پێنجخشتەکی میرزا لەسەر شیعرێکی حەمدی
نیشتمانی
از کتاب:
دیوانی میرزا غەفوور
اثر:
میرزا غفور (1870-1938)
4 دقیقه
459 مشاهده
ڕۆژ و شەو دەگریم بە سۆزی قەلبی ئاتەشناکەوە
گەردنم بەندە بە حەلقەی گونبەدی ناپاکەوە
هەر وەکوو مەنسوور «ئەنالحەق»مە بە ڕووی خاشاکەوە
وەک هەوا کەوتوومە گێژی گونبەدی ئەفلاکەوە
ڕەببی بیبینم وەکوو کیسرا بە سینەی چاکەوە
ئەی برای دینی، عیلاج و حورمەتی دین زەحمەتە
با لە دەسمان دەرنەچێ، ئەم جەژنە و ئەم فرسەتە
با بە مەردی تێبکۆشین، هیچە ئەم وەزعییەتە
بۆ کەسێ تا سەر وەفاداری نەبوو بێ مروەتە
سەیری ئەسکەندەر ئەکەن، ڕۆیی بە مشتێ خاکەوە
وەزعی دەوران عالەمی بۆ جیڤە گومڕا کردووە
بەیدەقی فیتنە و فەساد و شۆری بەرپا کردووە
ڕوشتەیی غیرەت، لە دەس ئەهلی عەشرەت دەرچووە
چاکە دایم هەر لە پێناوی خراپا ڕۆییوە
گەوهەری دەریا بە دایم وا لەژێر خاشاکەوە
وا بە دەس ناپاکەوە، ئاوارە بووم زار و ئەسیر
بێنەوا ماوم، لە دەس عەکسی زەمانەی گورگی پیر
چی بەسەر هات؟ میللەت و دین و حەفیدانی کەبیر؟
هەر شکستی ئەهلی مەعنای مەتڵەبە دەورانی پیر
ڕەش ئەخاتە سەر سپی، پیسی ئەکاتە پاکەوە
قیسمەتم وایە، ئەزەل ڕزقم ئەگەر واسیع نەبێ
نووری بیناییم نەبێ، گەر شەمعی دین لامیع نەبێ
دەس لە دین بەردان، گرانە، تا ئەجەل مانیع نەبێ
ئینتیقامی خۆم دەسێنم جەهل ئەگەر مانیع نەبێ
شوعلەیی ئاهم ئەنێمە خەرمەنی ئیدراکەوە
ژینی ئەم ئەحواڵە، یاران، بۆ موسڵمان زەحمەتە
حەسرەتە، دینی موبین وا کەم بەها و قیمەتە
وەزعییەت وابێ، حەیاتم بۆ چییە؟ بێ لەززەتە
خەرقەیی شاهـ و عەسای مووسام لە لا بێ شەوکەتە
فەخری ئێمە وا بە کەوڵ پۆست و دار مەششاکەوە
عیبرەتە ئەربابی غیرەت تێبگەن من چی دەڵێم
ئەهلی عیسمەت حەپسە سەربەستی بە لای بێ باکەوە
بێ تەجەڕوب، مەنعی گریانم بەخۆڕایی مەڵێن
حەق بە دەستم، چەشمەیی چاوم سەراپا بۆتە خوێن
چەرخی دەوران، لەقلەقی هێنایە هەمشانی شەهێن
قەومەکانی ڕوپیەخۆرم دێنە بەرچاوم ئەڵێن
گەر بە جۆ بمرێ شەهیدە سەگ بە گۆشتی لاکەوە
هەر وەکوو دەججاڵ لەدووی کەوتوون، بە وەجهی مەسڵەحەت
حاشە لیللا، کیزبە، بوهتانە، درۆیێکە غەڵەت
هەر لەدووی جیڤە و تەماعن، کوردەواریی بێ سیفەت
لاتن و لۆتی نەفامن بۆ نیشات و مەنفەعەت
دەبنە قوربانی سەگێ بێ شک بە باب و داکەوە
ڕووسیاهـ بی، قەومی وا ناپاک و بێ شەرم و ئەدەب
یاڕەبی، هەر کەس بە ئازاری دڵی تۆ بوو سەبەب
ئەو لە دیوانی جەزادا ڕوو سیاهـ بێ بۆ حەسەب
بۆ نەمانی دین و غیرەت هیممەتی کورد و عەرەب
وا بەسەر لەوحەی کیتابی حەسرەتی ئەتراکەوە
کەس نەڵێ پێم: وا بە ناحەق، خۆی دوچاری خەم دەکا
حاڵەتە ئەمڕۆ، لە ڕووی دەریای بڵێ پێی کەم دەکا
غیرەتی دین، وەک سەماوەر کوورەیی دڵ دەم دەکا
تا ئەبێتە مولکی ئەربابی حەمییەت کەم دەکا
ئاگری تاجیر ئەنێتە خەرمەنی مەللاکەوە
تاوەکوو عومرم لە دنیا مابێ، زەڕە، زۆر و کەم
پێم ببەخشی دەوڵەت و دارا و شاهی موحتەشەم
عەهد و پەیمان ناشکێنم، من بە چاوی تۆ قەسەم
شەرتە تا ڕۆژی قیامەت دەست لە ئەژنۆ بەر نەدەم
سەر لە قوڕ نێم بۆ سیادەت بەم دڵەی غەمناکەوە
دڵ هەتا کەی پارە نابی دەبیە جێی ڕازی نیهان
چۆن قوبووڵ کەم من لە دنیا ڕاحەتی و عەیشی ژیان
بەیدەقی دین کەوتە ئەرزی کافرستان بوو عەیان
بۆ دلێری حەزرەتی مەحموود مەمدووحی جیهان
تاقە یەک گوڵ بوو بە فەرقی پیری ئەحمەد کاکەوە
با عەزاپۆشی بکەم، من هەر لە باڵا تا قەدەم
لازمە خاکی هەموو عالەم بەسەر خۆمدا بکەم
چۆن بە هیچ دینێ قوبووڵە، ئەم جەفا و جەور و ستەم
بۆ دوو مەحمودخان ئەمیری سەرحەدی ڕۆم و عەجەم
بوونە ئەسحابی قوڕەیش و چوونە سیلکی چاکەوە
دەردی دینی قەت دەوای نابێ بە لوقمان و تەبیب
یاڕەبی! لەم عومرە بێزارم، نەمێنم «عەن قەریب»
ئیستەجیب، دەعواتی، یاڕەب، ئەندەعی لەک ئیستەجیب
ساڵی تەئریخی ئەپرسی «ئالی کاک ئەحمەد غەریب»
کەوتە عالەم دڵ حەزین و دیدەیی نمناکەوە