاخوا دڵ بەناسۆر بێ
خەم و پەژارەی هەمیشە زۆر بێ
کوڕێ فەرمانی گەل ئیجرا نەکا
نەیاری وەتەن ماڵ خەرا نەکا
دوژمنی گەلی بەربەڵا نەکا
وەکوو «فاتیحیتخلص» گیان فیدا نەکا
ئەو کوڕە یاخوا لەرز و تا گرێ
بە سەرشۆڕی گەل لە دنیا مرێ