١٤

از کتاب:
ژانی گەل
اثر:
ابراهیم احمد (1914-2000)
 19 دقیقه  1296 مشاهده

لە سەفەرەکەی جوامێرا لە هەمووی پڕمەترسیتر لە شاردەرچوون بوو، چونکە هەموو ئەو ڕێباز و شەقامانەی کە لە شار ئەچنە دەرێ یا دێنە شارەوە خرابوونە ژێر چاودێرییەکی ورد و توندەوە. وە لەو شوێنە بەرزانەش کە بەسەر ڕێگاکاندا ئەیانڕوانی گونیە لم و شەستیری لێ دامەزرێنرابوو. ئەوی لە شەقامەوەو بە «پاس» نەچوایە شار و نەهاتایە دەرێ، بەبێ سێ‌ودوو، تەقەی لێ ئەکرا و ئەکوژرا. هەفتە نەبوو لاشەی چەند کوژراوێک لەبەر دەرکی سەرادا فڕێ نەدەن، بە ناو بۆ ئەوەی کەسوکاریان بیانناسنەوە و بیاننێژن، ڕاستییەکەشی بۆ ترساندن و ورە پێ بەردانی خەڵک بوو، چونکە کەس نەبوو بوێری خۆی بکات بە خاوەنی لاشەی کوژراو.

جوامێر بەتەنیا کەوتە ڕێ و بە ئەقڵی خۆشی کەم‌مەترسیترین ڕێگای گرتبوو. بەڵام وا دەرنەچوو، چونکە هەر دوای ئەوەی ئەو بە چوار چەمۆڵە لە پەنا گردێکەوە هاتە دەری شار، پڕۆژێکتۆرێک دڕی دا بە تاریکی و بۆ ماوەی شەش حەوت دەقیقەیەک ئەو دەوروبەرەی پڕ کرد لە ڕۆشنایی.

شریخەی شەستیر دەستی پێ کرد، جوامێر خۆی مەڵاس کرد بە ئەرزەکەوە تا تەق و هووڕ بڕایەوە، ئەوسا بە سکەخشکێ خۆی گەیاندە شیوێک. لەوێوە کەوتە ڕاکردن تا لە حوکمی گوللە دەرچوو. ڕۆژی دووەم لە کاروانچیی بیست کەوا ئەو شەوە مناڵێک و ژنێک و دوو پیاو و سێ ئێستر کوژران.

خەڵک هەر لە شار بهاتنایە دەرێ ئیتر لەژێر دەسەڵاتی میریدا نەئەمان، ئەکەوتنە ژێر دەستی «ل. ا. ن». جوامێر لەگەڵ ئەوەشا کە چەند جار ئەو ڕێ‌وبانەی دیبوو، بەڵام بۆی نەئەناسرایەوە و هەمیشە لەو گومانەدا بوو کە بەهەڵە چووبێت. نەک لەبەر ئەوەی دە ساڵ زیاتر تێ پەڕیبوو بەسەر دوا دیتنیا، ئەیزانی کە لادێی کوردستان دە ساڵی لا ڕۆژێکە بۆ گۆڕان! هۆی سەر لێ تێکچوونی ئەو وێرانییە بوو کە بەسەر ناوچەکەدا هاتبوو. یەکێ لەو چایخانانە لە سووتان، دارێک لەو باخی و پەڵە چنارانە لە فەوتان ڕزگاریان نەبووبوو، کە جاران درێژاییی ڕێگایان کورت ئەکردەوە. زۆربەی ماڵی ئەو دێهاتەی ئەهاتنە ڕێی لە بناردا یا بۆمبا ڕووخاندبوونی یا سووتێنرابوون و بەشی هەرە زۆری خەڵکەکەش چۆڵیان کردبوو.

هەندێکیان چووبوونە شار و هەندێکیشیان پەنایان بردبووە بەر شاخی، ڕۆژی یەکەم جوامێر زۆر ڕۆیشت، جگە لە قرچەی نیوەڕۆ، کە بۆ دوو سێ سەعاتێک لای دایە سەر کانی و ئاوێک، ئیتر ملی ڕێی گرت. ئێوارە ڕووی کردە دێیەک، کەوا چەند ماڵێکی تیا مابوو هەڵنەهاتبوون. ئەوانیش بەر لە هەتاوکەوتن خۆیان و مناڵ و ئاژەڵیان ئەچوونە پەنا تاوێر و کوێرەشیو و بن دار و دەوەنی دەوری ئاوایی تا ڕۆژ ئاوا ئەبوو، ترسی بۆردومان نەئەما، ئەوسا ئەهاتنەوە دێ. کە جوامێر کردی بە دێکەیانا تازە هەندێکیان هاتبوونەوە و خەریکی ئاگرکردنەوە و چێشت‌لێنان و نانکردن بوون. جوامێر دوو پەڵاسی لە ماڵێکیان خواست و چووە سەربانی مزگەوت.

تێشوودانەکەی خۆی لێ دەرهێنا و کەوتە شیوکردن. زۆر مەمنوونی ئەقڵی خۆی بوو کە تێشووی لەگەڵ خۆی هێنا، ئەگینا ئەبوو بە ئەرک بەسەر ئەو لادێییە برسی و ڕەشوڕووت و ماڵ لێشێواوانەوە. بەشی بەیانیش هەڵئەگرێت. بۆ قاوەڵتییەکی درەنگ خۆی ئەگەیەنێتە «گوڵان».

قاوەڵتییەکەی لەگەڵ کاڵێ و هیوا ئەکات. کە کاڵێ و هیوای هاتەوە بیر سەری لە خۆی سوڕ ما کەوا بە درێژاییی ڕۆژ ئەوەندە نەهاتوون بە بیریا، کە هاتبیشن ئەوەندەی تیا نەماونەوە! بێگومان مەترسیی ڕێ، بیرکردنەوەی لە لێپرسینەوەی میری، بەجێهێشتنی بێدەنگیی ماڵی لاوە، کاولی و ماڵوێرانی و ڕێ‌وبان تێکچوون و ئەو کوێرەوەری و ئازارەی خەڵکی تیا ئەژیان مێشکی پڕ کردبوو، بەجۆرێک کەوا خەریک بوو تەنگ بە کاڵێ و هیواش هەڵبچنێ. چاوێکی بە پێخەف و لبادەشڕ و سەرینە باگردێنییەکەیا گێڕا، کەوا تا ئەو کاتە لەبەر ماندوویەتی و لەبرسا نەیپەرژابوو تێیان وردبێتەوە. سەرینەکەی گەمڕەیە چڵک و ئارەق و خۆڵ دایان پۆشیبوو، نەئەزانرا ڕەنگی پێشووی بەرگەکەی چی بووە. لێفەکەشی کەنارەکانی چڵک ئابڵۆقەی دابوو، بەرگە خامە سوورەکەی لە دوو سێ لاوە دڕابوو، لۆکەیەکی بۆری کوڵکنی لێوە دەرکەوتبوو. پشتەکەشی، کەوا چیتێکی سەوز بوو، چووبووەوە و چەند پەڵەیەکی گەورە شتی پیا ڕژاو یا میزی مناڵی پێوە بووبوو بە نەخش! لبادەکەی ژێری لە هەموویان پاکتربوو، تەنیا جێگەی چەند ژێر پیاڵەیە چای لەسەر دانراو و شوێن سووتانی چەند جگەرەیەکی پێوە دیاربوو. چڵکنی و پیسیی نوێنەکانی ئەو ڕۆژەیان بیر خستنەوە کە تیایا حوکم دران و بران بۆ زیندان. وای چ جلک و نوێنێکی پیسیان دانێ!

بەڵام هەر قەی ناکات، ئەمان بەندی بوون و بە حسابی میری گوناهکار بوون، جل و نوێنی پیس و چڵکن بەشێک بوو لە سزاکەیان. بەڵام ئەم لادێییە هەژبەسەرانە لای خۆیان و بە هەموو حسابێکیش بێتاوان و ئازادن، بۆ چی ئەبێ ئەمە حاڵی بەرگ و نوێنیان بێت! هیچ دووریش نییە ئەوەی دراوە بەم نوێنی هەرە پاک و چاکی ماڵەکەشیان بێت، بەخێرێ بۆ میوان هەڵگیرابێت. زەردەخەنەیەکی تفت سەر لێوی گرت. سوورە چناری پیری مزگەوتەکە چەمابووەوە بەسەر سەربانەکەدا. بە ڕۆژ سێبەرێکی خۆشی ئەکرد بۆ دانیشتووانی سەر سەکۆ و بەردەنوێژ و حەوزەکەی، لەو سەردەمەدا کە ترسی فڕۆکە دێیەکەی بە ڕۆژ بە خەڵکەکەی چۆڵ نەکردبوو.

بەڵام بە ئێواران ماتەمینی و تەنگییەکی بێئەندازەی ئەخستە دڵەوە، یا هەر هیچ نەبێ ئەو ئێوارەیە بە لای جوامێرەوە وەهابوو. پڕی کرد بە پێخەوەکەیا و ڕایەخەکەی ڕاکێشا و هەتا توانی و بانەکە بە دەمییەوە بوو، وە «شوێن و جەماعەتی» دوو سێ نوێژکەری سەربانەکە ماوەی دا لە سێبەری پیرە سوورەچنار دوور کەوتەوە. سەڵتە ڕێیەک لە گردەکەی بەرامبەریەوە ئەکشایە ناو دێ، وا دیار بوو هەموو ئاوایی لەودیوی ئەو گردە خۆیان شاردبووەوە، چونکە وەکوو ڕێچکەی مێروولە مەڕ و ماڵات و ژن و مناڵ پیا ئەهاتنە خوارەوە. تا تاریکی تارماییشی لێ کرد بە ژێر خۆیەوە چاوی لێ نەترووکاندن، ئەگەرچی زۆر جار خەیاڵی ئەوەندە دوور ئەکەوتەوە نەک تارمایی سەر ئەو باریکەڕێیە، قەدی ئەستووری سوورەچنارەکەی بەردەمیشی نەئەدی.

کابرایەکی نوێژکەر هات بە لایەوە، وا دیار بوو تینووی قسە و دەنگوباس بوو، بەڵام جوامێر ئەوەندە بە ساردی وەرامی دایەوە زاتی هەڵترووشکانی نەبوو، هەر بەپێوە یەک دوو پرسیارێکی تێ گرت و لێی دا چووەوە بە لای بەرماڵ و نوێژ و هاونوێژەکانی خۆیەوە و کەوتنە تەنووری قسەداخستن و ئاشی خەیاڵ خستنە گەڕ. جوامێریش لە پێشەوە گوێی بۆ هەڵخستن بەڵام لەپاش نەختێ تاقەتی لێیان چوو. سەرێکی لبادەکەی ژێری پێچا لە پێڵاوەکانییەوە و سەری خستە سەر و لێی پاڵکەوت. دوای نەختێ ئەم‌دیو و ئەودیوکردن بەپەلە هەستا چوو سەرینە وەک باگردێنەکەی هێنایەوە کەوا لەبەر زلی لەبن لقوپۆپی سوورەچنارەکەدا، لە شوێنەکەی پێشووی جێی هێشتبوو. نەختێ بە چەپۆک خەریکی نزمکردن و پانکردنەوەی بوو، لەپاشا سەری کردە سەر و دوای چەند جار ئەم‌دیو و ئەودیوکردن بێدەنگ بوو.

ئەوەندەی نەخایاند بەپێچەوانەی جارانی پرخەپرخی پێ کەوت. کە هەستا مانگ ڕمێ زیاتر بەرز بووبووەوە. خۆی گورج کردەوە و نوێنەکانی بردەوە بۆ ماڵی خاوەنەکەیان. هەرچەندە حەپەی سەگ نەشیهێشت، وەکوو حەزی دەکرد، بێدەنگ بیخاتە سەر دیوارە نزمە موورینەکەی خانووەکەیان و ملی ڕێ بگرێت و بڕوات. مانگ لە چارەکی سێیەمیا بوو، بە تریفەی زیوینی دەشتودەر و کێووکەژی ڕووناک کردبووەوە. دارودرەختی لاڕێ تێکەڵی سێبەرەکانیان کردبوو، وەک گرد و تەپۆڵکە لە دوورەوە ئەهاتنە بەر چاو. زۆر لە ئەستێرە ورد و دوورەکانی ئاسمان بە تریفەی مانگ و نزیکیی بەیان لە چاو ون کرابوون، تەنیا چەند ئەستێرەیەکی گەش لەملاولاوە پەنجەیان لە پەنجەی مانگ ئەدا، بەڵام بە جریوەجریوی زۆر و ڕەوتی خێرایانا لەچاو مانگی مەنگ و لەسەرخۆدا ئەتوت مناڵە وردکەی تازەی نەدیتکەن بە جلە تازەکانیانەوە خۆیان ئەنوێنن. دنیا فێنک و کشومات بوو، جگە لە دەنگی پێی خۆی کە بە زیادەوە ئەهاتە گوێی، تەنیا دەنگێک کە ئەهات سیڕەی بێدەنگی بوو کە بە مناڵی پێیان وتبوو خوڕەی ڕووباری بەهەشتە دێتە گوێ.

بیری ئەکردەوە لە دونیا، لە ئاسمانی بێ بن و پایان، لە ئەستێرەی بێ‌ژمارە، لە ڕابوردوو، لە دواڕۆژ، لە شۆڕش، لە ژیانی ئەو خەڵکە، لە خۆی، گڕگڕ مێشکی ئەهاتەوە سەر کاڵێ و هیوا، بەڕاستی نەئەبوو لاوە بهێڵێ لەم ئاخۆران بخۆرانەدا بێن بۆ لادێ. خەڵک لە لادێوە ڕا ئەکاتە شار. چ لادێییەکی قوڕبەسەر جێی خۆی و ماڵ و مناڵی بۆ ماوەتەوە تا بە جێگەی میواندا بگات! بێگومان ئەبێ لاوە لێیان بێزار بووبێت، هەقیشێتی ئەبێ هەر جەرگیان دەرهێنابێت. بە قسە خۆشە دە ساڵ خزمەتی ژن و مناڵ بکەیت، ناخۆشتر لە هەمووی ئەوەیە هەرچییەکیان بۆ بکەی ناتوانی دڵخۆشیان کەیت وەک خۆت ئەتەوێت.

لەپڕ خەیاڵێک هات بە مێشکیا دڵی گوشی، هیچ دوور نییە ئەوانیش وەکوو ئەم هەموو دێهاتییانە بە ڕۆژ دێیەکەیان چۆڵ نەکەن و نەچنە شا خی و پەنا بەرد و گەورکی دەوریان! بەم پێیە ئیمڕۆش چاوی پێیان ناکەوێت. واتە خۆکوتانەکەی بێبەر ئەبێت. ئەمەی پێشتر بە بیرا بهاتایە ئەوەندە زوو هەڵنەئەستا و لە هیچە خۆی لەخەو نەئەکرد و شەوی نەئەبەست بە کۆڵەوە.

«دەی تازە وا هات! لێرەودوا خۆم ئەخافڵێنم کە دوای زەردەپەڕ بگەمە ئاوایی. چی بکەم، هەر لە نیوەڕۆوە وەکوو قازی کوێر بەتاقی تەنیا لە دێیەکی چۆڵا!».

جوامێر گوڕوگوژمی جارانی خاو بووەوە. چاوی بڕیبووە چەقی ڕێگەکە و لەسەرخۆ ئەڕۆیشت. جاروبار گەرما تینی بۆ ئەهێنا لای ئەدایە ژێر سێبەری درەختێکی لاڕێ کەوا لەم ناوچەیەدا دەستی دوژمنی نەگەیشتبوویە، ماندووێتیی خۆی ئەحەسانەوە و ئەکەوتەوە ڕێ. چێشتەنگاوێکی درەنگ بوو، بە واق‌وڕمانێکەوە چایخانەیەکی نەسووتێنراوی بەدی کرد. بە درێژاییی ڕێ هەموو چایخانەکان کاول کرابوون. ئەوەی دەستی حکوومەتی گەیشتبوویە سەرباز سووتاندبووی، ئەوی دەستیشی نەگەیشتبوویە بە فڕۆکە لە ئاسمانەوە بوردومان و ئاگرباران کرابوو. بە دەست لێنەدراوی، مانەوەی ئەم چایخانەیە لێرەدا بە لای جوامێرەوە شتێکی سەیر بوو. کە چووە پێشەوە لێی، چەند تەختە و کورسی و تەپڵەکی شەقوشڕ ئاگردانێکی ساردوسڕ هەموو دیمەنی چایخانەکە بوون. لەبەرخۆیەوە بە دەنگێکی نەختێ بەرز وتی:

― چایخانەی چی؟ خۆ کاولترە لەوانەی ڕووخێنراون. دڵم خۆش بوو وتم چایەک ئەخۆمەوە!

چووە سەر یەکێ لە تەختەکان دانیشێت، کە ویستی پاڵ بداتەوە دەرگای ژوورێکی لەناو چایخانەکەدا بەدی کرد. بەر لەوەی هەستێتە سەر پێ بچێ بزانێ چییە، دیی مناڵێکی ڕووتەڵەی چڵکنی دەموچاو ڕیپۆقاوی دەستێکی گرتبوو بە بەرچاویەوە، ملی لار کردبووەوە بزانێ ئەو زەلامە کێ بوو دەنگی ئەهات. جوامێر ئەمەی بەهەل زانی وتی:

― کوڕی باش ئەوە بۆچی چاتان نییە؟

مناڵەکە لە باتی وەرامدانەوە بەپەلە گەڕایەوە بۆ ناو ژوورەکە. ئەوەندەی نەخایاند ژنێکی هەرزەکاری سەروپۆتەڵاک شێواوی خەواڵوو نیوەی لە دەرگاکەوە هێنایە دەرێ و تەماشایەکی پڕ ترس و سامی ئەملا و ئەولای خۆی کرد. کە دی ئەوی لێی ئەترسا ئەوە نییە هاتە ناو دەرگاکە و بانگی کرد:

― ئەوە کێیە؟

جوامێر، دوای گەڕانەوە ژووری مناڵەکە، نائومێد لە چاخواردنەوە خۆی لەسەر تەختەکە پاڵ خستبوو، تا سەری هەڵنەبڕی لە دەنگی ژنە یەکتریان نەدی، ئەوسا وتی:

― ئەوە منم خوشکم، ڕێبوارم ئەپرسم ئەگەر چاتان هەبێ یەک دوو چام بدەنێ!

ژنە بەر لە وەرامدانەوە ئیستێکی کرد و سەرنجێکی ئاودامانی جوامێری دا ئینجا وتی:

― فەرموو وەرە لای سەروو هەر ئێستە چات بۆ لێ ئەنێم.

جوامێر وەک خێری پێ بکەن بەترسێکەوە پرسی:

― ئەی نیتانە دوو هێلکەشم بۆ بکوڵێنن یا بیکەن بە هێلکەوڕۆن؟

― بەڵێ هەیە، کامیانت بۆ بکەم؟

― ئەگەر زەحمەت نەبێ هێلکەوڕۆنەکەم لا خۆشترە، بەڵام تێکی هەڵمەدە.

― باشە بەسەر چاو. ژنە ئیستێکی کرد و پرسی: وا دیارە کاکە خەڵکی ئەم ناوە نیت؟

جوامێر خەریک بوو بپرسێ چۆنت زانی لەپاشا ترسا لەوەی درێژەدان بە قسە زۆر لە ئافرەتەکەی نزیک کاتەوە، کە دیار بوو نەک هەر ئێسک‌سووک، تەنیا و دەستەمۆش بوو. بۆیە سەرێکی لەقاند و بێدەنگ بوو. بەدەم قسەوە هاتە لای کورسییەکانی نزیک دەرگای ژوورەکەوە، لەسەر هەرە دوورەکەیان دانیشت. ژنەش خەریکی چالێنان و هێلکەوڕۆنکردنی خۆی بوو. ئەوەندەی پێ نەچوو هەر بە تاوەکەوە لەگەڵ دوو سێ خەپلە لەسەر سینییەکی تەنەکەی کۆن هێنایە بەردەمی. خۆشی چوو لەو بەرییەوە لەسەر کورسییەک لێی دانیشت. هێشتا باش جێی بە خۆی نەگرتبوو وتی:

― کاکە نازانم بە چاوە حەزی لێ ئەکەیت یان چایەکەت لە دواییدا بۆ بهێنم؟

― لە دواییدا باشترە.

نەختێ بێدەنگ بوون. لەم ماوەیەدا دوو سەگ بە کلکەلەقێ و مل خوارکردنەوە زۆر چڵێسانە لە جوامێر هاتنە پێشەوە، کەوا بەدەم پارووجوونەوە خەیاڵی ڕۆیشتبوو بۆ لای کاڵێ و هیوا، تا سەگەکان تەنگیان پێ هەڵچنی و خەیاڵیان پێ بڕی. سەرو لەت کولێرەی بۆ تووڕ دان، هەر بە ئاسمانەوە قۆستیانەوە و حلووشیان کرد. بەناچاری سەر و پارچەی کەی بۆ فڕێ دان. لەبەرخۆیەوە وتی:

― وا دیارە زۆریان برسییە.

ژنەکە، کە وەها دیار بوو لەبیر جوامێر چووبووەوە، لەپڕ وتی:

― ڕێبوار و هاتوچۆکەرمان نەماوە، ئێمەش و ئەوانیش برسی کەوتووین، ئەگەر وا بڕوا هەموو ئەمرین لەبرسانا. تۆ یەکەم کەسی لەم هەفتەیەدا ڕوومان تێ بکەیت. تا مێردەکەشم نەگیرابوو هەر باشتر بوو، ئەحمەد و مەحموودێکی بۆ ئەکردین. بەڵام ئەوەتەی ئەو گیراوە، بەناشکوری ناڵێم، دەرووی ڕەحمەتمان لێ چۆتە بەست. بێوڵەتی لێرەشا بووەستێ هەر چاکە!

ئەترسم ئەو بکوژن و چایخانەکەشمان بسووتێنن.

ئەم سکاڵایەی ژنە دڵی جوامێری جووڵاند، بەپەرۆشێکەوە پرسی:

― مێردەکەت بۆ گیراوە!

ژنە ئیستێکی تەواوی کرد و سەرنجێکی باشی جوامێری دا، سێبەری چایخانەکە نەختێ شوێنەکەی تاریک کردبوو، هەناسەیەکی هەڵکێشا وتی:

― بۆ بەدبەختی مێردەکەم لەلایەن «ل. ا. ن»ەوە گیراوە!

― جوامێر پەشیمانییەکی زۆر گرتی بەرامبەر بە خۆ تێهەڵقورتاندنەکەی، چونکە بیستبووی «ل. ا. ن» خەڵک لەسەر چی ئەگرن. لەگەڵ ئەوەشا بەنابەدڵییەکەوە پرسی:

― لەسەر چی گرتوویانە؟

ژنە وەک چاوەڕوانی ئەم پرسیارە بوو یان زۆر جار لێی کرابێت گورج وتی:

― چونکە چایخانەکەمان نەڕووخێنراوە!

جوامێر لەبەرخۆیەوە وتی:

― چۆن؟ چایخانەکەتان نەڕووخاوە، ئینجا گوناهی ئێوە چییە؟

وەک لەگەڵ پرسیارەکەیا وەرامێکی دەمکوتکەری هاتبێ بە مێشکا هەتا ئەهات قسەکەی خاوتر ئەکردەوە. ژنە وتی:

― ئەڵێن ئەگەر جاسووس نەبوونایە میری چایخانەکەی ئێوەشی کاول ئەکرد! جا تو خوا ئەمە ڕەوای هەقە؟ لە پیر و مەشایەخانم گەرەکە ئەگەر ئێمە خراپەی شۆڕشمان ویستبێت خۆم و مێرد و هەر سێ مناڵەکەم نەگەینە ئێوارە. خۆ ئەگەر بێگوناهیشین ئەوا سەبەبکارمان بەکوێ زووخاڵ بێت. من خۆم ئەزانم ئەمە داری کێیە دای بە ڕۆحمانا.

قەی ناکات خوا هەقی بزنی شاخدار بەسەر بێشاخەوە ناهێڵێ.

هەردووکیان بێدەنگ بوون ... پاش نەختێ ژنە پرسی:

― ئێستە چایەکت بۆ بێنم؟

― ئەرێ بە خوا، بەڵام زۆر پڕڕەنگ نەبێ.

جوامێر چای دووەمی ئەخواردەوە ژنەکە وتی:

― ئەڵێیت جگەرە ناکێشیت؟

― بەرێ وەڵڵا ئەیکێشم بەڵام وەکوو شتێ بیرم چوو، کە ئەویش نیشانەی خێرە، واتە ئەتوانم تەرکی بکەم و خۆم لەو ئەرکەش ڕزگار بکەم!

ژنەکە بەپێکەنینێکی شەرماوییەوە ویستی قسە بکات، جوامێر بەتەریقییەکەوە وتی:

― لێم ببوورە! فەرموو ها ئەوە پاکەتی جگەرەکەم.

وای وت و پاکەت و شقارتەکەی بۆ هاویشتە سەر مێزەکەی بەردەمی، ئەویش بێدەنگ هەڵی گرت. جگەرەیەکی لێ تێ کرد و پاکەت و شقارتەکەی خستەوە تەنیشت جوامێر، کەوا بیری لە شوێنێک ئەکردەوە دەستوپلی لێ بشوا و دەستی تیا بە ئاو بگەیەنێت. لە ژنەکەی پرسی:

― بەڕاست خەڵک لەکوێ دەست ئەشۆن؟

ژنە هەستا لە پاکەتە جگەرەیەکی کۆنا بنیسکەیە سابوونی بۆ هێنا و پێی وت:

― بچۆ سەر کانییەکە، ئەوەتا لەپشت چایخانەکەوە، جۆگەلەکەی ئەتباتە سەری.

جوامێر لە دەستشتن ئەگەڕایەوە بیری لە ژنەکە ئەکردەوە. زۆر کەوی دیارە، دەست پیاوی خۆی کەوێت بستی بە قەرز نادات. ناشیرینیش نییە، چی؟ ناشیرین! گوناهە پیاو نەڵێ ئێسک‌سووکە. ئەم تەنیایییەش هەلێکی باشە بۆ ئەو کەسانەی لە شتی وا ئەگەڕێن. بڕۆم باشە. نە بە خوا ئەگەر پارچە سیپاڵێکی هەبێ بمداتێ لەو بن تووەدا سەرخەوێ بشکێنم و دەمەدەمی عەسر بکەومە ڕێ لە هەمووی چاترە. بەم قرچەقرچی گەرمایە بچم بۆ کوێ؟ هەمووی ڕێگەی سەعاتێکم ماوە، سەر ئەو یاڵە ئەکەوم و باسکەدرێژ ئەبڕم، ئەگەمە ئاوایییەکەیان. هەر چەندە ماڵی پووری کاڵێ لەوپەڕی دێشەوەیە بەڵام هەر گەیشتە دێ گەییووەتە ئەوێ. ژنەکە کلیم و سەرینێکی پاکی بۆ هێنا. پێشی وت کە لەژێر سێبەری چایخانەکەدا بنوێ چاترە، لە دەرەوە مێش و مەگەز ئەیخۆن. پێش ئەوەی جوامێر دەم هەڵهێنێتەوە قیژەی گریانی یەکێ لە مناڵەکان دایکەی بەڕاکردن بردەوە ژوورەکە و جوامێریش بەپەلە خۆی گەیاندە ژێر دارتووەکە و لێی پاڵ کەوت و دەسەسڕەکەی دا بە دەموچاویا. نەیزانی چەند خەوی لێ کەوت، کە لە دەنگەدەنگی ژنە و مناڵەکانی خەبەری بووەوە. لە پێشەوە خۆی کرد بە نوستوو، بەڵام بێهوودە بوو خەوی لێ نەکەوتەوە. ژنەکەش کە بە ژوور سەریەوە وەستابوو بارگۆڕینێکی ئەمی بەهەل زانی وتی:

― هەستە تەیارە هاتووە، بە سەرمانەوە ئەسووڕێتەوە خوا بمانپارێزێت!

نازانم لەژێر درەخت باشە یان نا؟ لەگەڵ ئەوەشا کردوومە بە خوو هەر ویزەی تەیارە هات پەلبی مناڵەکانم ئەگرم و ئەیانهێنمە ژێر ئەم دارتووە.

ڕەنگە جێیەکی خراپ نەبێ، مەڕوماڵات و وڵاخمان لە دەرەوە نییە. ئەڵێن ئاژەڵ و کاروان و شتی وا باش بەدی ئەکات.

جوامێر کە دی مەسەلە گرنگە و ژنەش وا دیارە بڕیاری داوە کە نەیەڵێ بنوێت، بەناچاری هەستا دەموچاوی شت و بۆ ئەوەی ئۆباڵی لە خەوهەستانەکەشی بخاتە ئەستۆی ژنە پرسی:

― ئەوە چییە هێناوتن بیانشۆیت؟ بەڕاستی زۆر چڵکنن، ڕەوای هەق نییە ئەم کانی و ئاوەتان لەبن دەستەوە بێت و مناڵەکانیشت وا پیس بن.

― شتنی چی کاکی خۆم تەیارە هاتووە تەیارە، هەر ئەوەندەت زانی گەڕایەوە سەرمان. ئای هەژبەسەرم ئەوە گرمەی بۆمبایە. تۆ گوێ بگرە گوێ بگرە! ئەوە دوو، خوا ئەزانێ ماڵی کێی وێران کردبێت. لەگەڵ قسەکەیا گڤەی فڕۆکەیان پتر لێ نزیک بووەوە تا لەپڕ وایان زانی بەسەر سەریانا تێ ئەپەڕێت، تەنانەت ژنەکە سەریشی دانەواند وەیزانی وا نەکات بەر سەری ئەکەوێت. گڤە و هاڕەی فڕۆکەیان لە گوێ نەچووبووە دەرێ دیسانەوە هاتەوە بە سەریانا تێپەڕ بوو. لەگەڵ تێپەڕبوونیا دوو گرمەی زل و لەرینەوەی ئەرزەکە تێی گەیاندن کەوا لە نزیک ئەوان بۆمباکانی داوە بە زەویدا. جگە لەمە لەبەر چاڵاییی شوێنەکەیان چاویان لە هیچ نەبوو.

ژنە لەگەڵ گرمەی بۆمباکان زریکانی وتی:

― ئەی ماڵی وێرانم بە خوا بەر چایخانەکەمان کەوت! چاوی بەد پێکاینی! پەلی مناڵەکانی بەر دا و وەکوو شێت ڕای کرد بۆ لای چایخانەکە.

جوامێر تەکانی دایە خۆی پێی نەگیرایەوە، وەک تیسکەی تفەنگ بۆی دەرچوو. ئەوەندەی نەخایان فڕۆکە بۆرین گەڕایەوە ئەمجا لە پێشەوە بە شەستیر کەوتە دەسڕێژکردن، دوایی بۆمبایەکی بەردایەوە و لێی دا ڕۆیشت، هەمووی چەند دەقیقەیەکی خایان. جوامێر پەلی مناڵەکانی گرت، بچووکەکەیانی هەر لە لانکەکەیا جێ هێشت لەسەر کانییەکە. کە هاتە سەر بەرزایییەکە تەماشای کرد چایخانەکە وا هەڵتەکاوە داری بەسەر بەردییەوە نەماوە، ژنە چایچییەکەش لەبەر دەمیا لەپەوڕوو کەوتووە.

وای زانی بۆ خۆپاراستن لە دەستڕێژی فڕۆکە خۆی مەڵاس کردووە. بانگی کرد:

― هەستە خوشکم بۆردومان نەما!

کە دی جووڵەی نەکرد، ڕای کردە لایەوە. تەماشای کرد گوللەیەک داوێتی لە مووڕەگەی پشتی تێکی شکاندووە و گیانی لەبەر بڕیوە. دوو مناڵەکە، کەوا لە تەمەنی ٨ و ١٠ ساڵیدا بوون، کەوتنە زاک‌وزریک، جوامێر لەجێی خۆی تا چەند دەقیقەیەک وەک نەمام چەقی. لەپاشا لاشەکەی هەڵگێڕایەوە سەر پشت، دی دەستی قووچاوە پریاسکەیەکی تیایە، تێگەیی کەوا چی بوو بەهۆی کوژرانی. بێگومان چەند دینارێکی پاشەکەوتیان هەیە هەڵیان گرتووە بۆ ڕۆژی ڕەش! ئاخۆ لە بنمیچ یا چ کونێکی چایخانەکەدا قایمی کردبێت و ئێستە ترسابێ کە چایخانەکە بڕووخێ یا بسووتێ ڕەنج‌بەبا بن، وا ژیانی خۆی لە ڕێگەدا دانا. بەڵام ئێستە جوامێر چی بکات؟ خۆ دانانیشێت بە دیار ئەم مناڵانە و لاشەی دایکیانەوە. ئەی خۆ هەروا بەجێشیان ناهێڵێت، لەم بیرکردنەوەیەدا بوو تەماشایەکی ئەملا و ئەولای کرد، دی لاشەی سێ زەلامی تر و چوار وڵاخی بە درێژاییی ڕێگاکە کەوتوون.

"ئێی کەواتە فڕۆکەکە ئەم ڕێبوارانەی بەدی کردووە وا کردی بەو کارەساتە.

دەک داوەشێی میری بۆ خۆت و ڕەفتارت."

جوامێر لە یەکێ لە مناڵەکانی پرسی، کە بەسەر لاشەی دایکەکەیانا ئەگریان:

― هیچ خزمێ، کەسێکتان نییە لەم نزیکانە؟

مناڵەکە بەهەنسکەوە وتی:

― ماڵی بابە گەورەم لە «ن...»ـە.

― باشە ئەگەر نزیکە بچۆ بانگیان کە، وا منیش ئەچم مناڵە شیرەخۆرەکە ئەهێنمە ئێرە.