کڵپەی دەروون

از کتاب:
کڵپەی دەروون
اثر:
ملا عبدالرحمانی فاتحی (1930-2002)
 2 دقیقه  440 مشاهده
ئازیزەم، لەیلم، دیدەم، دڵدارم
ئارەزووی دڵی پڕ ئێش و زارم
شنەی شەماڵی دەمەو بەیانی
شۆڕەبی بەرزی دەم چۆم و کانی
ئاوی بەفراوی کوێستانی سەردەم
وەنەوشە و شەوبۆ، گوڵزار، خونچەدەم
هاژە و قەڵبەزەی «گادەر» و «لاوێن»
تیشکی هەتاوی جوانی خەم تاوێن
مەلی تیژپەڕی ئاسمانی خەیاڵ
گوڵاڵە سوورەی لاپاڵی خاڵ خاڵ
شۆڕەژن، بێری، حۆری، پەریزاد
نازەنین، دڵبەر، سنەوبەر، شمشاد
چنوور و قومری، یاڵی پڕ لە گوڵ
بەفری لە دەم کەل، گوڵی لەسەر چڵ
گیابەند و خاو و، شلێر و شەشپەڕ
کەڵەگەت، شیرن، دڵڕفێن، دڵبەر
ئازیزم! شەرتی دڵداری وایە
دەرد و مەینەت و جەور و جەفایە
توخوا کەی ئازیز وایە دڵداری؟
دڵداری یانی گریان و زاری
یانی سووتان و گرتن و کوشتن
خوێنی جەوانان بە ناهەق ڕشتن
ئازیز، چاوەکەم، کەی ئەوە ژینە؟
کەی ئەوە شیاوی تۆی نازەنینە؟
کەی ئەوە ڕەسم و یاسای ویژدانە؟
کەی نەخۆش جێگەی حەپس و زیندانە؟
کڵپەی دەروونم بۆسۆیە بۆسۆ
ناڵەی دەروونم بۆ تۆیە بۆ تۆ
ئازیز تۆی لەیلێ، مەجنون منم من
شاد بوون بە ناڵەم نەیار و دوژمن
بێ مەیلی تاکەی، چاوکاڵ، دیدە مەست؟
بۆچی لەسەر چی بژیم زار و پەست؟
سووچ و تاوانم چی بوو، توخوا بۆ؟
چم کردوە، بۆچی دەمکەی ڕەنجەڕۆ؟
ئازیز لەسەر تۆ وێڵ و ئاوەرەم
بە عیشقی تۆوە دڵ پارە پارەم
بۆ تۆ دەربەدەر، کز و هەژارم
هەر تۆی دەرمانی دڵی زامدارم
تۆش بەزەییت بێ، بە ڕەنگی زەردم
بە ناڵە و هاوار، بە ئاهی سەردم
تۆ بەرەو هەوار ڕۆیی و نایەوە
«فاتیحیتخلص»یش شین و زاری نایەوە!