١٦

از کتاب:
ژانی گەل
اثر:
ابراهیم احمد (1914-2000)
 19 دقیقه  955 مشاهده

پاش دوو ڕۆژ جوامێریان برد بۆ گوندی «ناودۆڵان» بۆ لێکۆڵینەوە لە مەسەلەکەی! هەرچەندە لە سەرەتاوە ئەم بەتوندگرتنە و ئەم هێنان‌وبردنە لای جوامێر شتێکی بێ ڕێ‌وجێ بوون، بەڵام لە ئەنجاما کارێکیان کردە سەر ژیانی مەگەر هەر دە ساڵی زیندان ئەو کارەی تێ کردبێت.

چێشتەنگاوێکی درەنگ بوو کە گەیشتنە دێیەکە. لە ڕێ جوامێر زۆر سەغڵەت بوو، چونکە هەر چەندی کرد و کۆشا دوو چەکدارەکەی یاساوڵی بۆ ڕازی نەکرا کە لەگەڵیان بڕوا بەبێ دەست‌ لە پشتەوە بەستن. بۆیە لە ماوەی دوو سێ سەعاتی ڕێگەدا هەر هەوڵی ئەوەی دا کە بەناو ئاواییدا نەڕۆن و لە خوا ئەپاڕایەوە کەسیان پێ نەگات. ئەم هەستەی هەتا ئەهات پەرەی ئەسەند. پێی شەرم بوو گیراو و دەست‌بەستراوی هێزی «ل. ا. ن» بێ. ماوەی دە ساڵ، بەکەلەپچەکراوی و چەکدار لەگەڵ هێنراوە و براوە، هەر مێشیشی میوان نەبووە، بگرە هەندێ جار فیزیشی ئەجووڵا کە بەو چەشنە بە شوێنێکی پڕ خەڵکا ئەیانبرد، چونکە ئەو گرتنە نیشانەی نیشتمانپەروەری و پیاوەتی بوو. بەڵام ئەمەی ئێستا هەرچەندە بەناهەق و ناڕەواش بوو، لای خەڵک نیشانەی خیانەت و نامەردی بوو، بۆیە پێی گران بوو!

بەیانییەک دوای ئەوەی کولێرە و چایەکی خوارد، دوو یاساوڵ جوامێریان برد بۆ لای حاکم، کوڕێکی هەرزەکاری سوورکەلەی کورتەبنەی قەڵەو بوو. وا گەنم کردی جوامێری بە پرسیار داگرت ئەوەندەی نەمابوو سەری لێ تێک چێت و خۆی تووش کات. لەگەڵ ئەوەشا هەرچەندی کرد و کۆشا نەیتوانی پێی بسەلمێنێ کەوا ناردنەوەی بۆ شاری «چ...»، دوای دە ساڵ گیران و لەم کاتەشا لە شار هاتنە دەرەوەی و ڕووکردنە یەکێ لە ناوچە هەرە گرنگەکانی شەڕی، بەڕێکەوت و بێ نیازی خراپ بووە. بۆیە حاکم بڕیاری دا کە هەر بەگیراوی بهێڵرێتەوە تا لە لێژنەی شار ئەپرسن لە بابەت چالاکییەوە ڕاپۆرتێکیان بۆ بنێرێت. ئەم بڕیارەی حاکم دای لە باڵی جوامێر، دەستێکی کەوتە ئەملا و دەستێکی کەوتە ئەولا. کە زۆر لە حاکم پاڕایەوە و باسی بێتاوانی و پاکیی خۆی بۆ کرد، حاکم پێی وت:

― باشە تۆ جارێ لە دەرەوە بوەستە با ئیشەکانی کەم ببڕمەوە ئەوسا بزانین بەشکوو تەگبیرێکی لێ ئەکەین!

جوامێر لە پەنا دیوارێکا هەڵترووشکابوو. یاوساوڵەکەشی لەولایەوە بە تفەنگێکەوە بەدیاریەوە ڕاوەستابوو. لەپڕ دەستی کرد بە باخەڵیا و پاکەتە جگەرەکەی دەرهێنا و بە یاساوڵەکەی وت:

― ڕێم هەیە جگەرە بکێشم.

یاساوڵەکە بەسەرلەقانێکەوە وتی:

― حەز ئەکەی سەد جگەرە بکێشە! پێم بوایە خۆم ئەمدایتێ، بەڵام من جگەرە ناکێشم.

بێدەنگ بوونەوە. دونیا خەریک بوو گەرم ئەبوو، هەتاو تەنگی بە سێبەری پەنا دیوارەکەی جوامێر هەڵچنیبوو، کابرای یاساوڵیشی تەنگاو کردبوو، بۆیە بە جوامێری وت:

― هەستە با جێگەکەمان بگوێزینەوە، ئیتر بە کەڵکی دانیشتن نایە. با بچینە ئەودیو سێبەرە!

جوامێر بێدەنگ پێشی کەوت و چوونە بەر سێبەرەکەی ئەودیو. لەپڕ یاساوڵەکەی، کەوا دیاربوو لە جوامێر باشتر گوێی ڕاهێشتبوو، وتی:

هەستە وا بزانم حاکم تۆ بانگ ئەکات. کە پرسییان وا بوو.

حاکم لە جوامێری پرسی:

― هیچ کەسێک ئەناسی لە شار کەوا پەیوەندیی بە لەشکرەوە ببێ؟

جوامێر نەختێ بیری کردەوە، خەریک بوو بەداخێکەوە بڵێ: نەخێر کەس ناناسم. لەپڕ هات بە بیریا وتی:

― کاک نەریمان حەسەن ئەناسم جارێک دیومە. هەروەها ئاسۆ مەمەندیش هاوڕێمە، جا نازانم هیچ پەیوەندییان هەیە بە شۆڕشەوە یان نا!

زۆر باشە هەردووکیان پیاوی باشن. بەتایبەتی کاک نەریمان خۆی لە لەشکرایە. بەڵام بۆ نەمبیستووە پەیوەندیی هەبێ! باشە ئەپرسین لە کاک نەریمان، لام وایە شوێنەکەشی زۆر دوور نییە، بۆیە بەپەلە نامەیەکی بۆ ئەنێرم. هەر ئەو پاکانەت بۆ بکات بێ سێ‌ودوو بەرەڵڵات ئەکەم. حەزیش ئەکەی بڵێم نەتنێرنەوە شوێنی جارانت. هەر لێرە بە تا وەرامەکە دێتەوە.

جوامێر ئەم قسانەی حاکمی زۆر پێ خۆش بوو، وتی:

― زۆر سوپاست ئەکەم، خۆت چۆنی بەباش ئەزانی وا بکە. هەر بەشکوو وا بکەی زوو وەرامەکە بێتەوە!

― هەر ئێستا بە نامەبەرێکی تایبەتیدا ئەینێرم و تکاشی لێ ئەکەم کە زوو وەراممان بداتەوە، ئەگەر چی خۆشی پیاوێکی تەواوە، لەوانە نییە کاری ئەمڕۆ بخاتە سبەینێ!

***

دوو ڕۆژ بەسەر ئەمەدا ڕابورد، ئێوارەیەک یاساوڵێک هات بەدووی جوامێرا بردیە لای حاکم، حاکم بە ڕوویەکی خۆشەوە پێی وت:

― مژدەت بەمێ کاک نەریمان خۆی وەرامەکەی هێناوەتەوە و هاتووە بۆ چاوپێکەوتنت. تۆ لە ئێستاوە ئازادیت، ئەتوانی بۆ کوێ ئەچی بچی.

بێگومان لێشمان ئەبووریت کەوا ناچارین لەپێناوی پاراستنی شۆڕشا ئەم چەشنە کردەوانە بکەین و جاروباریش تووشی هەڵە ببین. ئەنجامی دەربازبوونی پیاوخراپ ئەوەندە بەسام و پڕزیانە، داخم ناچێت ناتوانین هەمیشە ئەو دەستوورە پەیڕەوی بکەین کە ئەڵێت: «نۆ گوناهکار بەر بدەیت چاکترە لەوەی بێتاوانێک بگریت». بەڵام دڵنیا بە لەوەش کە دەستوورەکە هەڵناگێڕینەوە «نۆ بێگوناح بگرین بۆ ئەوەی گوناهکارێک دەرنەچێت!».

ئیستێکی درێژی بۆ کرد. جوامێر بیری لەوە ئەکردەوە بەشکوو ڕزگاری بوایە و بکەوتایە ڕێ بۆ گوڵان. بە قسەی یاساوڵەکەی ناوچەکەی پڕمەترسییە. خەڵک لەترسی فڕۆکە هەر بە شەو لە دێیەکەوە ئەچێت بۆ دێیەکی تر. جا ئەمیش ئێستا ڕێگاکەی دوورە، هەموو شەو بگرێ بەبەرەوە نیوەی ڕێ نابڕێت. «خوا نازانم چییان لێ بکات، بەخۆڕایی دووریان خستمەوە، ئەوەندەم نەمابوو بگەم. ئەچووم بە چاوی خۆم ماڵوێرانییەکەم ئەبینی و لە دوو کەسم ئەپرسی، لەگەڵ دوو هاودەرد نەختێ سکاڵامان ئەکرد و خەممان بە با ئەدا ...». لێرەدا نەریمان حەسەن کردی بە ژوورا و وەکوو دۆستێکی زۆر نزیک و خۆشەویست دەستی کردە ملی جوامێر و ئەملا و ئەولای یەکتریان ماچ کرد و پێی وت:

― نەهاتووم شایەتیی باشت بۆ بدەم. من بۆ ئەوە هاتووم کە بە ناوی لێژنەی سەرکردایەتیی شۆڕشەوە داوای لێبووردنت لێ بکەم! هەموو زۆریان پێ گران و گەلێ لایان ناخۆش بوو کە بیستیان ڕۆڵەیەکی وەکوو تۆ، لەباتی ڕێزگرتن لەلایەن لەشکرەوە، تووشی ئازار کراوە!

نەریمان وای وت و پەلی جوامێری گرت، کەوا لە خۆشیی ئەم قسانە هەموو بەسەرهاتەکەی خۆی بیر چووبووەوە، بردیە ئەو شوێنەی خۆی لێی بوو. بە ڕێوە پێی وت:

― بچین نەختێ قسە بکەین و پێکەوە شیویش بکەین، هەر لەلای منیش بنوو، خۆ هیچ جێیەکی تر شک نابەیت؟

جوامێر ویستی پێی بڵێ کە حەز ئەکات ئیزنی بدات بچێ بۆ دێی گوڵان، بەڵام هەر دەمی کردەوە و وتی:

― نە بە خوا جێم لەکوێ بوو بەڵام ...

نەریمان وتی:

― بەڵام‌ومەڵامی پێ ناوێ، ئیمشەو بۆخۆمان پێکەوە لێرە ئەبین.

تاریکەشەوە، نیازی گەڕانەوەی شاریشت هەبێ ڕێ دەرناکەیت. شەوەکی هەڵئەسین، من ئەگەڕێمەوە شوێنی خۆم و تۆش بۆ کوێ ئەچی بچۆ ...

بەڵام ئاگات لە خۆت بێ، خۆت تێکەڵی کاروانچی نەکەی! تا پێشت ئەکرێ لاڕی بگرە ...

جوامێر، قسەکەی وا بەجێ و لوتفەکەی ئەوندە زۆر دی، ناچار لەگەڵی ڕۆیشت. لە دڵی خۆیا وتی: دەی بەشکوو شتێ بخۆین ڕیخۆڵەمان بخووسێتەوە، نان و چا کوشتینی ... ماڵی بەنیادەم کاول بێت، چەن زەین‌کوێرە! پانزە بیست ڕۆژێک خواردنی باشی ماڵی لاوەی مامم چڵکاوەی دە ساڵ بەندخانەی لەبیر بردمەوە. ئیستاش وا لە دەست نان و چا بێزارم! ئەڵێیت هەرگیز نانی زیندانم نەخواردووە و مێش و داڕوجانم لە چێشتەکە نەبژاردووە، کە بۆیان ئەهێناین ... لێرەدا هیوا و کاڵێی بیر کەوتەوە کسپەیە لە جەرگییەوە هات. خۆی لە عاستی خۆیا تەریق بووەوە ... نەریمان لە دەستشتن گەڕایەوە، بە میشی وت، کە ئەگەر ئەیەوێت با بچێت دەست بشوا، هەرچەندە شیوەکەشیان پێویستی بە دەستشتن نییە، نان و چایە!

دوای نانخواردن، دیسانەوە نەریمان هاتەوە سەر باسی گرتنی جوامێر و پۆزش‌بۆهێنانەوەی، لەناو قسەدا وتی:

― ئەوی ڕاست بێ هاوڕێیانمان لە سەرێکیشەوە هەقیانە ئەم چەشنە کردەوانە بکەن و هەرکەس نەناسن بیگرن. مانگی پێشوو کابرایەکی، گوایا سەیدی شاڵ سەوز، دێتە دێی گوڵان، لەو کاتەدا شەش حەوت چەکدار بۆ فەرمانێک لەوێ ئەبن. کابرا تومەز جاسووس ئەبێ. کە ئەگەڕێتەوە بە میری ئەڵێ گوڵان بنکەی لەشکرە. ئەوانیش بەرەبەیانێک شەش فڕۆکەیان ناردە سەر خەڵکی بێتاوانی گوندەکە، کەسی لێ دەرنەچوو، مەگەر ئەوانەی لە ئاواییدا نەبوون یان بە کێوەوە بوون. ئەمەیە ئەنجامی کەمتەرخەمی!

نەریمان کە قسەی دەکرد ڕوانی جوامێر، کەوا لەو بەریەوە دانیشتووە، زەرد هەڵگەڕاوە، هەموو لەشی ئەلەرزێ. بەپەرۆشێکەوە لێی پرسی:

― ئەوە چیتە کاکە جوامێر؟ ئەبینم ڕەنگت تێک چوو، چ خێرتە، ناساغیت!

جوامێر بەدەنگێکی کپی نمدارەوە وتی:

― نە گیانە هیچم نییە کۆستەکەمم کەوتەوە بیر!

― کام کۆست؟ بەڵێ! کۆستی کوژرانی نەوەد و سێ کەسی بێتاوان!

بەڕاستی کۆستێکی گەورە بوو بۆ هەمووان!

جوامێر وەک بۆ خۆی قسە بکات وتی:

― بەڵێ کۆست لەوە گەورەتر چی ئەبێت، بەتایبەتی کە بۆ من کۆستی گشتی و تایبەتیش بوو!

― بۆچی کەستی تیا کوژرا، هیچ خزمتی لێ بوون!

جوامێر خەریک بوو دەماری کەرێتی بیگرێ وەرام نەداتەوە و هەستێ بڕوا ... چۆن ئەبێ نەریمان نەزانێ هیوا و کاڵێ لەو دێیە بوون و لەگەڵ ئەو خەڵکە کوژراون! چۆن ئەزانێ نەوەد و سێ کەس بوون و نازانێ هیوا و خۆشی و ژیانی ئەمیان لەناوا بووە! لە چاوترووکانێکا کەرێتیی ئەم بۆچوونەی خۆی بۆ دەرکەوت. نەریمانی بەسەزمان چووزانێ هیوا و کاڵێ کێن؟ ئەمی لەکوێ ناسیوە، مناڵی دوێنێیە. کە ئەم کوردایەتیی ئەکرد، ئەو ڕەنگە تازە لە پۆلی سێیەم و چوارەمی قوتابخانەی سەرەتایی بووبێت ... هەموو ناسینیان تەمەنی لە پانزە ڕۆژ تێپەڕ ناکات. بەر لەوەی ئاسۆ بە یەکتریان بناسێنێت لە «گازینۆی بەختیار»، نە ئەم ئەیزانی نەریمان حەسەنێک هەیە لە دونیادا و نە ئەویش جوامێر بایزی ئەناسی.

ئیتر گلەیی چی لێ بکات. دوای ئێستێک، کە نەریمان بەڕێزەوە چاوەڕوانی بڕانەوەی ئەکرد، چونکە هۆیەکەی بە داخداری ئەزانی، وتی:

― تاقە کوڕەکەم و ژنەکەمی تیا بە کوشت چوون لەگەڵ کۆمەڵێ قەوم و قیلەیان.

نەریمان بە پەرۆش و داخێکی لە کانگای دڵەوە هەڵقوڵاو وتی:

― کوڕ و خێزانی تۆ! بەڕاستە! وەیش داخی بە جەرگم. نەئەبوو بییەڵی بێنە ناو ئەم ئاگرەوە!

جوامێر هەناسەیەکی هەڵکێشا وتی:

― منی هەژبەسەر لەکوێ بووم تا بییەڵم یا نەیەڵم! من لە زیندانا بووم، ڕۆژانی دوایی دە ساڵی گرتنەکەمم بەسەر ئەبرد! جا ئەگەر ئەوان بێکەس و دەربەدەر نەبوونایە، چۆن ڕێیان ئەکەوتە ئێرە و بۆچی وایان بەسەر ئەهات!

نەریمان هەر بەشێوە خەفەتاوییەکەی پێشووی وتی:

― کەواتە چاویشت پێیان نەکەوت!

فرمێسک چاوی بە جوامێر داخستبوو، قوڵپی گریان گەرووی گرتبوو، لەباتی وەرام سەرێکی لەقاند. هات بە بیریا کە بەرامبەر بەو ڕێزە زۆرەی نەریمان هەیەتی بۆی، جوان نییە لە بەرچاوی بگری، بۆیە بەهێزێکی پاڵەوانانە خۆی گرت و وتی:

― دەی، ئەوانیش وەکوو ئەو دەیان هەزارەی تر کە هەموویان هیوا و کاڵێی خۆیان و کەسوکاری خۆیان بوون!

ئەم قسەیە کارێکی باشی کردە سەر نەریمان، بەداخەوە سەرێکی بادا وتی:

― واشە و واش نییە. بەڵام ئەڵێیت چی؟ ئیتر ئەوە شۆڕشە، تەڕ و وشکی پێکەوە تیا ئەسووتێ!

جوامێر ئەمەی بەهەل زانی کە نەختێ داخی دڵی خۆی تیا هەڵڕێژێت، بۆیە وتی:

― ئەوەشی لای من لە هەمووی ناخۆشترە، بەڕاستی لەوەدا لە مەعنا دەرچووە! ئەم هەموو بێتاوانە ئەکوژرێ، ئەم هەموو ماڵ و خانووە وێران ئەکرێ، ئەو هەموو زەوی و زارە ئەسووتێنرێت، هەر ئەمەشە وا لە خەڵک ئەکات لێی بێزار ببێت! زوڵمە تەڕ و وشک پێکەوە بسووتێنرێت.

خۆزگە شتێکی واتان ئەکرد نەختێ لەم ئازار و دەرد و کوێرەوەرییەی خەڵک کەم ئەبووەوە. ئەوی ڕاست بێ من بەزەییم بە تەڕە بێگوناهەکەدا دێتەوە کە بەهۆی وشکەکەوە ئەسووتێ.

نەریمان زۆر لەسەرخۆ وتی:

― خۆزگە شتێکی وا لە توانای ئێمەدا بوایە تا بیکەین! بەڵام داخم ناچێ لە وزەی ئیمەدا نییە. ئەوی تەڕ و وشک پێکەوە ئەسووتێنێ ئێمە نین، دوژمنەکەمانە. ئەم ڕژێمە زۆردارە ستەمکارە بۆگەنە خوێنمژەیە، ئەگینا ئێمە نە خاوەنی فڕۆکەین و نە هیی تۆپ! ئەم ماڵوێرانکردنە گشتییە و ئەم تەڕ و وشک پێکەوە سووتانەش بە فڕۆکە و تۆپ ئەکرێن! تۆ ئەڵێیت من بەزەییم بە تەڕی بێگوناها دێتەوە، بەڵام من بەزەییم بە تەڕ و وشکا دێتەوە و هەردووکیان بەبێ تاوان و بە شایانی ژیانێکی ئازادانەی پڕ دڵنیایی و سەربەرزی و خۆشی ئەزانم. بەڵام دەسەڵات چییە کەوا دوژمنی خوێنخۆر هەردوولایان بە شایانی مردن و سووتان و کوێرەوەری دائەنێت.

ڕەنگە هەندێ کەس بڵێ ئاخر ئێوە دژی هەستاون و بە گژیا ئەچن، ئەویش واتان لێ ئەکات! جارێ ئەوی ئەم قسەیە ئەکات ئەوە لەبیر خۆی ئەباتەوە کەوا ئێمە لەکوێ و لەبەر چی دژی هەستاوین و بە گژیا ئەچین. ئێمە لە وڵاتی خۆمانا، کە ئەو داگیری کردووە لێمان، بۆ دەستخستنەوەی مافی نەتەوەیی و دیموکراتی و مرۆڤایەتیی خۆمان، کە ئەو بێبەشی کردووین لێیان، لەپێناوی ئازادی و ڕزگاریی گەل و نیشتمانی خۆمانا بە گژیا ئەچین و دژی هەستاوین، بۆیە بە لای منەوە هەر کەسێ ئەم جۆرە پاکانەیە بۆ دوژمن بکات، بیەوێ یا نەیەوێ ئەبێ بە لایەنگرێکی تەواوی ئەو ڕژێمە بۆگەنەی کە گەلەکەمان لە پیسترین و نزمترین پلەی چەوسانەوە و ڕووتاندنەوە و زۆرلێکردنا حوکم ئەکات، کە نەک هەر لە ئازادی و سەربەخۆیی، لە ژیانێکی مرۆڤانە و نانێکی پیاوانەش بێبەشی کردوون.

ڕەشوڕووت، برسی و دواکەوتوو، نەخۆش و نەزان و ژێردەست. ئەگەر پیاو لەم هەموو زوڵم و زۆرە بێدەنگ بێت، چ پیاوێکە! ئەگەر یەکێک ئەم ژیانی ڕەشەوڵاخییەی لەلا لە مردنێکی مەردانە لەپێناوی ژیانێکی مرۆڤانەدا باشتر بێت، ئەبێ چی بێت؟ وتم ڕەشەوڵاخی، ئەگەرچی ڕەشەوڵاخی زۆر لە ئێمە نازدارترە لای خاوەنەکەی، چونکە بە مردنی پارەی لەکیس ئەچێ، بۆیە خزمەتی ئەکات. بەڵام ئێمە ئەمرین بە جەهەننەم، دیلێکی تر دێنێتە بەر کار. بۆیە هەموو بیروباوەڕی پێشکەوتووی دنیا، هەموو دین و ئاینێکی ئاسمانیی بەرز، هەموو ڕەوشت و خوویەکی ئینسانی، جوامێرانە هاندەر و یاریدەری ئێمەیە لە هەستانمان دژی زوڵم، دژی ژێر دەستی، دژی چەوسانەوە و خوێنمژین، لە پێناوی ئازادی و پێشکەوتن و ڕزگاری و سەربەرزیدا ...

جوامێر بەئەسپایی وتی:

― کەواتە بە بیری تۆ ئەم کوشت و کوشتارە، ئەم وێرانی و کوێرەوەرییە، ئەم دەرد و ئازارە و ئەم تەڕ و وشک پێکەوە سووتانە، بڕانەوەی نییە.

― بڕانەوەی لەگەڵ بڕانەوەی زۆرداری و چەوسانەوەیە، چونکە ئەمانە هەموویان کردار یان بەر یان بڕشتی کرداری زۆردار و چەوسێنەرەوە و داگیرکەرن.

جوامێر بەو نیازەی دوایی بەقسە بهێنێ وتی:

― سا مەگەر خوا بە ڕەحمەتی خۆی بگات بە فریای ئەم خەڵکەدا، ئەگینا هەموو هەر لەژێر دەست و پێدا ئەفەوتێین!

نەریمان سەرێکی با دا و هەناسەیەکی هەڵکێشا وتی:

― ئەترسم بڵێم کە ئەمە بە چەشنێکی لەجیاکردنەوە نەهاتوو، بەستراوە بە شۆڕشەوە. هەتا شۆڕش لە دونیادا بمێنێ ئەم حاڵەش ئەمێنێ و هەتا زوڵم و زۆر و چەوسانەوەش هەبێ پێویستە شۆڕشیش ببێ، بەبێ گوێدانە نرخی، لەپێناوی ژیانێکی نوێ و لە ڕێگەی ئازادی و کامەرانیدا، ئەبێ هەموو شتێک بە کەم و هەموو نرخێک بە هەرزان بێتە پێش چاو. ئەو ڕۆژەی وا نەبوو، بڵێ مرۆڤایەتی مرد، بڵێ زۆردار خۆش! بڵێ کۆمەڵ تووشی نەزۆکی بووە و بە دیلی و هەژاری و دواکەوتنەوە دەقی گرتووە و ئەوساش شۆڕش هەر هەڵئەگیرسێ بەڵام دوا ئەکەوێت و هەتا دواش کەوێت نرخەکەشی گرانتر ئەبێ و بە زۆرترین فیداکاری لەسەر گەل ئەوەستێ.

لە هەندێ قۆناغی مێژووی کۆمەڵایەتیدا شۆڕش ئەبێ بە شتێکی پێویست و فەرمانێکی ناچاری، چونکە بە شۆڕش نەبێ زوڵم و زۆر و چەوسانەوە بنبڕ ناکرێن. لە کوورەی شۆڕشا نەبێ کۆت و زنجیری دەست و مل و مێشکی کۆمەڵانی خەڵک ناکرێنەوە. شۆڕش ژانی گەلە. ژانیش ناوی خۆی بە خۆیەوەیە چ هیی ژن بێت چ هیی گەل، بۆیە شتێکی سەیر نییە کە ژانی گەلێک پڕ دەرد و ئازار و ئارەقە و فرمێسک و خوێن بێت، ئەمە وایە، بەڵام ئایا هیچ گومان لەوەدا هەیە کە هاتنە دونیای نەتەوەیەکی ئازا و سەربەرز، بەختیار، ژانێکی لەوەش پڕئازار و ناخۆشتر ئەهێنێت!

― جوامێر کەوا لە سەرەتادا بە تاسووقێکی تەواوەوە گوێی لە قسەکانی نەریمان گرتبوو، لەم دوا وشانەیدا هەر ئاگاشی لێی نەمابوو، گەڕابووەوە کات و شوێنێکی تر، وەک ئەم وشانەی دەستێکی نهێنی بووبن نرابن بە گۆپکەی بیرەوەرییا، فلیمێکی کۆنیان هێنایەوە سەر پەردەی مێشکی.

خۆی و کاڵێی زۆر بەجوانی هاتە پێش چاو، ئەو لە جێدا بەدەم ژانەوە ئەتلایەوە و ئەمیش لە ژوورەکەدا کەوتبووە هاتوچۆکردنێکی خێرا، وەک ڕا بکات، ئەیویست شتێک بکات، هەر شتێک بێ و بە هەر نرخێ بکەوێتە سەری، بۆ ئەوەی نەختێ لە ئازاری کاڵێ کەم کاتەوە. بەڵام هیچی لە وزەدا نەبوو. لە داخانا و لە بێدەسەڵاتیدا نەڕانی وتی:

― بەڕاستی ئەم ئازار و ئێشە بێئەندازەیە تا بڵێیت شتێکی ناڕەوا و بێ‌جێیە ...

کاڵێش ئەوەندەی لە توانایا بوو ترش و تاڵیی چارەی پڕئازاری خاو کردەوە و بە دەنگێکی وەک سرپە وتی:

― نە گیانە وا مەڵێ! نابێ بەزەیی بەهەڵەت بەرێ، بوونی ئینسانێک گەلێ لەمەش زیاتر هەڵئەگرێت!

لەبەرخۆیەوە وتی:

― بەڵێ ڕاستە هاتنە دونیای ئینسانێک گەلێ لەو ژان و ئازارەش زیاتر هەڵئەگرێت، بەڵام داخی بە جەرگم ژان و بوونەکەش وا بە فیڕۆ چوون بەرلەوەی هیچ کەڵکێکیان لێ وەربگیرێت. مەرگی بێ ئامان ژان بۆ گیراو و ژانگریشی بردەوە بۆ خۆی.

جوامێر کە لە بیرکردنەوەکەیا گەیشتە ئێرە ئیتر ماوە و جیاوازیی کات و شوێن و کەسی لا نەما، ڕابوردوو و ئێستای تێکەڵاو بوون. دەستێکی نادیار زۆر دڕندانە دڵی هەڵگڵۆفت، گرژییەکی تاڵی ئازاراوی چارەی داگرت، پرسیارێک پڕبەمێشکی، پڕبەژوورەکە، پڕبەهەموو دونیا وەک بەسامترین دێو لەبەر دەمیا قوت بووەوە. کێ ئەڵێت ژانەکەی گەلیش وەک هینەکەی کاڵێ نابێت! چووزانێ ئەم هەموو قوربانی و کوێرەوەری و ئێش و ئازارەی گشت ئەم خەڵکەش بەفیڕۆ ناچێت! چۆن ئەو مەرگی ستەمکار ژاندار و بەری ژانیشی پارچەپارچە کرد و گۆڕێکی تەنک و تاریشی پێ ڕەوا نەبینین، ئێستەش زۆردارێکی تازە لە پێستی ڕزگارکەرا، گەل و بەری ژان و ئازارەکەشی بۆ دەسکەوتی خۆی و دار و دەستەی، ناقۆزێتەوە و سەرلەنوێ کۆمەڵانی خەڵک بە ناوێکی تازەوە و لە داوێکی تازەدا ناهاوێژرێنەوە ناو دۆزەخێکی لە جاران ناخۆشترەوە!

جوامێر لەم بیرکردنەوە بەسامەدا بوو کە نەریمان، سا یا وەکوو شتێ لە دڵی گەڕابوو ئەم بیر لە چی ئەکاتەوە یا هەر ئەنجامی قسەکەی وای هێنا، وتی:

― جا بێگومان شۆڕشێک کە ئەم هەموو ئێش و ئازار و کوێرەوەری و خوێن و ئارەقە و فرمێسکە بکەوێ لەسەر گەل، پێویستە گەلیش لە بیبیلەی چاوی باشتر بەرەکەی بپارێزێت، هەروەک دایکێکی دڵسۆز کزەی جەرگ و بەری ژانەکەی خۆی ئەپارێزێت!

جوامێر کە چارەنووسی هیوای کوڕی هاتەوە بیر بەئەسپایی وتی:

― بە خوا برا چاک ئەتوانێ بیپارێزێت!

نەریمان نەک لەبەرئەوەی هۆی ئەم گومانەی ئەمی زانی، هەر وەکوو خەباتکەرێکی بەباوەڕ بەهێز و توانای گەل وتی:

― بەڵێ هیچ گومانت لەوەدا نەبێ کە ئەگەر گەل وریایی و توانا و وزەی بێ‌پایان و بێسنووری خۆی بەباشی و ڕێکوپێکی و هەست و ویستی شۆڕشگێڕانەی خۆی بەجۆرێکی دیموکراتییانە بەکار بهێنێ و ئەم فەرمانی پاراستنی بەری شۆڕشە ڕاستەوخۆ بگرێتە ئەستۆی خۆی، زۆر بەباشی ئەتوانێ ئەم ئەرکە گرنگە بباتە سەر، کە بە لای منەوە لە شۆڕش خۆی بایەخدارتر نەبێت کەم‌بایەختر نییە. وە هیچ گومانیشم لەوەدا نییە کە گەل لە ئەنجاما لەم خەباتەشیا هەر سەرکەوتوو ئەبێ.

دوای بەینێ دانیشتن و قسەکردن هەندێ بێدەنگ بوون. نەریمان باوێشکێکی دا، جوامێر بۆی سەندەوە و وتی:

― کە شەوەکی زوو بکەوینە ڕێ، بنووین باشترە ...

نەریمان وتی:

― ڕاست ئەکەی بنووین باشترە. خەو باشترین خۆلەبیربەرەوەیە.

ئەرێ بەڕاست خۆ تۆ پێت نەوتم نیازی کوێت هەیە، شار؟

― نەخێر ئەمەوێ بچم بۆ دێی گوڵان!

نەریمان سەرێکی با دا و لەسەرخۆ وتی:

― «گوڵان»ی چی کاکی خۆم! گوڵان گیانلەبەری تیا نەماوە، ئەچی لەوێ چی ئەکەیت؟ جگە لەمەش ئێستا شەڕ کەوتۆتە ئەو ناوەوە، ڕۆژ نییە سێ چوار جار ڕێگا و دێهاتەکانی ئەو ناوەی تیا بۆردمان نەکرێت!

جوامێر لە دڵی خۆیا وتی: بۆردمان ئەکرێ جاڕ بە جەهەننەم، خوای ئەکرد پارچە بۆمبایە ئەیدا لە پەڕەی دڵم و ڕزگاری ئەکردم، ڕووی کردە نەریمانیش و وتی:

― لام وایە هەر چوونەکەم چاکترە، دوای ئەوەی بە سەرم هات، لەم دونیایەدا لە هیچ شوێنێکی تر هیچ کارێکی کەم نییە!

نەریمان بەزەردەخەنەیەکی پڕبەزەیییەوە وتی:

― لێم ئەبووریت ئەگەر بڵێم من لەم ڕەئیەتا لەگەڵت نیم. یەکێکی وەکوو تۆ ئێستاش و بەر لەم کۆستکەوتنە گەورەیەشت، شوێنێکی تایبەتی و کار و فەرمانێکی دیاری هەبووە و هەشە!

جوامێر تێ گەیشت لە نیازەکەی نەریمان، بەڵام خۆی لێ گێل کرد.

بە بیریشیا هات کە ڕەنگە نەریمان ڕووی نەیە پێی بڵێ قەدەغەیە لە ناوچەی شەڕا سووڕانەوە، لەوانەیە جارێکی کەش بیگرنەوە و ئەویش تووشی سەریەشە ببێتەوە. جگە لەمە، وا چووش بۆ گوڵان، چ دادێکی ئەم ئەدات کە بەردی بەسەر بەردەوە نەمابێ! بۆیە وتی:

― باشە لەسەر قسەی تۆ ناچم بۆ گوڵان، ئەگەڕێمەوە شار.