١٧

از کتاب:
ژانی گەل
اثر:
ابراهیم احمد (1914-2000)
 14 دقیقه  1165 مشاهده

کە جوامێر گەڕایەوە ماڵی لاوە، ژنەکەی لاوەی مڕومۆچ دی. ترسا لەوەی مێردەکەیان گرتبێ لەباتی ئەم، چونکە هەرچەندە لە ڕووی قانوونییەوە هیچ پەیوەندییەکی نەبوو لەگەڵ جوامێر بەرامبەر بە حکوومەت، بەڵام قانوون‌ومانوون پێچرابوونەوە. شتێکی ئاسایی بوو کە خزم و کەسوکار و بگرە خانەخۆیش بگیرێت لەبریتی میوانەکەی. بە شەرم و ترسێکەوە هەواڵی لاوەی پرسی:

― سێ ڕۆژ لەمەوبەر گەڕایەوە لە شاری «ح...» کە دی تۆ ونیت، ئەویش خۆی شاردەوە تا بزانێت مەسەلەکەی تۆ بە چی ئەگات. ئەق! بە گەورە و بچووکی نییە کاکە جوامێر، نەئەبوو وا بێ‌سەروشوێن خۆت ون کەیت!

جوامێر چاوی پڕ بوو لە فرمێسک، ڕەنگی زەرد هەڵگەڕا و لەشی کەوتە لەرزین، ویستی قسە بکات گریان بەری گەرووی گرت، بۆیە سەری شۆڕ کرد و بێدەنگ ڕووی کردە ئەو ژوورەی بۆیان دانابوو، دەرگاکەی لەسەر خۆی داخست و خۆی دا بەسەر جێگەکەیا و دایە پڕمەی گریان، هەموو ئەو فرمێسکانەی بێپەروا هەڵڕشت کە هەشت نۆ ڕۆژ بوو لە ترسی ناحەز و لە شەرمی دۆست بەهێزێکی دلێرانە بەربەستی کردبوون. ئەو گلەیییە هەقە ڕەقەی ژنەکەی لاوە هێزی لەبەر بڕی و دەستی شکاند، لە وزەیا نەما لەوە زیاتر خۆی بگرێت.

ژنەکەی لاوە خەبەری هاتنەوەی جوامێر و ماتەمینی و گریانی بۆ لاوە گێڕایەوە، ئەویش لەژێر زەمین هاتە دەرێ. کە گەڕایەوە ماڵێ چاوی بە جوامێر کەوت، هیچی نەدایە ڕووی. خۆشی و ژنەکەشی، کە ئاگاداری وەزعەکە بوون، ئەیانزانی کە هۆی پەژارە و ماتیی جوامێر ئەوەیە کە نەمانی ژن و کوڕەکەی بۆ دەرکەوتووە، بەڵام نەیانئەزانی لەکوێ و چۆن زانیوێتی.

ئێوارە لاوە مێزی ڕازاندەوە لە ژوورەکەی جوامێر. زۆرتریشی بۆ خۆی بوو، کەوا چەند ئێوارەیەک بوو نەیخواردبووەوە. کە دانیشتن وەکوو جاران پەرداخێکی خستە بەردەمی جوامێریش. سەری سوڕ ما هیچ قسەی نەکرد.

وای زانی ئاگای لێ نەبووە، قاپەکەی برد بۆی تێ کرد، بێدەنگ بوو. ئینجا پێی وت:

― خۆت ئاوی تێ کە!

جوامێریش بێورتە قومێ ئاوی تێ کرد و نای بە سەرییەوە. لە نیو سەعات پتر تێ پەڕیبوو بەسەر دانیشتنەکەیانا، جوامێر بێدەنگ و پەیتاپەیتا ئەیخواردەوە. لاوەش کە بە قووڵی و فراوانیی پەژارەی ئەزانی نقەی لەخۆی بڕیبوو، زۆرتریش لەبەرئەوەی نەیئەزانی چی بڵێ و لە کوێوە تێ هەڵچێت!

بۆیە دەسەڵاتی بێدەنگی شڵەقاندن و قسە دەست پێکردنی واز لێ هێنابوو بۆ جوامێر. ئەمیش وا دیار بوو هەتا ئەهات باری ماتی و خەفەتی لەسەر کەڵەکە ئەبوو، بۆیە ئەو چاوەی بڕیبوویە ئەرزەکە مەگەر بۆ قومدان لە پەرداخەکەی بەرزی بکردایەوە. لاوە تاقەتی چوو، هەستا چووە ژوورەکەی تر لای مناڵەکانی. پاش بەینێ هاتەوە. وەک بترسێ لەوەی کە چووە ژوورێ ماتەمینیی ژوورەکە دای گرێت، هەر لە دەرگاوە وتی:

― هەستە جوامێر! با ئیمشەو لە ژووری نانخواردن شیوەکەمان بکەین، وا دیارە دایکی دارا بە میوانی داناوین، چێشتی خۆشی بۆ لێ ناوین.

کفتەی سابوونکەران کە خۆت حەزی لێ ئەکەیت.

لاوە زۆر چاک ئەیزانی قسەکەی لەپڕمەی پێکەنینی ناو شیوەن ئەچێت، بەڵام هەر ئەمەی بەباشتر زانی لەوەی دان بنێ بە شیوەنەکەدا و سەرلەنوێ هەمووی تازە کەنەوە. جوامێر بەماتییەکەوە وتی:

― دەستەکانی خۆش بێ، کوڕی نەمرێ. جارێ زووە بۆ نانخواردن.

وەرە تۆ چۆڕێ ئارەقم بۆ بێنە و دانیشە با نەختێ قسە بکەین.

لاوە بەسەرسامییەوە وتی:

― ئارەق! ئەوە نیو قاپەکە نییە لەبەردەمتا!

بەتەریقییەوە جوامێر وتی:

― تیا نەماوە!

لاوە بەپەلە سەرسامییەکەی شاردەوە و بە ڕوویەکی تەواو خۆشەوە نیو قاپی کەی هێنا خستیە بەردەمی وتی:

― فەرموو ئەوە ئارەق و ئەوە منیش دانیشتم!

هێشتا شووشەکە باش جێگیر نەبووبوو لەسەر مێزەکە، جوامێر پڕی پیا کرد و پێکێکی گەورەی بۆ خۆی تێ کرد. لاوەش بەزەردەخەنەیەکەوە پەرداخەکەی خۆی لێ بردە پێشەوە وتی:

― نەختێکیش بۆ من!

لاوە کە پەرداخەکەی ئەبرد بۆ لێوی پەشیمان بووەوە لەوەی کە خۆی خستە بەر قەمچیی جوامێر. باشتر ئەوە بوو ماوەی ڕازداکوتانی نەدا. وەکوو شتێک کەوتە ترس لە قسەکردنەکەی. لە دڵی خۆیا وتی: ئەبوو خۆم خەبەرم بدایە و هەموو شتێکم بۆ بگێڕایەوە وەکوو هەیە بەبێ ئەوەی ماوەی ئەوە بدەم لە خەڵکی ببیسێ. ئێستا خوا ئەزانێ چۆنیان بۆ گێڕاوەتەوە و چییان پێ وتووە. بەهەڵە چووم وام ئەزانی تا زۆرتر لێی بشارمەوە و درەنگتر ڕاستی بزانێت بۆ خۆی چاترە. بە هیوای ئەوەش بووم باشتر بۆی بهۆنمەوە، هەزار و یەک جار داستانەکەم لە مێشکی خۆما گێڕاوەتەوە، بیرکاریم کردووە، گۆڕیومە کەچی بە کەڵکی هیچم نەهات. هەل لە دەستدان ئەمە ئەنجامەکەیەتی. بەڵام زۆر سەیرە هیچ وا دیار نییە لە من زویر بێت!

دەنگی جوامێر هێنایەوە سەرخۆی کە وتی:

― ئەوە چییە لاوە گیان؟ بۆچی دەستت بە پێکەکەوە وشک بووە؟ نازانم قسەکەم دەست پێ بکەم. بەڕاستی لاوە من شەرمەزاری تۆم. بەخۆڕایی و بێ ئەوەی بزانم زۆرم دڵ ئازار دایت، تۆش دڵت نەئەهات ڕاستیم پێ بڵێیت، چونکە ئەوەندە بەسام و ئێسک‌گران بوو! ئەمدی کە باسی مناڵەکانم لا ئەکردیت بەتەواوی تێک ئەچوویت. تومەز تۆ ئەتزانی دێی گوڵان نوگرۆ کراوە و کەسی لێ دەرنەچووە و هیوا و کاڵێی منیش لەو دێیەدا پارچەپارچە بوون وەک هەموو دانیشتووانی کەی دێیەکە! ئۆف چی ئەکەی لەگەڵ کاری خوا!

لاوە ئێستاش کە جوامێر باسی هیوا و کاڵێی بۆ ئەکرد هەر ڕەنگی زەرد هەڵگەڕابوو، چاوی بڕیبووە مێزەکە بێ ئەوەی هیچ شتێکی تایبەتیی لەسەر بەدی بکات. ئەیزانی ئەبێ ئەویش قسەیە بکات، بەڵام وەختە بوو لێک ببێتەوە کە مێشکی نەئەگەیشت بە فریایا و هیچی بە بیرا نەئەهات.

خواوڕاستان کردی جوامێر خۆی وتی:

― ئیتر ئەم باسە بەس بێ! جارێکی تر دڵی هیچ کەسێک بە ناوبردنیان ئازار نادەم. تەنیا هەقیان بەسەر منەوە هەیە کە هەتا ماوم ناویانم لەبیر نەچێتەوە. ئینجا با بێینە سەر قسەی دونیایی. ئەمە ناکرێ کاکی خۆم کە من وەکوو دابەستە بەسەر تۆوە بلەوەڕێم، ئەبێ ئیشێ بکەم!

لاوە نەیهێشت ئەم هەلەی لە دەست دەرچێت بەتەریقییەکەوە وتی:

― تو خوا ئەگەر قسەی وا بکەیت جوامێر گیان!

جوامێر لەسەرخۆ وتی:

― زۆر سوپاسی هەستی بەرزت ئەکەم، بێگومان تۆ گەلێ پیاوەتیت بەسەر منەوە هەیە، بەڵام ئەمە قسەی پێ ناوێت کە زۆر ناشیرینە منیش هەروا بێ ئیشوکار بسووڕێمەوە (ئیستێکی کرد) ... ناشزانم چی بکەم؟

فەرمانبەری ئەوە خۆ هەر هیچ بیخەرە ئەولاوە نە میری منی ئەوێتەوە و نە منیش تازە فەرمانبەریم پێ ئەکرێت. هەموو کارێکی کەش دەسمایەی ئەوێت. ئەشزانم تۆ ناتوانی دەسمایە بۆ من پەیا کەیت و هەقیش نییە کە بیەڵم بیکەیت. تەنانەت ئەگەر لە وزەشتا بێت، چونکە ئیشی من خانووی سەرشیوە. هەق نییە سەرەڕای ئەم هەموو چاکەیەت تووشی سەرشۆڕی و قەرزاریشت بکەم. تەنیا یەک ڕێگەم دۆزیوەتەوە!

لاوە هەڵی دایە وتی:

― ئەڵێی چی پێکەوە ئیش بکەین؟

جوامێر زانی لاوە ئەم قسەیە لە بەزەیی و پیاوەتییەوە ئەکات و هیچ لێکدانەوەی لەگەڵ نییە، بۆیە وتی:

― نە کاکی خۆم، ئەمەشت لەگەڵ ناکەم و زۆر سوپاسیشت ئەکەم.

ڕێگەکەی خۆمت پێ بڵێم. من جێ‌خانوویەکم هەیە، تاپۆی لەسەر باوکمە، هەرچەندە کاولیان کردووە، بەڵام ئەتوانم شوێنەکەی بفرۆشم و بیکەم بە دەسمایە. لێم گەڕان و سەرکەوتم ئەوە باشترە. خۆ ئەگەر سەرنەکەوتم یا گرتیشیانمەوە با نۆش لەسەر دەی بێت! ئینجا تۆ ئەڵێیت چی؟

دوای ئیستێک لاوە وتی:

― باشە تۆ چەندت دەسمایە ئەوێ بیڵێ بەشکوو من بۆتی ڕێک خەم؟

― پێم وتی کاکی خۆم! من دەسمایەی تۆم ناوێت، شەڕوگەڕی خۆمت لێ لا ئەدەم. گوناهە تۆش بە خۆمەوە بسووتێنم، مناڵت وردە. وا دیارە یەکێکی تازەشتان بە ڕێوەیە! جگە لەمەش تۆم هەڵگرتووە بۆ شتێکی تر جارێ کاتی نەهاتووە باسی بکەم. جارێ تۆ پێم بڵێ کەلاوەکەم چەند ئەکات؟

لاوە نەختێ لێکی دایەوە وتی:

― ئێستا بەهۆی بێ‌ئاسایشی و شەڕەوە موڵک شکاوە، لەگەڵ ئەوەشا جێگەکەی باشە، لەوانەیە مەتری چوار پێنج دینار بکات. چەند مەترەیە؟

― نازانم. بەڵام خۆی ئەدا لە سێ سەد مەتر.

― ئێ باشە شتێکت بۆ ئەکات. بەڵام تۆ جارێ پێت نەوتم چی ئەکەیت!

جوامێر بێ‌سێ‌ودوو وتی:

― کتێبفرۆشی!

لاوە سەرێکی با دا وتی:

― ڕۆژەکەی ئەمڕۆ نەبێ کاسبییەکی خراپ نییە. بەڵام ئیمڕۆ بڕوا ناکەم لەم شارەدا پیاوی پێ بژی، چونکە تەنانەت گەلێ لەو کتێبانەی کە لە پایتەختیش چاپ کراون، لێرە قەدەغەن و خەڵکی لەسەر ئەگیرێت! چ جای کتێبی تر. سەرەڕای ئەوەش لام وایە ئیجازەی ئەوێت!

― بیرم لە هەموو بارێکی کردووەتەوە. تێکڕا چاکەی لە خراپەی زۆرترە.

لەپاشا دەسکەوتی هەرچەندە کەمیش بێت سەڵتێکی وەکوو منی پێ ئەژی!

نانەسکیم بەسە!

لاوە نەختێ بێدەنگ بوو، ئینجا وتی:

― ئەوی ڕاست بێ من ئەوەندەی لێ نازانم. بەڵام کە خۆت لات باش بێت لای منیش باشە! بەڵام ئیجازە چۆن؟

جوامێر وتی:

― تۆ هەقت نەبێ ئەوە لەسەر خۆم. تۆ تەنیا دوو شتم بۆ بکە، یەکەم کڕیارێکم بۆ بدۆزەرەوە. دووەمیش ...

لاوە وتی:

― ئێ، دووەمیش ... دەی تەواوی کە چی کەت بۆ بکەم؟

جوامێر هەرچەندە باشی خواردبووەوە و ئەشیخواردەوە، کەچی هەر بەشەرمێکەوە وتی:

― بەقەرز پەنجا دینارم بەرێ، تا موڵکەکەم ئەفرۆشم.

― تو خوا جوامێر ئەم قسە هیچانە مەکە!

لاوە وای وت و دەستی کرد بە گیرفانیا. جوامێر وتی:

― بێنە باشە!

ئەمەی وت و دەستی برد پارەکەی لێ وەرگرت و داینا لەسەر مێزەکە و وتی:

― بەڵام بە برایەتیمان کە بۆم هێنایتەوە لێم وەرنەگریتەوە لەبەر چاوت پارەکە ئەدڕێنم. بەسە ئەوەتەی بەر بووم بیست و پێنج دینارت داومێ.

بە درێژاییی دە ساڵیش مانگی دوو دینارت بۆ ناردووم و مناڵەکانت بۆ بەخێو کردووم، لێرەدا وەک قسەکەی لە بین گیرابێت بێدەنگ بوو، پەرداخەکەی هەڵگرت و نای بە سەرییەوە. دوای پشوویەکی باش هەناسەیەکی هەڵکێشا و هەستایە سەر پێ وتی:

― با بچین شیوەکەمان بکەین.

لاوەش بێدەنگ ملی ڕێی گرت بۆ ژووری نانخواردن، لەوێش بێورتە نانەکەیان خوارد. کە لێ بوونەوە سەری لە دەرگای بەینەکەوە درێژ کرد بۆ ژووری دانیشتنیان و بە دەنگێکی نەختێ بەرز وتی:

― دەستەکانتان خۆش بێ دایکی دارا ... بەڕاستی کفتەکەشت نایا» بوو و ... وەکوو هەموو چێشتەکانی کەت.

کە هاتنەوە ژوورەکەی جوامێر، لاوە پێی وت:

― چا لێ نراوە، ئەڵێی چی!

جوامێر وتی:

― نە ئیمشەو ناخۆمەوە. دەستی برد پەرداخەکەی پڕ کردەوە قومێکی گەورەی لێ دا. لاوە ورتەی نەکرد، لە دڵی خۆیا وتی:

هەقیەتی ... ئیستا سەرخۆش ئەبێ بۆخۆی بێهۆش ئەکەوێت تا بەیانی، ئەمەی چاترە لەوەی تا ڕۆژ ئەبێتەوە گینگڵە بدات لەناو جێدا!

بەم جۆرە بێدەنگ دانیشتن. جوامێر ئەیخواردەوە و جگەرەی بەیەک دائەگیرسان، لاوەش بێئارام یاری بە تەزبێحە کارەبا دەنک زلەکانی ئەکرد. لەپڕ هەستایە سەر پێ وتی:

― من خەوم دێ ئەچم ئەنووم. بزانم بەشکوو بەیانی کڕیارێکی باشت بۆ پەیا کەم بۆ جێ‌خانووەکەت ... شەو باش!

― شەو باش! خوات لەگەڵ.

بەیانی کە جوامێر چووە بنج‌وبناوانی مەسەلەی جێ‌خانووەکەی بۆی دەرکەوت ئەو حیجزەی خراوەتە سەری لا نەبراوە هێشتا. ئەویش بەبێدەنگ ئەرزوحاڵێکی دا بە کاربەدەستان تیا نووسی، کەوا لەبەرئەوەی ماوەی زیندانیکردنی تەواو کردووە داوا ئەکات کە حیجز لەسەر شوێن‌خانووەکەی لا ببرێت بەتایبەتی کە ئەیەوێت بیفرۆشێت و لەم شارە بگوێزرێتەوە بۆ یەکێ لە شارەکانی خوارووی وڵات، وە داوای لە کاربەدەستان کرد کە ئەوان بە ئارەزووی خۆیان شوێنەکەشی بۆ دیاری بکەن.

جوامێر خۆی ئەیزانی کە هەڵبژاردنی شوێن هەقی خۆیەتی ویستی ئەو هەقەی خۆشی بخاتە دەست ئەوان. دوای ئەم ئەرزوحاڵە بانگ کرایە دایەرەی ئاسایش و هۆی ئەم بڕیارەی لێ پرسرا. ئەویش وتی کەوا دوای مردنی ژن و مناڵەکەی ڕووخاندنی خانووەکەی هیچ پەیوەندییەکی وای نەماوە بەم شارەوە کە لای خۆشتر کات لە شوێنێکی کەی وڵات، بەپێچەوانە لێرە برینیشی ئەکولێتەوە، جگە لەوە حەزیش ئەکات ڕێگەی درۆ و دەلەسە لە ناحەز بگرێت و چۆن ئەم دە ساڵە دوور بووە لەم ناوچەیە ئێستەش بەیەکجاری و بە ئارەزووی خۆی خۆی دوور ئەخاتەوە. پاشماوەی عومری دوور لە هەراوهۆریایەک بەسەر بەرێت لەژێر سێبەری قانوون و نیزاما!

ئەم قسانە و ئەو ڕاپۆرتانەی لەبارەی بێ‌چالاکیی جوامێرەوە درابوون بە کاربەدەستانی سەلماند کە جوامێر نەک هەر کەڵکی ئەوان، کەڵکی لەشکریشی پێوە نەماوە. بۆیە یارمەتییان دا کە زوو ئیشەکەی جێبەجێ ببێ. لاوەش کڕیارێکی بۆ دۆزییەوە بە نرخێکی باش جێ‌خانووەکەی لێ کڕی.

بەر لەوەی خانووەکە بفرۆشێت شەوێک لە ماڵی لاوە لە ژوورەکەی خۆیا ئەیانخواردەوە، ڕووی تێ کرد و پێی وت:

― کاکە لاوە بڕیارێکم داوە ئەبێ یارمەتیم بدەیت جێبەجێی بکەم چونکە بۆ هەموو لایەک باشە!

― بیڵێ بزانم! بێگومان هەر کارێک چاکەی تۆی تیابێت من ئامادەم بە هەموو توانا یارمەتیت بدەم!

― ئەمەوێت لە سبەینێوە بگوێزمەوە لێرە. بۆخۆم شوێنێ پێکەوە بنێم.

ئیتر بەسە ئەم سپڵی لاورگییە!

لاوە دوای ئیستێک سەرێکی با دا وتی:

― جارێ بەر لە هەموو شتێک تۆ سپڵی لاورگ نیت، دڵ و جەرگیت. لەپاش ئەمەش بە لای منەوە چاکتر ئەوەیە گواستنەوەکەت بخەیتە دوای ئەوەی کە دەست ئەکەی بە ئیشکردن و ئینشاڵڵا سەر ئەکەویت! ئەوسا هیچ گلەییم نییە لە گواستنەوەت!

― کاکی خۆم من بابایەکی سەربەگۆبەندم. ئەگەر بەهۆی مناڵەکانەوە...

نەبوایە هەر لە سەرەتاوە نەئەهاتمە ئێرە. بەڵام وتم کە هەموو دنیا بزانێت مناڵی من ئەو بەخێویان ئەکات بە لای خۆمەوە ئەبوو بە کەرێتی و بە لای خەڵکیشەوە بە سپڵەیی، ئەگەر یەکسەر لە زیندانەوە ڕووم نەکردایە ماڵی ئێوە!

― ئەمانە قسەن. ئەوەتەی هاتوویتەوە کەس هەواڵی تۆی نەپرسیوە، بڕوا ناکەم لەمەودواش بیپرسن. کەوتوون بە دەردی خۆیانا. هیی وەکوو من و تۆ مەگەر لە ڕەشبگیرێکا تووش ببێت کە ئەوەش نە گوناهمانی تیایە و نە ئاگربڕی بۆ ئەکرێ!

― لای من وا نییە، من و تۆ زۆر جیاوازین. لای میری من کابرایەکی داخی زیندانی سیاسیم بە ناوچەوانەوەیە، بەڵام تۆ یەکێکی وەکوو هەموو کوردێکی ئاساییی تر. لەپاشا نابێ من دەرسێ لەو چەند ڕۆژە وەربگرم کە تیا ون بووبووم؟ تۆ ناچار بووبوویت خۆت بشاریتەوە و ماڵ و مناڵ و کاروبارت جێ بهێڵیت، ئەمە هەمووی بەهۆی جەنابمەوە! جا تۆی بێتاوانی لە هیچا نەبوو بۆچی تووش بکەم؟ نەء نەء، بە هیچ جۆرێک نابێ جارێکی تر تۆ و ماڵ و مناڵت بخەمەوە ئەو دەردیسەری و ناخۆشییەوە لەپێناوی هیچیشا!

لاوە هەرچەندە بەو ئەرزوحاڵەشی نەئەزانی کە جوامێر دابووی لەبارەی دوورکەوتنەوەیەوە لە شار، هەر بەوەی کە لای وا بوو مل ئەداتە کاسبی و ئیتر خۆی لە هەموو گومانێک دوور ئەخاتەوە، سەری سوڕ مابوو لەم قسانە. بۆیە وتی:

― بە لای منەوە ئەم قسانە بێ‌سەروپێن! لەگەڵ ئەوەشا تۆ خۆت چۆنی بەباش ئەزانی وا بکە!

― زۆر سوپاست ئەکەم. کەوا بوو لە سبەینێوە ئەگوێزمەوە.

― خێری پێوە بێت. باشە ئەگویزێتەوە کوێ؟

― حەز ناکەم پێت بڵێم چونکە (بەتەریقییەکەوە) تا خۆم بانگتان نەکەم نامەوێت بێنە لام. هەروا نەختێ شوێنەکەم ڕێک ئەخەم ئەوسا خۆم دێم ئەتانبەم!

لاوە بە ڕازیبوونێکی ناچارانە و سەرسوڕمانەوە وتی:

― باشە گیانەکەم بام ئەمیش بە دڵی تۆ بێت. ئێ ئیتر هیچی کەت ماوە؟

― هیچ، گەلێ سوپاس. جوامێر هەستی ئەکرد لاوە وەک مناڵ یان نەخۆش لەگەڵی ئەجووڵێتەوە، بەڵام گوێی نەدایە.