دڵی من
از کتاب:
دیوانی میرزا غەفوور
اثر:
میرزا غفور (1870-1938)
2 دقیقه
452 مشاهده
موددێکە سەراسیمە و شێواوە دڵی من
مورغێکی پەشێو حاڵە، لەنێو داوە دڵی من
بڕوانە چ ڕەنگینە بە خوێناوە دڵی من
پەروانەیی حوسنە، ئەوە سووتاوە دڵی من
سەیری کە چ پڕ شۆڕش و غەوغایە دڵی من
وەک ئاهوویی ڕەمکردە لە سەحرایە دڵی من
مەجنوون سیفەتە، عاشقی لەیلایە دڵی من
سەرگەشتە و ئاوارەیی دونیایە دڵی من
بەو دانەیی خاڵی، دڵی میحنەتزەدە سەرسام
موژگانی وەکوو تیرە، لە بەندی جگەری دام
ڕۆژم شەوی تاریکە بەبێ تۆم نییە ئارام
بێچارە کە بێ مەلجەء و مەئوایە دڵی من
وا مەسڵەحەتە خۆم هەدەفی تیری قەدەر کەم
لەم حاڵەتی دڵڕیشییە من بۆچی حەزەر کەم
لەم عومرە کە بێ تۆیە ئەمن سەرفی نەزەر کەم
بۆچیمە؟ کە مەحرووم لە دوو دونیایە دڵی من
بەو شوعلەیی ڕووی تۆ دڵی بێچارە کەبابە
بێ موتریب و ساقیی و مەی و بێ چەنگ و ڕەبابە
بۆچ وایە کە عاشقکوژی لای ئێوە سەوابە
کەس ڕەحمی بە حاڵم نییە برژایە دڵی من
عالەم هەموو بیزانێ کە ڕیسوایە دڵی من
مایل بە ڕۆخ و عاریزی زیبایە دڵی من
قوربانی سەگی دولبەری میرزاتخلصیە دڵی من
چارەی بە جەناب غەوسی لە بەغدایە دڵی من